
کرێکارانی جیهان لە کاتێکدا پێشوازی لە ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی هاوپشتیی چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستیی خۆیان دەکەن کە نیزامی سەرمایەداری بێجگەلە پەرەپێدانی چەوساندنەوە و هەرزانکردنی هێزی کار و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و شەڕ و ئاوارەیی و لەناوبردنی ژینگە، هیچ ئاسۆیەکی بۆ داهاتووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نییە. دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان زیاتر لە ڕابردوو بوونەتە ئامرازی هێرشی سەرمایە بۆ سەر کار و ژیانی کرێکاران، بۆ سەر ئازادییە سیاسییەکان، بۆسەر بەها ئینسانییەکان و دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمڕۆ لەژێر موناسباتی سەرمایەداری و لە جەرگەی هەوڵی بێوچانی سەرمایە بۆ بەدەستهێنانی سوود لە کەمترین کاتدا، ئەگەرچی گەشەی تەکنۆلۆژی، کامپیوتێریزەکردنی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بەوپەڕی خۆی گەیشتووە، بەڵام بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت لە سەرتاسەری جیهان قووڵتر بووەتەوە، ژینگەی ئینسانەکان کەوتووەتە ژێر مەترسیی نابوودییەوە و ملیۆنان ئینسان لە هەر پێنج قارەکەی جیهان لەگەڵ بێکاری و هەژاری و نائەمنی بەرەوڕوون. لە سایەی نیزامی سەرمایەداریدا جینوسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمریکا و دەوڵەتە ئورووپاییەکان لە غەززە بە ئامانجی لەناوبردنی نەتەوەی فەلەستین درێژەی هەیە. شەڕی ناتۆ و ڕووسیە لە ئۆکراین هەموو ڕۆژێ قوربانیی تازەی لێدەکەوێتەوە. لە سوودان کارەساتی ئینسانی لە حاڵی ڕووداندایە و مەترسیی شەڕ، قاتی و ئاوارەیی و پەرەسەندنی ڕەوتە فاشیستەکان سێبەری بەسەر زۆر شوێنی جیهاندا کێشاوە.
چینی کرێکاری ئێران لە بارودۆخێدا لە ئەوەڵی مانگی مەی، ئەم هێما چنیایەتییەی کرێکارانی جیهان، پێشوازی دەکات کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بە داسەپاندنی حەقدەستی چەند قات ژێر هێڵی هەژاری، بە هێرش بۆسەر سفرەی بەتاڵی بنەماڵە کرێکارییەکان، بە پەرەپێدانی شیرکەتە پەیمانکارییەکان و بە ڕەواجدانی قەراردادی کاتی و سپی ئیمزا و بە نابوودیی ئەمنیەتی کار و بە بردنەسەری ژمارەی قوربانییانی ڕووداوەکانی شوێنی کار، بارودۆخێکی دژواری بەسەریاندا سەپاندووە. چینی سەرمایەدار و دیکتاتۆری ئایینیی دەسەڵاتدار، بە داسەپاندنی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، لەڕاستیدا ئاکامەکانی قوڵبوونەوەی قەیرانی سەرمایەداری و بنبەستی سیاسەتە نیولیبڕاڵییەکان، لەناوچوون و داخرانی یەک لە دوای یەکی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و ئاکامەکانی پەرەسەندنی گەمارۆ نێونەتەوەییەکانی خستووەتە سەر شانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا.
لەسەر بەستێنی ئەم بارودۆخە دژوارە ئابوورییە، ئەم هەژاری و گرانییە بێوێنەیە، شەپۆلی ئێعدامەکان، ڕەشبگیریی چالاکانی کرێکاری، ژنانی پێشڕەو، خوێندکارانی تێکۆشەر، موعەلیمان، خانەنشینان، نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەوانانی بەڵێندار، ژینگەپارێزان، دایکانی دادخواز و هیتر، بێ پسانەوە درێژەی بووە. زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی پڕن لەو تێکۆشەرانەی کە تاوانیان بەرگری لە ئازادی و ژیانێکی ئینسانییە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی خەریکی خواردنەوەی جامی ژەهری تەسلیمبوون لە بەرامبەر ئەمریکادایە، بەڵام ڕوو بە کرێکاران و خەڵکی ئێران چەکی لە ڕووەوە بەستووە. حکوومەتی سەرمایەداران، بەپێی سرووشتە چینایەتییەکەی، بە خەیاڵی خۆی لە ڕێگەی سازان لەگەڵ دوژمنی دەرەکییەوە، دەتوانێ دوژمنی ناوخۆیی شکست بدات. بەڵام ڕژیم، سەرەڕای پەرەپێدانی سەرکوت و پێکهێنانی ئاسەنگیی گەورە بۆ هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، هیچ کات نەیتوانیوە کۆمەڵگا چاوترسێن بکات. بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران بە پشت بەستن بە کۆمیتەکانی کارخانە و کۆمیتەکانی مانگرتن و ڕێبەرانێک کە لە جەرگەی خەباتی خۆیدا پەروەردەی کردووە، بە زیاتر لە دوو هەزار مانگرتن و ناڕەزایەتی لە ساڵدا، هەروا پڕ ئیعترازترین و پڕ جموجۆڵترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ئێرانە و بەردەوام کاریگەریی لەسەر گشت کەشوهەوای سیاسیی ئێران داناوە. ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە، هێمای هوشیاریی چینایەتی و ئیرادەی کرێکاران بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێرشی هەمەلایەنەی دەوڵەت و سەرمایەدارانە. ژنانی ئازادیخوازی ئێران بە خۆڕاگریی کەم وێنەیان بەرامبەر بە حیجابی ئیجباری و باقیی یاساکانی پڕ لە جیاکاری و دژەژنی کۆماری ئیسلامی و فەرهەنگی باوک – پیاوسالاری و بە بەشدارییان لەڕیزی خەباتی خانەنشینان، موعەلیمان، خوێندکاران و دایکانی دادخواز، بەرەو گرتنەوەی سەنگەرە تازەکان هەنگاو دەنێن. بزووتنەوەی خوێندکاری وەک توێژی هەستیاری کۆمەڵگا بە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەمنیەتی کردنی فەزای زانکۆکان و بە پێداگری لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین و بیروبۆچوون، هەروا ئاڵای خەباتی ئازادیخوازییان بەرز ڕاگرتووە. زیندانییانی سیاسی بە درێژەدانی هەڵمەتی نا بۆ ئێعدام، زیندانیشیان کردووەتە سەنگەری خەبات لەدژی سزای ئێعدام و سەنگەری بەرگری کردن لە ئازادیی زیندانییانی سیاسی.
لە کاتێکدا کە گروتینی خەباتکارانە سەرتاسەری کۆمەڵگای داگرتووە، چینی کرێکار لە ئەوەڵی مانگی مەیدا جیا لە ڕاگەیاندنی خەباتی خۆی لەدژی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری و گەڵاڵەکردنی داخوازییە خێراکانی، پێوسیتە بە تەئکید کردن لەسەر خواستی ئازادی و بەرابەری، ڕزگاریی ژن لە بەندی ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزی و ڕزگاریی نەتەوەکان لە بەندی ستەم لە بڕیارنامەکانی خۆیدا، هەنگاوێکی بەرز لەپێناوی پەیوەندی و هاوپشتی هەرچی زیاتر لەگەڵ بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان هەڵگرێت. هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری وەک بەشێک لە کاری تەداروکاتیی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی مەراسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، پێویستە سەرەنجی جەماوەرێکی هەرچی زیاتر لە کرێکاران بەرەو گرینگیی پەرپێدانی ڕێکخستنی چینایەتی و تەحەزوبی کرێکاران ڕابکێشن. کرێکاران کە بەخاتری پێگەیان ناتوانن تەنیا تەماشاچیی ئەو هەمووە زوڵم و زۆر و نابەرابەرییە بن، پێویستە لە حیزبی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستیی خۆیاندا موتەشەکل بن.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە هەموو کرێکاران و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب، لە هەموو ئەو ئینسانانەی کە لە هەژاری و بێبەشی، لە زوڵم و زۆر و نایەکسانی و لە ستەم و سەرکوت وەگیان هاتوون، داوا دەکات کە ڕێوڕەسم و کۆبوونەوەکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکار بەرابەر لەگەڵ ١١ی مانگی گوڵان بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن، بەتایبەت لە شەقام و مەیدانەکانی شار، پڕگڕوتین بەڕێوەبەرن. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ئەنترناسیۆنالیستیی کرێکاران، ڕۆژی جیهانیی کرێکار، هێمای یەکڕیزی و هاوپشتی چینایەتی، لە هەموو کرێکاران پیرۆزبایی دەکات و تێکۆشانی دڵسۆزانە و ماندوویی نەناسانەی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری لەپێناوی ڕێکخستن و یەکگرتوویی ڕیزەکانی کرێکاران بەرز دەنرخێنێت.
بژی ئەوەڵی مانگی مەی، ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی کرێکاران
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی سەرمایەداران
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
گوڵانی ١٤٠٤ی هەتاوی
ئاپریلی ٢٠٢٥ی زایینی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran