
ڕۆژی شەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بە هەزاران کەس لە سەرتاسەری شارەکانی ئەمریکا، لەدژی سیاسەتەکانی دوناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هاتنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بە هەزاران کەس لە بەردەم کۆشکی سپی لە واشینگتۆن، خۆپیشاندانیان کرد و ترەمپیان بەوە تۆمەتبار کرد کە بە شێوەی تاکڕەوانە حوکمڕانیی دەکات و بەبێ ڕێوشوێنی پێویست بیانییەکان دیپۆرت دەکاتەوە. هاووڵاتییان هەروەها دروشمی “نا بۆ پاشایەتی” و”بیانهێننەوە ماڵەوە” کە ئاماژە بەو کۆچبەرانە دەکات کە بە شێوەی نایاسایی دیپۆرت کراونەتەوە بەرز کردەوە. ناڕازییان دەشڵێن: ئەوانەی دیپۆرتکرانەوە بۆ سەلڤادۆر، مافی خۆیان لێ زەوت کرا، دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە بەم زووانە هاووڵاتیانی دیکەش لە مافەکانیان بێبەش دەبن. هەروەها چەندین خۆپیشاندانی دیکە لە نیویۆرک بەڕێوەچوو کە تێدا بە سەدان کەس لە بەردەم کتێبخانەی گشتیی نیویۆرک کۆببوونەوە.