
ڕۆژی کرێکار و پێداویستییەکانی بەشداریی چینی کرێکار وەک یەکێک لە خوازیارانی دەسەڵات لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا
ڕۆژی جیهانیی کرێکاری ئەمساڵ لە بارودۆخێکی ئاڵوزدا دێت. ڕەنج و نەهانەتییەکانی نەزمی کاپیتالیستی لە هەموو کاتێک زیاتر گوشاری خستووەتە سەر چینی کرێکار لە جیهان و لە ئێراندا. لە لایەکەوە سەرمایەداری بە سەپاندنی هەژاریی بەربڵاو و لە زۆر وڵاتدا هەژاریی موتڵەق، ژیانی زۆرینەی ڕەهای سەدان ملیۆن کەس لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی بەرەو تەباهی و نابوودی بردووە. وە لەلایەکی دیکەوە بە دابین کردنی دۆخی بەدەستهێنانی قازانجی نجوومی بۆ کەمینەیەکی سەرمایەداری خاوەن دامەزراوە گەورەکان، درێژەی چەوساندنەوەی دڕندانەی ئەم نیزامە پێچەوانە و دژەئینسانییەی مسۆگەر کردووە. سیاسەتی تەعرەفەکانی ترامپ بۆشایی نێوان دەوڵەتەکان و بلۆکەکانی سەرمایەداریی جیهانی پەرەپێداوە و دەوڵەتەکانیش جۆرێک لە ناسیۆنالیسمیان لەدژی ئەمریکا پەرەپێداوە، کە گۆیا خاوەنانی سەرمایە و ناوەندە سەنعەتییەکان لە بەرامبەر تەعرەفەکاندا لەگەڵ کرێکارانی وڵاتی خۆیاندا هاوبەرژەوەندن. بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تەعرەفەکانی ترامپ بووەتە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیسمێکی دژە ئەمریکایی تەنانەت لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لەوانە ئورووپا و کانەدا و بووەتە هۆی بەهێزبوونی ڕەوتێکی ڕاستی توندڕەو لە جیهاندا کە چەندین ساڵ بەر لەوەی ترامپ بچێتە کۆشکی سپی سەری هەڵدابوو.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئیسرائیل بەردەوامە لە کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە. ڕژیمی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسەڵاتی پێشووی خۆی لە دەست داوە. هەرچەندە ڕژیمی ئیسلامی لە بەرامبەر هێرشی سەربازیی دووەمی ئیسرائیلدا لە ڕووی لاوازیی خۆیەوە دەستبەرداری وەعدەی سادقی ٣ بوو، بەڵام ئیسرائیل هەروا بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە ڕژیمی ئیسلامی بۆ هێرشی سەربازی و فاشیستە سەڵتەنەتخوازەکانیش بەردەوام بانگەشەی بۆ دەکەن و خوازیاری شەڕن.
لە ئێران، ڕژیمی ئیسلامی لەژێر فشاری زەلیلکەری ئەمریکا و ئورووپا و ئیسرائیلدایە و دەسەڵاتەکەشی لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە لەژێر هەڕەشەدایە. ڕژیمی ئیسلامی سازان و تەسلمبوون لە دەرەوەی پێ باشترە لە پاشەکشە کردن لە بەرامبەر خەڵکدا. دانوستانی ڕژیمی ئیسلامی و ئەمریکاش لە ژێر سێبەری تەسلیم یان شەڕدا درێژەی هەیە. تەسلیبوونی ڕژیمی ئیسلامی ئەگەرچی مەترسی شەڕ کەم دەکاتەوە بەڵام نابێتە هۆی باشتربوونی بارودۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێران. کێشە و گرفتی کرێکاران، خوێندکاران، ژنان، مامۆستایان و خانەنشینان، هەر هەمووی ڕیشەی لە دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدایە. ئیستبداد و دیکتاتۆری، گەندەڵیی سیستماتیک، تاڵان کردنی سندووقەکانی خانەنشینی، بێمافیی ژنان، بێبەری بوونی منداڵانی توێژە هەژارەکان تەنانەت لە خوێندنی سەرەتایی، بێبەش بوونی خەڵکی ئاسایی لە دەوا و دەرمان، لانیکەمی حەقدەستی چەند هێندە ژێر هێڵی هەژاری، زاڵبوونی شیرکەتە زەرووسفەتە پەیمانکارییەکان لە بواری دامەزراندنی کرێکاران، نەبوونی مافی ڕێکخستن و مانگرتن، لەسەر کار دەرکردن، دەستگیری و ئەشکەنجەی چالاکانی کرێکاری بە “تاوان”ی ناڕەزایەتی لەدژی بارودۆخی نالەباری دەیان ملیۆن کرێکار و بنەماڵەکانیان، کوشتاری کرێکاران لە شوێنەکانی کار بەتایبەت لە کانەکان و سەدان نموونەی دیکە هەر هەموویان ڕەگ و ڕیشەیان نیزامی سەرمایەداریی ئێرانە کە لەدوای ڕژیمی دیکتاتۆریی شا زیاتر لە چوار دەیەیە دینی ئیسلام و وەلایەتی فەقیه پارێزگاریی لێ دەکات.
بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران بەتایبەت چالاکانی باڵی چەپ و سۆسیالیستەکەی، هاوڕێ لەگەڵ بزووتنەوە هاوپەیمانەکانیان ناچارن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر داخوازییە تایبەتەکانیان لەگەڵ خەبات لەدژی گشت ڕژیمی ئیسلامی ئاوێتە بکەن. وە لەئاستی سەرتاسەری ئێراندا خوازیاری نیزامێک بن کە توانا و ئیمکانی وەدیهێنانی داخوازییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان و خانەنشینان و خەڵکی ژێر ستەمی نەتەوەیی هەبێت.
دانوستانی ڕژیمی ئیسلامی و ئەمریکا لەژێر سێبەری تەسلیمبوون و شەڕدا، کە سەرەنجی هەموو خەڵکی ئێرانی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە، بۆ جارێکی تر بە چالاکانی باڵی چەپی بزووتنەوەی کرێکاری و بە سۆسیالیستەکانی ئێران نیشان دەدات کە دەبێ دەست لەناو دەستی یەک پێداویستییەکانی بەشداریی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران، وەک یەکێک لە خوازیارانی دەسەڵات، لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا ئامادە بکەن. لەگەڵ تەسلیمبوونی ڕژیمی ئیسلامی، زیاتر لە ڕابردوو ڕوون دەبێتەوە کە داخوازیی بەشە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ئێران بە ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە دوای گۆڕینی ڕژیمی ئیسلامی دێتە دی.
لە یەکی مانگی مەیدا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە بزووتنەوەی کرێکاری و ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی مەیدانی، وەک هێزێک کە خەبات بە ئامانجی بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی شۆڕش ڕێبەری دەکات، وەک پێشەنگانی خەباتی ئێستای کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بێنە مەیدان. ئاڵای ئازادی و ڕزگاریی کۆمەڵگا بەدەستەوە بگرن. خەباتی سەرتاسەری لەدژی نەزمی ئێستای سەرمایەداری نوێنەرایەتی بکەن. ڕیزەکانی چینی کرێکار و بەرەی کار لەدژی ئەو قەرەپووڵەی نێویان ناوە “لانیکەمی حەقدەست”، وە بۆ وەدیهێنانی “حەقدەستی گونجاو و شیاوی ژیانێکی ئینسانی” یەک بگرن. لە کۆبوونەوە و وتار و بڕیارنامەی کرێکاریدا، لەسەر درێژەدان بە ناڕەزایەتییە ڕەواکان دژبە چەوساندنەوەی ئابووری و سیاسی، لەدژی گرتن و سەرکوتکردن، لەدژی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی چالاکانی کرێکاری و جەماوەری، لەسەر ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و لەدژی لەسێدارەدان پێداگری بکەن. پێویستە هەوڵ بدەین ڕۆژی کرێکاری ئەمساڵ سەرەتایەک بێت بۆ ئەوەی بزووتنەوەی کرێکاری و چالاکانی ئەم بزووتنەوەیە بچنە ناو مەیدانی گشتگیری سیاسەتی ئێرانەوە.
بژی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار
بڕووخێ ڕژیمی ئیسلامی سەرمایەداری
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
یەکی گوڵانی ١٤٠٤ – ٢١ی ئاپریلی ٢٠٢٥
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn