
پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”، بە شێوەی فەرمی هەڵوەشاندنەوەی خۆی و چەکدانانی ڕاگەیاند و کۆتایی بە شەڕی چەکداریی لەگەڵ تورکییە هێنا.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٤، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، لە ژێر بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە، بەڕێوە چوو. لەسەر ئەم بنەمایە، کۆنگرەی 12ـەمینی پەکەکە بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لە ژێر سەرکردایەتیی عەبدوڵلا ئۆجەلان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا. هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن. پەکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆنگرەکەمان سەرەڕای بەردەوامیی شەڕ و هێرشی ئاسمانی و زەمینی بەردەوام و لە هەلومەرجی سەختدا بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو. کۆنگرەکە لە یەک کاتدا لە دوو ناوچەی جیاواز بە هۆکاری ئەمنی بەسترا. بە کۆی گشتی 232 نوێنەر تێیدا بەشدار بوون.