
ڕۆژی شەممە ٦ی مانگی گوڵان تەقینەوەیەکی مەرگبار لە چوارچێوەی لەنگەرگەی کانتینێری شیرکەتی سینا لە بەندەری ڕەجایی، کە دەکەوێتە ٢٦ کیلۆمیتریی ڕۆژئاوای بەندەرعەباس، ڕوویدا. بەگوێرەی زانیارییە بەردەستەکان، تەقینەوەکە تا ئێستا لانیکەم ٤٠ کوژراو و زیاتر لە هەزار برینداری لێکەوتووەتەوە و ترسیش هەیە ژمارەی قوربانییەکان زیاد بکات.
لە کاتێکدا کە میدیا حکوومەتییەکانی وەک ئاژانسی هەواڵی فارس، سەر بە سپای پاسداران، هۆکاری ڕووداوەکەیان بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەڵەکەبوونی ماددەی سووتێنەر ڕاگەیاندووە، هەندێکی دیکە هۆکاری ڕووداوەکەیان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسرائیل گەڕاندووەتەوە. هەروەها ڕاپۆرتی سەرچاوە نێونەتەوەییەکان لەوانە کۆمپانیای ئاسایشی دەریایی “ئەمبری” و ڕۆژنامەی “نیۆیۆرک تایمز” هۆکاری تەقینەوەکەیان ڕاگواستنی نادروستی سووتەمەمەنیی مووشەکی بالیستیک بەتایبەت ماددەی پەرکلۆرات سۆدیۆم ڕاگەیاندووە. هەروەها ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە تەقینەوەکان لەناکاو بووە و لە شونێکی دیاریکراوی سەرەتاییەوە پەرەی نەستاندووە.
ئەگەرچی هۆکاری وردی ئەم کارەساتە هێستا بەتەواوی ڕوون نەبووەتەوە بەڵام ئەوەیکە بە ئاشکرا دیارە، بایەخ نەدانی پەیمانکارانی سەرمایەدار و دەوڵەتی سەرمایەداریی ئیسلامی بە بنەماکانی ئیمەنی و سڵامەتی کرێکاران و شوێنی کارە. ئەم کارەساتەش، وەک زۆرێک لە کارەساتەکانی ڕابردوو لە کانگاکان، کارخانەکان و پڕۆژەکانی بیناسازی، ئاکامی ڕاستەوخۆی بایەخ نەدانی لەئەنقەستی دەسەڵاتی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی بە ژیانی کرێکارانی ئێرانە. کە هەموو ساڵێ بە هەزاران کرێکار دەبنە قوربانیی قازانجپەرستی و بێمافی. لەم ڕووەوە، بەدەر لەوەی خاوەنکاران سەربە کەرتی تایبەت بن یان سەربە باندە مافیاییەکانی دەسەڵات، ئەم کارەساتانە سەرچاوەکەیان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە دژەکرێکارییەکانیەتی. لە بارودۆخێکدا کە سەروەتی بەرینی کۆمەڵگا لەپێناوی پڕۆژەی نیزامی، سەرکوتگەرانە و قازانجپەرستانە بۆ چینی دەسەڵاتدار تەرخان دەکرێت، کرێکاران لە شوێنە نائەمنەکانی کاردا بە بێ لانیکەمی ستانداردە ئیمەنییەکان دەبنە قوربانی.
ئەم کارەساتانە پێویستی بەپەلەی پەیوەندی و یەکگرتوویی و خەباتی هاوبەش لە نێوان هەموو چالاکانی کرێکاری و ڕێکخراوە سەربەخۆکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخواز و ئازادیخوازەکانمان وەبیردێننەوە. تەنیا لە ڕێگەی پەرەپێدانی خەباتی یەکگرتووانەی سەرتاسەری، گەشەپێدانی مانگرتن، ڕێکخستنی هێزی کرێکاری و جەماوەری، بە پێکهێنانی پەیوەندی پایدار لە نێوان بزووتنەوەی کرێکاری، ژنان، لاوان و هێزە ژێر ستەمەکان دەتوانین کۆتایی بەم بارودۆخە بێنین و دەسەڵاتی دژەکرێکاریی کۆماری ئیسلامی ڕیشەکێش بکەین.
“شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان” سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیانی ئەو کارەساتە دەکات و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی چینی کرێکار و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو خەڵکی ئازادیخوازی ئێران دەکات. “شۆرای هاوکاری” تەئکید دەکات کە کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران تەنیا لە ڕێگەی خەباتێکی بەردەوام و شۆڕشگێڕانە، بە ئامانجی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی نەزمێکی نوێی سۆسیالیستی، دەتوانن کۆتایی بەو ئازار و مەرگانە بهێنن کە دەسەڵاتدارانی سەرمایەداری سەپاندوویانە.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٧ی گوڵانی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٧ی ئاپریلی ٢٠٢٥ی زایینی
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn