فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکار، پێویستیی بردنەسەری ئاستی ڕێکخستنی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران
یەکشەممە ۳۱-۰۱-۱۴۰۴   |  20-04-2025

لە سەروبەندی ١١ی گوڵان ڕۆژی جیهانیی کرێکار و لە جەرگەی بارودۆخی دژواری ئابووری و هەژاری و گرانییەکی بێوێنە کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بەسەر کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێرانیدا سەپاندووە، شەپۆلی ئێعدامەکان، ڕەشبگیریی چالاکانی کرێکاری، ژنانی ناڕازی، خوێندکارانی تێکۆشەر، مامۆستایان، خانەنشینان، نووسەران و ڕۆژنامەوانانی بەڵێندار، ژینگەپارێزان، دایکانی دادخواز و هیتر بێ پسانەوە درێژەی هەیە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی خەریکی خواردنەوەی جامی ژەهری تەسلیمبوون لە بەرامبەر ئەمریکادایە، بەڵام ڕوو بە کرێکاران و خەڵکی ئێران چەکی لە ڕووەوە بەستووە. حکوومەتی ئیسلامی، بە خەیاڵی خۆی لە ڕێگەی سازان لەگەڵ دوژمنی دەرەکییەوە، دەتوانێ دوژمنی ناوخۆیی شکست بدات. بەڵام ڕژیم، سەرەڕای پەرەپێدانی سەرکوت و پێکهێنانی ئاستەنگیی گەورە بۆ هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، نەیتوانیوە کۆمەڵگا چاوترسێن بکات. بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران بە پشت بەستن بە کۆمیتەکانی کارخانە و کۆمیتەکانی مانگرتن و ڕێبەرانێک کە لە جەرگەی خەباتی خۆیدا پەروەردەی کردووە، بە زیاتر لە دوو هەزار مانگرتن و ناڕەزایەتی لە ساڵدا، هەروا پڕ ئیعترازترین و پڕ جموجۆڵترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ئێرانە و بەردەوام کاریگەریی لەسەر گشت کەشوهەوای سیاسیی ئێران داناوە.

ئەم ڕەوتە ڕوو لە گەشەیەی خەباتی کرێکاری کە سەرەڕای هەوراز و نشێوەکانی لە ناوەڕاستی دەیەی ٨٠ی هەتاوییەوە دەستپێکردووە و درێژەی بووە، ڕیشەی لە ئاڵوگۆڕی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای ئێراندایە. شەپۆلی بەرینی کۆچکردنی زەحمەتکێشان و بەشمەینەتانی گوندەکان بەرەو شارەکان لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوو بەهۆکاری وشکەساڵی یەک لە دوای یەک و سیاسەتی دژی ژینگەی ڕژیمی ئیسلامی، نیشتەجێ بوونیان لە پەراوێزی شارەکان کە بێجگەلە فرۆشتنی هێزی کار هیچ ڕێگایەکی دیکەیان بۆ دابینکردنی ژیانیان نەبوو، ژمارەی کرێکارانی ئێرانی زیاتر لە دوو هێندە کردووە. لەلایەکی دیکەوە ڕەوتی گەشە و پەرەستاندنی سەرمایەداریی ئێران سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە پێکهاتەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئیداریی دەسەڵاتدار بۆی پێکهێناوە و درێژەی ڕەوتی سەنعەتی بوون، ژمارەی کرێکارانی ناوەندە سەنعەتییەکانی چند بەرابەر کردووە. ئەم ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییە لەلایەکەوە و سیاسەتی دژەکرێکاری و هێرشی ڕێکخراوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک خاوەنکاری گەورە و سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت لەماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوو بۆ هەرزان کردنی هێزی کار لەلایەکی دیکەوە، بەستێنەکانی ئەم بزووتنەوە مەزنەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی لەماوەی پتر لە یەک دەیە و نیوی ڕابردوودا پێکهێناوە. ئەگەر گەشە و سەقامگیربوونی موناسباتی سەرمایەداری لە دەیەی چلی هەتاوی و دوای ڕێفۆرمی ئەرزی ڕەنگدانەوەی خۆی لە ڕۆڵی چینی کرێکاری ئێران لە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا نیشان دا، ئاڵوگۆڕەکانی سێ دەیەی ڕابردوو و ڕەوتی گەشەی موناسباتی سەرمایەداری و سەنعەتی بوون لەئێستادا خۆی لە جموجۆڵی چەند بەرابەر بەهێزتری بزووتنەوەی کرێکاریدا نیشان دەدات. ئەم خەباتە ئابوورییەی کرێکاران گەلێک جار بە بەرزکردنەوەی ئاڵای خەبات دژی بەتایبەت کردن، دژی یاسای حەقدەست، دژی شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیم، دژی گەڵاڵەی بوودجە، لەدژی زیندانی کردنی چالاکانی کۆمەڵایەتی و لەدژی شەڕخوازیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئاوێتەی خەباتی سیاسی بووە. ئەم بزووتنەوە مەزنەی مانگرتن هێزی یەکگرتوویی بە کرێکارانی نیشان داوە، فێریانی کردووە کە بەرەنگاری دەوڵەت و سەرمایەداران ببنەوە، نیشانی داوە کە چۆن هێزی کاری ڕێکخراو دەتوانێ بۆ سەرمایە ترسناک بێت.

سەرەڕای ئەم بەئاگاهاتنەوە چینایەتییە، چینی کرێکار بەهۆی  هەژاری و ئەو ئاستەنگە گەورانەی کە لە ڕێگای ڕێکخستنی جەماوەری و چینایەتیدا هەن هەتا ئێستا نەیتوانیوە لەئاستی کۆمەڵایەتیدا وڵامی پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیە بداتەوە. بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی قووڵبوونەوەی قەیرانی سەرمایەدرایی ئێران و بەسەرەنجدان بە بەرینایی هەژاری و نەهامەتی ئابووریی ئێستا و درێژەی هێرشی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران و سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران، ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری بەناچار درێژەیان دەبێت و پەرە دەستێنن. چینی کرێکار لەسەر بەستێنی بەردەوامبوونی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و بە پشت بەستن بە توێژێکی بەرین لە هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی خۆی کە لە کۆمیتەکانی کارخانە و کۆمیتەکانی مانگرتندا ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاریدا هەبووە و بە ڕێکخستنی کۆبوونەوە گشتییەکان و بە دەخاڵەتدانی کرێکاران لە بڕیاردانەکان ئاراستەی شۆراییان لەناو ئەم بزووتنەوە چینایەتییەدا بەهێز کردووە، دەتوانێ بەسەر کەموکوڕییەکانی لەبواری ڕێکخستنی جەماوەری و چینایەتیدا زاڵ بێت. ڕێکخستنی جەماوەریی کرێکاران لە قۆناغی شۆڕشگێڕانە و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بەقازانجی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، مەرج نییە تەنها پڕۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاو بێت، بەڵکوو دەتوانێ بەشێوەی خێرا و بەتەوژم ڕەوتی پێگەیشتنی تێپەڕێنێ.

چینی کرێکاری ئێران بەم پێشینە و پێگەیەوە، لە بارودۆخێکی تایبەتدا پێشوازی لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەکات. لە بارودۆخێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی شکستی یەک لە دوای یەکی بەسەردا سەپاوە، لە هەموو لایەکەوە بەرەوڕووی بنبەست و ئاستەنگی بووەتەوە و لە وڵامدانەوە بە داخوازیی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکە بێتوانا و داماوە. ئەم ڕژیمە بە دیاری کردنی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری هێرشێکی تازەی بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران دەستپێکردووە و لەژێرناوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناهەنجارییەکان، شەڕ دژبە ژنانی ئازادیخواز و بێحیجابی بردووەتە قۆناغێکی نوێوە. چینی کرێکار بە پشت بەستن بە یەکگرتوویی کرێکارانی پێشڕەو و سۆسیالیستەکانی ناو ڕیزەکانی خۆی پێویستە لە ئەوەڵی مانگی مەیدا هاوکات ئاڵای نا بۆ شەڕ و کێشمەکێشی کۆنەپەرستانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، نا بۆ هێرش بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران، نا بۆ شەڕ بەرامبەر بە ژنان، نا بۆ سزای ئێعدام، بەهێزێکی زیاترەوە بەرز بکاتەوە.

لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ١١ی گوڵان، کرێکارانی ئێران بە پشتیوانەی وشیاری چینایەتی و پێشڕەوان و ڕێبەرانێک کە لە ڕیزەکانی خۆیاندا پەروەردەیان کردووە و بە پشت بەستن بە دەستکەوتەکانی خەباتی پڕسۆزیان بۆ جارێکی تر بڕیاری خۆیان بۆ درێژەی خەبات دژبە سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان ڕادەگەیەنن. هاوڕێیانی کرێکار خواستی حەقدەسەتی گونجاو بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی بۆ هەموو کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشین، دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ هەموو کرێکارانی بێکار دەخەنە سەرووی بڕیارنامەکانیان. هاوڕێیانی کرێکار لەم ڕۆژەدا و لە بڕیارنامەکانی خۆیاندا بۆ جارێکی دیکە لەسەر ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی هەموو زیندانیانی سیاسی، ئازادیی بێ شەرت و مەرجی عەقیدە و ڕادەربڕین و بیرکردنەوە، چاپەمەنی، تەحەزوب، و پێکهێنانی ڕێکخراو، هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی دەرکردن و بەکردەوە دەرهێنانی سزای ئێعدام، ڕاگەیاندنی بەرابەریی تەواوی مافی ژن و پیاو لە هەموو بوارێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و بنەماڵەیی، هەڵوەشاندنەوەی بێ شەرت و مەرجی یاسا و سیاسەتی هەڵاواردن دژبە ئاراستەی جنسی و جنسیەتی، جودایی دین لە دەوڵەت، دابینکردنی ئیمەنی کار و ئەمنیەتی پیشە، هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی پارێزەری هەڵاواردن و ستەمی نەتەوەیی و ئایینی، کۆتایی هێنان بە لەناوبردنی ژینگە، قەدەغەکردنی کاری منداڵان و دابینکردنی ژیان و پەروەردەی بەخۆڕایی تەئکید دەکەن. ڕۆژی یەکی مەی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای ئەم داخوازییانە دەتوانێ ڕۆژی ڕاگەیاندنی بڕیاری کرێکاران بۆ گەشەپێدانی خەباتی شۆڕشگێڕانە لەپێناوی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران بێت.