
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٩ی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی (١٨ی ئاپریلی ٢٠٢٥)، مامۆستا عومەر عەسری، لە تێکۆشەرانی دێرین و کەسایەتیی ناسراوی کوردستان، بەدوای ماوەیەک نەخۆشیدا، لە شاری وستروس لە وڵاتی سۆئێد ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
مامۆستا عومەر، چالاکیی سیاسی خۆی لە ساڵەکانی دەیەی چلی هەتاوی و لە سەردەمی ڕژیمی شاوە دەستپێکرد. ئەو لەو ساڵانەدا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەرانی سیاسیی دیکە بە تاوانی چالاکیی سیاسی دەستگیر و خرایە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری ڕژیمی دیکتاتۆری پەهلەوییەوە و بۆ ماوەیەک زیندانی کرا. مامۆستا عومەر لە درێژەی چالاکیی سیاسی خۆیدا، لە سەروبەندی ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧یش ڕۆڵێکی چالاکی لە ڕێکخستنی ئیعترازات و بەڕێوەبردنی میتینگ و کۆبوونەوە سیاسییەکان لە شاری بۆکان و دەوروبەر بینی. پاش ڕووخانی ڕژیمی دیکتاتۆری شا لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە لە چالاکانی سیاسی لە پێکهێنانی ستادی شۆڕشی شاری بۆکان و شۆرای شاردا دەورونەخشی هەبوو. ئەو وەک ئەندامێکی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین لە ڕووداوە سیاسییەکانی شارەکانی کوردستاندا بەشداریی دەکرد. هەروەها یەکێک لە ئەندامانی پێکهێنەری “جەمعیەتی دیفاع لە زەحمەتکێشان و مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کورد” لە شاری بۆکان بوو. مامۆستا عومەر دوای هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر شاری بۆکان و داگیرکرانی ئەمشارە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، لەگەڵ پێشمەرگەکان لە شار چووە دەرێ و وەک یەکێک لە ئەندامانی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حسێنی چالاکییەکانی درێژەدا.
نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات، بە بۆنەی کۆچی مامۆستا عومەر عەسری پڕ بە دڵ سەرەخۆشی دەکات لە ئەندامانی بەڕێزی بنەماڵەکەی بەتایبەت برای خۆشەویستی هاوڕێی خەباتکار عوسمان ڕەمەزانی و سەرجەم دۆستان و هاوڕێیانی و خۆی بە شەریکی غەمیان دەزانێت. یادی بەرز و بەڕێز بێت.
نوێنەرایەتیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە دەرەوەی وڵات
٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٩ی ئاپریلی ٢٠٢٥ی زایینی