
قەیرانی ئابووری بەجۆرێک فشاری خستووەتە سەر حکوومەتی ئیسلامی، کە دەوڵەتی پزشکیان بڕیاری داوە زیاتر لە ڕابردوو لە گیان و ژیانی خەڵک مایە دانێت و بەهای دراوی هاوردەکردنی دەرمان لە ٤٢٠٠ تمەنەوە بۆ ٢٨ هەزار و ٥٠٠ تمەن واتە بە ڕێژەی ٦٠٠% بەرز بکاتەوە. ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دەرکراوە کە لەم دواییەدا نرخی دەرمانەکانی بەرهەمی ناوخۆیی ٣٠ تا ٤٠ لەسەد و دەرمانەکانی دەرەوە ١٠٠ تا ٢٠٠ لەسەد بەرز بوونەتەوە. هەر لەو پێوەندییەدا، سەرۆکی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە هۆکاری بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی دەرمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بانکی ناوەندی نایهەوێت دراوی پێویست بۆ هاوردەکردنی دەرمان دابین بکات. ئاکامی وەها سیاسەتێکی دژەئینسانیی کۆماری ئیسلامی دەبێتە ئەوە کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا و بەتایبەت زۆرێک لە خانەنشینان کە بەهۆکاری لەسەرێ بوونی تەمەن و گیرۆدەبوونیان بە نەخۆشیی جۆراجۆر پێویستیان بە دەرمان زیاترە، دەستیان بە دەرمانی پێویست ڕاناگات و نەخۆشییەکانیان لێ توندتر دەبێتەوە. شۆکی چوونەسەری لەڕادەبەدەری نرخی دەرمان نەک هەر لەسەر ژیان و گوزەرانی نەخۆشەکان بەڵکوو لەسەر ژیانی ملیۆنان کرێکار و خانەنشینیش کاریگەری دادەنێت و ئەوەش خۆی دەبێتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتیی دیکە.
لەم پێوەندییەدا، وتەبێژی بەناو “کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانی مەجلس”ی ڕژیم، ڕۆژی ٣١ی خاکەلێوە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، دانی بەوەدانا که: “بە نەهێشتنی دراوی دەوڵەتی بۆ دەرمان، لە ساڵی نوێدا شاهیدی دەرماندەیی و بێتوانایی خەڵک لەبواری دابین کردنی دەرمان دەبین. چونکە چەرخەی بەرهەمهێنانی دەرمان بەتەواوی تێکچووە. یانی ئەوەیکە دەوڵەت داخوازیی سندووقی بیمەی تەئمینی ئیجتماعی نادات. دەرمانخانەکان پارەی شیرکەتەکانی دەرمانیان نەداوە. شیرکەتەکانیش پارەی کەسانێک کە دەرمان دێننە وڵاتەوە نادەن. هەربۆیە هیچ دەرمانکیش نایەتە ناو وڵاتەوە”. هەروەها پێشبینیشی کرد کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی دراوی دەوڵەتی، خەرجی دەرمان ٢٠ بۆ ٣٠ هێندە زیاد دەکات و خەڵک ناتوانن دەرمانی خۆیان دابین بکەن، و شاهیدی دۆخێکی هاوشێوەی سەردەمی کۆرۆنا دەبین، کە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەسی دیکە. هەروەها وتیشی: ” حکوومەت بە لابردنی دراوی دەوڵەتی بۆ دەرمان، لە واقعدا خەڵک دەکوژێت “. وەزیری تەندروستیی دەوڵەتی پزشکیان بۆ پاساوکردنی گرانبوونی دەرمان وتی: ” حکوومەت بۆ ڕێگریکردن لە کەمبوونی دەرمان لە بازاڕدا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی دەرمان “. بێگومان ئەم بابەتە دەتوانێ کێشەی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان بۆ کارگێڕانی حکوومەت و سەرمایەداران چارەسەر بکات، بەڵام زۆرینەی ڕەهای کرێکاران و خانەنشینان لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمان بێبەری دەکات.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی جەهانی سەنعەت، بەهای قەرزەکانی حکوومەت بە سازمانی تەئمینی ئیجتماعی، بە پێچەوانەی هەندێک ئامار، لەئێستادا ٩٠٠ ملیارد تمەنی تێپەڕاندووە. چونکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا حکوومەت لە سندوقەکانی تەئمینی ئیجتماعی پارەی هەڵگرتووە و نەیداوەتەوە. هەروەها بوونی گەندەڵی و دزی و ڕانتخۆری لەلایەن بەرپرسان و دەست و پەیوەندەکانی حکوومەتەوە هۆکارێکی دیکەی بەتاڵبوونی سندوقەکانی خانەنشینی و تەئمینی ئیجتماعی بووە. ئەوان بە کەڵک وەرگرتن لە ڕانتی دەوڵەتی و لەژێرناوی هاوردەکردنی دەرمان، زۆر جار بە ملیۆن دۆلار لە بانکەکان دراویان وەرگرتووە. بەڵام لە جیاتی دەرمان، کاڵای دیکەیان هێناوەتەوە ناو ئێرانەوە، چونکە بۆ ئەوان قازانجی زیاتری تێدا بووە. لە ئاکامدا دەرمان لەئاستی وڵاتدا کەم بووەتەوە و نەخۆشەکان ناچار بوون زیاتر لە ٨٠%ی خەرجی دەرمان بۆخۆیان بیدەن. ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانی مەجلیس وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم بابەتە دانی بەوە دانا کە لەئێستادا ٣٥٠ تا ٤٠٠ جۆر دەرمان کە بەشێکیان دەرمانی نەخۆشییە قورسەکانی وەک سەرەتان و نەخۆشی دڵ و ئەعسابن، بە سەختی پەیدا دەبن.
بەلەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی نرخی دەرمان و پەرەسەندنی هەژاری، زۆرینەی خەڵک توانای دابینکردنی هەزینەی لەسەرێی دەرمانیان نییە و بە دەست و پەنجە نەرم کردن لەگەڵ ئازار و نەخۆشی، لە چاوەڕوانیی مەرگدا دەمێننەوە. دەبیری ناوەندی خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی تاران ڕۆژی ٢٨ی مانگی خاکەلێوە وتی: “دەوا و دەرمان بووەتە گرفتێکی جدیی کۆمەڵایەتی. تا ڕادەیەک کە زۆرێک لە نەخۆشەکان ناتوانن دەرمانی پێویستیان بکڕن و نەخۆشخانەکانیش ئەو کەسانە وەرناگرن کە توانای خەرجی خۆیان نییە. وەها بارودۆخێکی فەلاکەتبار لە بواری دەرمانیشدا بە مانای ئیفلاس و داماویی تەواوی حکوومەتی کۆماری ئیسلامییە.
خۆدزینەوەی کۆماری ئیسلامی لە دابین کردنی خزمەتگوازیی دەرمان بۆ خەڵک بەبیانووی گەمارۆکان و هیتر، بەخاتری نەبوونی پارە نییە. چونکە ڕژیم لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. ئەم خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتییە، لە کاتێکدایە کە سپای پاسداران لە تەلەڤیزیۆنە حکوومەتییەکاندا، باس لە شاری مووشەک و درۆنەکانیان دەکات کە بە قسەی خۆیان لە قووڵایی ٥٠٠ میتریی عەرزدان و بە هەزینەی زۆر دروستیان کردوون. سەدان ملیارد دۆلار کراوەتە خەرجی پڕۆژەی ئەتۆمی. لە کاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو نەعیم قاسم ڕێبەری حیزبوڵڵای لۆبنان بەخاتری وەرگرتنی یارمەتییەکی ٧٧ ملیۆن دۆلاری، سوپاسی خامنەیی کرد. حکوومەتی ئیسلامی لە جیاتی دابین کردنی خەرجی ژیان و دەرمان و تەندروستیی خەڵک، سەروەت و سامانی کۆمەڵگا کە بەرهەمی ڕنج و کاری کرێکارانە و هی هەموو خەڵکی ئێرانە، لەپێناوی پێشخستنی پڕۆژەکانی بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی، بەفیڕۆ دەدات.
بێگومان وەها بارودۆخێکی فەلاکەتبار ناتوانێ درێژەی بێت. ئابووریی ڕژیم بەتەواوی تووشی چەقبەستوویی و بنبەست بووە. لە کاتێکدا کە خامنەیی فریوکارانە باس لە گەشەی ٨%ی ئابووری لە ساڵی نوێ دەکات، بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پارە، گەشەی ئابووریی ژێر سفریان بۆ ئێران پێشبینی کردووە. کە تەنانەت لەدوای گەشە ئابوورییە دوو و نیو لەسەدەکەی حکوومەتی تاڵەبانیشە. لەم ڕووەوە، کاربەدەستان و مۆرەکانی حکوومەت نیگەرانی ڕوودانی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامین. ڕەحمانی فەزلی وەزیری ناوخۆی جنایەتکاری دەوڵەتی ڕووحانی کە فەرمانی کوشتنی خەڵک لە ئیعترازاتی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی دەرکرد، وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئەم جنایەتە، باسی لەوە کرد کە بارودۆخی ئێستا زیاتر جێی نیگەرانییە و لەم بارەوە هۆشداری بە حکوومەتی ئیسلامی دا. ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی ئەو مۆتەکەیە کە سەرانی ڕژیمی تۆقاندووە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn