فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی هاوبەش بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار (١٤٠٤)
هەینی ۲۹-۰۱-۱۴۰۴   |  18-04-2025

ڕاگەیاندنی هاوبەشی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حێکمەتیست بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار (١٤٠٤)

ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی ڕەزمی چینایەتیی کرێکاران لەدژی نیزامی سەرمایەداری و ڕۆژی ئیعترازی چینی کرێکار بە موناسباتی دژەئینسانیی نێوان کار و سەرمایە لە سەرتاسەری جیهانە. هەموو ساڵێ لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەیدا، چینی کرێکار بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێناسەی نەتەوەیی و ئایینی لە هەموو گۆشەیەکی جیهان هاوکات ئیعترازی خۆی لەدژی گشت نیزامی سەرمایەداری بە دەنگی ڕەسا دەردەبڕێت. ڕۆژی یەکی مەی ڕۆژی نیشان دانی ناڕەزایەتیی ئێمە کرێکاران لە دژی ئەم ژیانە دژوارە و لەدژی بەربەرییەتێکە کە سەرمایەداری بەسەر مرۆڤایەتیی ئەم سەردەمەیدا سەپاندووە.

ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لە یەکی مەی نزیک دەبینەوە کە لەگەڵ شکستی سیاسەتە ئیولیبڕالییەکان و پەرەسەندنی کێبرکێی جەمسەرەکانی سەرمایەداری، لەگەڵ درێژە و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و گرژیی نێوان دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری، حاکمان و خاوەنانی سەرمایە بە فشارێکی هەرچی زیاترەوە، چەوساندنەوەی هێزی کار درێژە دەدەن. کرێکارانیان ناچار بە تەحەمولی بارودۆخی دژوارتر و سەعات کاری زیاتر و حەقدەستی کەمتر کردووە. ئەمڕۆ لە سیستەمی سەرمایەداریدا گەشەی تەکنەلۆژی و پێشکەوتن لە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرددا، لەبری ئەوەی بۆ خزمەتکردنی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی کرێکاران بەکاربهێنرێت، بووەتە بیانوویەک بۆ بێکارکردن و ئامرازێک بۆ کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە لەدەستی سەرمایەداراندا. لەلایەکی دیکەشەوە، دەسەڵاتدارانی سەرمایە لەپێناوی کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایەدا، بە داگیرساندنی شەڕ و کوشتنی سەدان هەزار ئینسان و وێرانکردنی شار و گوندەکان و ئاوارەیی ملیۆنان ئینسانی دیکە، ژیانی مرۆڤایەتییان کردووەتە جەهەنەم. بەربەریەتی ڕاستەقینەی سیستەمی سەرمایەداری و ئاکامی هێرشی سەرمایە و توندبوونەوەی کێبڕکێی نێوان جەمسەرە سەرمایەدارییەکان، بووەتە هۆی هەژاری و بێکاری و گرانیی زیاتر.

بزووتنەوەی کرێکاری ئێران یەکێک لە زیندووترین و پڕ جموجۆڵترین بزووتنەوە کرێکارییەکانی جیهان بووە. ئەم بزووتنەوەیە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە ڕێکۆردی ڕوو لە گەشەی پتر لە هەزار و ٥٠٠ مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری، خەباتی خۆی لە دژی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە درێژە داوە. کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا لەڕێگەی زاڵکردنی کەشی ئەمنیەتی و نیزامی بەسەر کارخانەکان و ناوەندەکانی کار، بە وەحشیانەترین شێوە هێزی کاری چەوساندووەتەوە. ئەم ڕژێمە دژە کرێکارە، کرێکاران ناچار دەکات بە کەمترین حەقدەست و بە کەمترین ئیمکاناتی ئیمەنییەوە کار بکەن. تا جێیەک کە ناوەندەکانی کار بەتایبەت کانەکانی ئێران بوونەتە قەتڵگای کرێکاران. لە کاتێکدا کە سەبەدی بژێوی بنەماڵەیەکی کرێکاری گەیشتووەتە ٥٠ ملیۆن، بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و توانای کڕینی کرێکاران ڕۆژانە کەم دەبێتەوە، لە هەلومەرجێکی وادا “شۆرای باڵای کار”ی ڕژیم لانیکەمی حەقدەستی ئەمساڵی، سێ هێندە خوارتر لە هێڵی هەژاری دیاری کردووە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی ٤٦ ساڵ تەمەنی دەسەڵاتە نگریسەکەی، لە ڕێگەی سەرکوت و سیاسەتی دژە کرێکارییەوە هەوڵی پێشگرتن لە ڕێوڕەسم و کۆبوونەوەکانی یەکی مەی داوە و هەرچەشنە کردەوەیەکی چالاکانی کرێکاری لەم بوارەدا بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت دەکات. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، شایەدی پەرسەندنی ناڕەزایەتی کرێکاران و مامۆستایان و پەرستاران و خانەنشینان بووین، کە زۆرجار مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان بەشێوەی هاوئاهەنگ لە شارە جۆراوجۆرەکاندا بەڕێوە بردووە. بەڵام ئێستا هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە و پێویستە ئەمساڵ لە ئەوەڵی مانگی مەیدا بۆ جارێکی تر داخوازییەکانی خۆمان و گشت کۆمەڵگا لەدژی نەهامەتییەکانی نیزامی سەرمایەداری ڕاگەیەنین و بەهەر شێوەیەک کە بۆمان دەگونجێت لە شار و گەڕەکە جۆراوجۆرەکان، بە بەڕێوەبردنی مەراسمەکانی یەکی مەی، ڕێز لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار بگرین.

لە کوردستانی شۆڕشگێڕ لە ئێران، لە سەرەتای ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧وە بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی کرێکار بووەتە سوننەتێکی جێکەوتوو و کۆمەڵایەتی. لەماوەی ساڵانی دەسەڵاتداری ڕژیمی دژەکرێکاری ئیسلامیدا، هەڵسووڕاوانی چەپ و سۆسیالیست، ناوەند و ڕێکخراوە کرێکارییەکان بە فیداکاری و گیانفیدایی، بە خۆڕاگری لە بەرامبەر هێزە سەرکوتگەرەکان و بەکرێگیراوانی مەحەلی، بە داهێنان و دەستپێشخەریی خۆیان، هەوڵیانداوە ڕێوڕەسمەکانی یەکی مەی لە ناوەوەی شارەکان، لە پاساژەکان، لە مەیدان و پەراوێزی شارەکان، لەسەر کێوەکان و لە گوڵگەشتەکان و لە هەر شوێنێک کە بۆیان دەگونجێت، سەرەڕای سەرکوتگەری و فشاری دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، بەڕێوەبەرن.

لەئێستادا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی لاوازی و شکستدایە، تا جێیەک کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی تەسلیمی مەرجەکانی ترامپ بووە و سەرەڕای تەبلیغاتی بێ بنەما و چەندین ساڵەی خامنەیی مەجبوور بووە بچێتە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، لە وەها بارودۆخێکدا پێویستە ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵ ببێتە دەرفەێتک بۆ پەرەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتی لەدژی کۆماری ئیسلامی و هەموو نیزامی کاپیتالیستی. لەئێستادا کە بە بەرینایی کۆمەڵگا، شایەدی پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی ڕۆژانە لەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و شایەدی گۆڕانی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەڵکی ناڕازین، پێویستە بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی هاوپشتیی نێونەتەوەیی چینی کرێکار، بۆ بەڕێوەبردنی مەراسمی عەلەنی و جەماوەری لە هەر ئاستێکدا کە بۆمان دەگونجێ هەوڵ بدەین و بە گەڵاڵەکردنی داخوازییە ڕەواکان، دەنگی ناڕەزایەتیمان لەدژی هەموو جۆرەکانی چەوسانەوە و هەڵاواردن و نابەرابەری بە گوێ هەموو جیهان بگەیەنین. پیرۆزبایی ئەوەڵی مانگی مەی لە هەموو کرێکارانی جیهان، بەتایبەت کرێکارانی ئێران و کوردستان دەکەین و بە بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی لە هەموو شوێنێک ڕۆژی جیهانیی کرێکار بەرز ڕادەگرین.

بژی ئەوەڵی مانگی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکار

بژی سۆسیالیزم!

بەرقەرار بێ دەسەڵاتی شۆرایی!

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان،

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

 و کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حێکمەتیست

گوڵانی ١٤٠٤ی هەتاوی



بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpirn