فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی ڕێکخراوە سەربەخۆکان بۆ مەحکووم کردنی ڕێککەوتننامەی وەزارەتی پەروەردە و هێزی ئینتزامی
چوارشەممە ۰۳-۰۲-۱۴۰۴   |  23-04-2025

چوونی پۆلیس بۆ ناو خوێندنگاکان بۆ سەرکوتکردنی خوێندکاران و مامۆستایانە!

لە بارودۆخێکدا کە وەزارەتی پەروەردە وەک دامەزراوەی بەرپرسی پەروەردەی خوێندکاران، کە بریتین لە منداڵ و تازەلاوان و گەنجان ، ناتوانێ ئەرکی خۆی لە دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی ئەمن و ستاندارد و شاد بە جێ بێنێت. وە لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ چوونەسەری لەڕادەبەدەری خەرجی خوێندن و بەهۆی هەژارییەکی بەرین کە بەسەر خەڵکدا سەپاوە زۆرێک لە خوێندکاران لە چەرخەی خوێندن دەچنە دەر، لە درێژەی ئەم بێتوانایی و بێ کفایەتییەدا، وەزارەتی پەروەردە لە هاوپەیمانییەکی ناموبارەکدا لەژێرناوی “تەفاهومنامە”، لەگەڵ ناوەندێک هاوئاراستە و هاودەنگ بووە کە بێجگەلە سەرکوت و توندوتیژی و زەوتکردنی ماف و ئازادییە ڕەواکانی هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا، شتێکی تری لە کارنامەدا نییە. بە جێبەجێکردنی وەها پلانێکی سەرکوتگەرانە، خوێندنگاکان دەبنە شوێنی هەڵسووکەوتی ئەمنی و نیزامیگەری و توندوتیژی و سەرکوت بەرامبەر بە خوێندکاران و مامۆستایان و هیچی تر.

ئامانجی ئەم پڕۆژەیە ڕوونە: چونکە دەوڵەت و وەزارەتی پەروەردە، خوێندکارانی مەدرەسەکان کە توێژێک لە لاوان و تازەلاوانی بەسۆز، پرسیارکەر و ناڕازی و جەسوور لە خۆدەگرێت، بە چاوی مەترسی و هەڕشە چاو لێدەکەن. بەتایبەت بزووتنەوە ئیعترازییەکانی ئەم دواییە و بەشداریی بەرینی خوێندکارانی ناڕازی لە ئاستی شەقامەکان و ناوەندەکانی پەروەردە، دەسەڵاتی زیاتر ترساندووە. هەر بۆیە ئەم دوو دامەزراوەیە سەرەڕای جیاوازی ئەرکەکانیان، دەبنە دوو باسکی سەرکوتکردنی حکوومەت کە هەم دەیانەوێت لە ڕێگەی پەروەردەی ئایدیۆلۆژیکی ژەهراوییەوە دەروون و مێشکی خوێندکارانی لاو کۆنتڕۆڵ بکەن و هەم لە ڕێگەی میلیتاریزەکردنی خوێندنگاکانەوە، فەزایەکی نائەمن پێکبهێنن. نیزامی سیاسیی دەسەڵاتدار، ئەم ڕێککەوتنامە ئەمنیەتیەی نێوان هێزی ئینتزامی و وەزارەتی پەروەردە، لە درێژەی سیاسەتە دژە پەروەردەییەکانی لەوانە ژەهراویکردنی خوێندکاران، زیندانی کردنی مامۆستایانی بەڵێندار و هوشیار و دامەزراندنی تەڵەبە لەجیاتی مامۆستا، بەڕێوە دەبات. ئەزموونی مێژوو ئەوەمان بۆ دەردەخات کە حکوومەتە پاوانخوازەکان هەمیشە سێبەری سەرکوتیان بەسەر ناوەندەکانی پەروەردەدا کێشاوە. داخستنی زانکۆکان لەژێرناوی ئینقلابی فەرهەنگی، چوونی هێزی ئینتزامی بۆ ناو زانکۆکان و هێرش بۆسەر کوی دانشگاه، چەند نموونە لەو پڕۆژانە بوون کە ئامانجیان کۆنترۆڵ کردنی ئیعترازاتی بزووتنەوەی پێشڕەوی خوێندکاری بوو. لەئێستاشدا، بەتەمان خوێندنگاکان بکەنە سەربازگە و بە توندوتیژی و سەرکوت خوێندکاران و مامۆستایان چاوترسێن بکەن.

بەڵام بێگومان ئەم سیاسەتە مەحکووم بە شکستە. خوێندکاران و مامۆستایانی هوشیار ڕێگە نادەن دوژمنانی زانست و پەروەردە و ئاگایی، بە ئامانجە نگریسەکانیان بگەن. هەروەک لە ڕابردووشدا بینیمان، بەسیجی مەدرەسەکان و ئۆموری تەربیەتییەکان نەیانتوانی لە پێکهێنانی بەربەست لە ناوەندەکانی پەروەردەدا، سەرکەوتێنک بەدەست بێنن. لەپێناوی سەلامەت و خاوێن ڕاگرتنی شوێنەکانی پەروەردە، ئەرکی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگایە، ئەرکی دایک و باوک و بنەماڵەی خوێندکارانە، ئەرکی مامۆستایان و هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکانە کە بەرەنگاری وەها پیلانێکی سەرکوتگەرانە ببنەوە. ڕێکخراوە واژۆکارەکانی ئەم بەیاننامەیە کە بەشێک لە چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێرانن، هاودەنگ لەگەڵ هەموو هێزە هوشیار و ناڕازییەکان، ئەم سیاسەتە دژەپەروەردەییە ئیدانە دەکەن و خوازیاری دژایەتی لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنامەیە و ڕێگریکردن لە چوونی هێزە نیزامییەکان بۆ خوێندنگاکانین.

٣ی گوڵانی ١٤٠٤ی هەتاوی

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

گرووپی ئیتحادی خانەنشینان

کرێکارانی خانەنشینی خووزستان

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpirn

https://t.me/KomalaCpiranTv