
٧٧ ساڵ بەسەر “یومالنکبه”دا تێدەپەڕێت. لەو ڕۆژەی کە لە ١٥ مەی ١٩٤٨دا لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمیی پێکهاتنی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل، زیاتر لە ٧٥٠ هەزار فەلەستینی لە ماڵ و وڵاتی خۆیان دەرکران. بەڵام نەکبەت، تەنیا یەک ڕۆژ نەبوو، دەستپێکی پیلانێکی داگیرکەرانە و ڕەگەزپەرستانە بوو کە بە پشتیوانیی تەواوی ئیمپریالیسمی جیهانی شکڵی گرت و هەتا بە ئەمڕۆ درێژەی هەیە. ئیسرائیل هەر لە یەکەمین ڕۆژی پێکهاتنییەوە لەسەر بنەمای پاکتاوکردن و لەناوبردنی سیستماتیکی نەتەوەی فەلەستین دامەزرا. ئەم سیاسەتە تەنیا پیلانێکی داگیرکەرانە نەبوو، بەڵکوو لە هەمان کاتدا بەشێک لە موهەندسیی ژئۆپۆلیتیکی ڕۆژئاوا بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. هەر لە سەرەتاوە بە پشتیوانیی دەوڵەتی بریتانیا و دواتر ئەمریکا، وە لە بێدەنگی و هاوکاریی زۆرێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکان، پیلانی سڕینەوەی فەلەستین دەستیپێکرد. بە درێژایی زیاتر لە حەوت دەیە شەڕ و داگیرکاری و شارەکسازی و گەمارۆدان، ئاڵقەکانی ئەم زنجیرەی پاکتاوی نەتەوەیی و تاوانە جەنگییانە بەردەوام بوون. گرێبەستە بەناو ئاشتییەکانی کەمپی دەیوید و ئۆسلۆ نەتەنیا نەبوون بە ڕێگاچارە، بەڵکوو بوونە ئامرازی کۆنتڕۆڵ و تەسلیم. لەو نێوەشدا، ڕەوتە پارێزکار و کۆنەپەرستەکان لە جیهانی عەرەب، بە هەڵوێستی دوو لایەنە و سازشکارانە، بەکردەوە کەوتنە خزمەت ئەم نەزمە زاڵمانەیە. ئەو دەوڵەتانەی کە بە هەڵیت و پڵیتی دینی و بە دروشمی دژە “سەهیۆنیستی” خۆیان وەک پیشتیوانی فەلەستین نیشان دەدەن، لە کردەوەدا بە داخستنی سنوورەکان، بە سەرکوتی خۆپیشاندانەکان بۆ هاوپشتی و بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل، بەشێکی دانەبڕاو لە بارودۆخی نەکبەتباری ئەمڕۆن.
لە وەها بارودۆخێکدا، هێزە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان کە بە چاوپۆشی و تەنانەت بە یارمەتیی ڕێکخرا وو دامودەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ لاوازکردنی هێزی چەپ و شۆڕشگێڕ و بزووتنەوەی خۆڕاگری فەلەستین پێکهاتوون، لەئێستادا وەک هێزی کۆنەپەرست، سەرکوتگەر و پیاوسالار، بووەنەتە بەشێک لە کێشە و ئاستەنگەکانی جەماوەر و بزووتنەوەی فەلەستین. ئەم ڕەوتانە چ حەماس و یان جهادی ئیسلامی بەهۆی پەرەپێدانی کینە و نەفرەتی نەتەوەیی و ئایینی و بەهۆی سیاسەت و هەڵوێستەکانیان، نەتەنیا ناتوانن ئاسۆی ڕزگاری نیشان بدەن بەڵکوو خۆیان بوونەتە بەشێک لە کێشە و گرفتەکانی خەڵکی فەلەستین.
لەڕاستیدا، خەبات و خۆڕاگری خەڵکی فەلەستین لە دوو بەرەدایە. لە بەرامبەر داگیرکەری دەرەوە و لە بەرامبەر کۆنەپەرستانی ناوەوە. لەسەر بەستێنی ئەم بارودۆخەدایە کە غەززە بەرەوڕووی کارەساتێکی بەتەواو مانا بووەتەوە. بۆمبارانی بەرین، وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری، وێرانکردنی نەخۆشخانەکان و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەدژی خەڵکی مەدەنی، مانایەکی ڕوونی هەیە: جینۆساید. ئەم کۆمەڵکوژی و جینۆسایدە نەتەنیا بە بۆمباران، مووشەک و تانک و سەپاندنی قاتی و برسیەتی بەڵکوو بە هاوکاریی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و بە ڕەزایەتی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچێت.
لە بەرامبەر ئەم جنایەتەدا، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بوونەتە تەماشاچی. شۆرای ئەمنیەت، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوەندەکانی بەناو مافی مرۆڤ، هەر هەموویان تەنیا تەماشاچین. زۆرێک لە ڕەوتە لیبڕال و پارێزکارەکان لە ڕۆژاوا، کە لە بەرامبەر شەڕ لە ئۆکرایندا هەڵوێستیان گرت، ئەمڕۆ لەئاست فەلەستیندا بێدەنگی یان هاوکارییان گرتووەتە بەر.
لەم بارودۆخەدا، بەرپرسایەتیی مێژوویی لەسەر شانی هێزە شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستەکان قورستر لە هەمیشەیە. ئەزموونی کارەساتی شەڕی ڤییەتنام، شیلی یان تاوانەکانی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست لە ئەفریقای باشوور و سەپاندنی سیاسەتی ئاپارتایدی ڕەگەزی، پێمان دەڵێ کە دەبێ کارێک بکەین. پێویستە تۆڕەکانی هاوپشتیی نێونەتەوەیی، کەمپەینەکانی لەقاودان و فشاری سیاسی لەدژی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و هاوبەشە ناوچەییەکانیان ڕێکبخەین. ئەم ئەرکە تەنیا هەڵوێست گرتن نییە. بەشێک لە خەباتی جیهانی لەدژی سیستەمێکە کە لە هەموو شوێێک دەمانکوژێ. لە غەززە، لە کارگاکانی باشووری ئاسیا، لە بەندیخانەکانی ئێران، وە لە شەقامەکانی ناوچە ڕەشپێست نشینەکانی ئەمریکا.
خەبات و خۆڕاگری لە فەلەستین، ئەگەر دەیهەوێ ڕزگاری دەستەبەر بکات، دەبێ لە چوارچێوە و ستراتێژی سیاسیی هێزە ئیسلامی و کۆنەپەرستەکان و لە ڕەوتەکانی بورژوازیی گەندەڵ و پارێزکار تێپەڕێت و بەرەو ستراتێژی شۆڕشگێڕانە و بەرەو ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و جەماوەری هەنگاو هەڵگرێت. ئەم بابەتە تەنیا لەڕێگەی پەیوەندی گرتن لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕەکانی ناوچەکە و جیهان مومکینە. داهاتووی فەلەستین، داهاتووی هەموومانە.
لە بارودۆخی ئێستادا بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین ڕێگایەک بێجگەلە یەکگرتن و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخواز و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکان لە ئیسرائیل و ڕاکێشانی پشتیوانیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەئاستی جیهانی بەئامانجی بەهێز کردنی خەبات دژبە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و دوورخستنەوەی جەریاناتی کۆنەپەرستی مەزهەبی بوونی نییە. پێویستە بە حمایەت و تەقویەتیی هێزی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە بگۆڕدرێت. نابێ ڕێگە بدرێت ئاوات و هیواکانی نەتەوەیەک بۆ ڕزگاری لە چنگ دەسەڵاتێکی ڕەگەزپەرست و داگیرکەردا لەناوبچێت.
ئەم نەکبەتە ٧٧ ساڵەیە، تەنیا بە کۆتایی هێنان بە داگیرکاری، بە پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین و بە دامەزراندنی نەزمێکی نوێ لەسەر بنەمای ئازادی، بەرابەری و هاوپشتیی ئینسانی، کۆتایی دێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە