فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕێکخستن و ڕێبەریی سەرتاسەری کلیلی پێشڕەویی بزووتنەوەی کرێکارییە
یەکشەممە ۰۴-۰۳-۱۴۰۴   |  25-05-2025

پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری بەستێنی شەپۆلە تازەکانی ناڕەزایەتیی پێکهێناوە. کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان، شۆفیرانی کامیۆن و بەگشتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەگەڵ چوونەسەری بەردەوامی خەرجییەکانی ژیان، هاتنەخواری ئاستی حەقدەستی ڕاستەقینە، نەدرانی یارانەکان و فشاری مەعیشەتی بەرەوڕوون. هەروەها سیاسەتەکانی دەوڵەت لە لابردنی موعافییەتە بیمەییەکان و کەمکردنەوەی یارانەکان، بەتایبەت لە لەناو سینفی نانەوایاندا، ئیعترازاتی بەرینی لێکەوتووەتەوە. کامیۆندارانیش بەهۆکاری چوونەسەری تێچووی سووتەمەنی و ئامرازی پێویست، نەدرانی کرێیی عادڵانە و فشاری سینفی، زۆر جار مانگرتنیان بەڕێوەبردووە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێ لە مانگرتنی کامیۆنداران و نانەوایان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێران شکڵی گرتووە. ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی مانگی گوڵانی ١٤٠٤، دەیان کامیۆندار لە بەندەرعەباس بە ڕاگرتنی چالاکییەکانیان، هاتوچۆیان لەم بەندەرە ستراتێژیکە ڕاگرت. ئەم مانگرتنە بەخێرایی بۆ شارەکانی دیکە پەرەیستاند و کامیۆنداران لە ئیعتراز بە کەمبوونەوەی سەهمییەی گازۆئیل و چوونەسەری زیاتر لە ٦٠%ی نرخی بیمەی ماشێنە سەنگینەکان لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو و کەمبوونی کرێی بار لەچاو هەزینەکان، چالاکییەکانیان ڕاگرت. ئیتحادیەی کامیۆنداران ڕایگەیاند  کە لە یەکی مانگی جۆزەردانەوە مانگرتنی سەرتاسەریی بۆ ماوەی یەک حەفتە بەڕێوەدەبات و خواستە سەرەکییەکانی دابینکردنی سووتەمەنی، پێدانی کرێی عادڵانە و کەمکردنەوەی هەزینەی بیمەیە. لە وڵام بەم بانگەوازە لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران کامیۆنداران دەستیان دایە مانگرتن.

هاوکات، نانەوایانیش لە ٢٧ی مانگی گوڵاندا بە بانگەوازی سەرتاسەری لە شارەکانی وەک ئەهواز، ئیسفەهان، کرماشان، ماهشەهر، قۆم، مەشهەد و ڕەفسەنجان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ئەوان لەئاست قەتعبوونی بەردەوامی بەرق، سەهمییەی کەم و بێ کەیفییەتی ئارد، قەتعی یارانەکانی حمایەتی و چوونەسەری هەزینەی بەرهەمهێنان ناڕەزایەتییان دەربڕی. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان بایەخ نەدانی کاربەدەستانی حکوومەت بە داخوازیی نانەواکان کێشەی زۆری بۆ دروست کردوون و ئەم بابەتەش دەتوانێ وەرشکستەیی و داخرانی بەشێکی زۆر لە نانەواخانەکانی لێ بکەوێتەوە. خواستی پێدانی یارانە و سوبسید لەلایەن دەوڵەتەوە بە نانەواییەکان ئیعتباری گشتیی هەیە، چونکە لەم ڕێگەوەیە دەکرێ لە گران بوونی زیاتری نان، کە یەکێک لە پێداویستییەکانی ڕۆژانە و سەرەکیی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگایە، ڕێگری بکرێت.

ئەم مانگرتن و ئیعترازاتە، نیشانەیەکی ڕوونە لە قووڵبوونەوەی قەیرانی بژێو و ناڕەزایەتیی توند لەناو کرێکاران و زەحمەتکێشان و تەنانەت توێژەکانی خوارەوەی چینی مامناوەند. وە لەسەر پێویستیی بەرقەرارکردنی پەیوەندی لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و سینفی بۆ وەدیهاتنی داخوازییە ڕادیکاڵ و سەرتاسەرییەکان تەئکید دەکات. ئەم پەیوەندییانە دەتوانێ بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی بەشە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران دەستپێبکات و قووڵ بێتەوە.  هەموو بەشەکانی چینی کرێکار، کرێکارانی دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان، خانەنشینان و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، دایکانی دادخواز و ژینگەپارێزان بۆ بەدواداچوونی خواستەکانیان لە کاردانەوە بە سەرکوت و ناکارامەیی پێکهاتەی سیاسی، دەستیان داوەتە ئیعتراز. ئەم بزووتنەوانە دەمێکە بە تێپەڕین لە ستراتێژی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی، ڕێکخراوە زەردە حکوومەتییەکان و چەپەکانی میحوەری موقاومەتی، زیاتر لە ڕابردوو لە زەروورەتی هاوپشتی و پەیوەندی لە نێوان ئەم  بزووتنەوانەدا ئاگادارن. داخوازیی و دروشمی هاوبەش و گشتگیر، بەستێنی یەکگرتوویی و هاوپشتیی لە نێوان ئەم بزووتنەوانە پێکدێنێت.

ئەزموونی مێژوو پێمان دەڵێ کە بوونی سازمان و ڕێکخراوەی جەماوەری و چینایەتیی سەربەخۆ لە دەوڵەت و بوونی ڕێبەریی سەرتاسەری بە ستراتێژی شۆڕشگێڕانە، پێشمەرجی پەیوەنددرانی خەباتی پڕژوبڵاو و ڕێکخستنی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانە. کەوابوو بۆ سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتنە کرێکارییەکان سه‌ره‌ڕای ته‌بلیغی به‌رده‌وامی هه‌رچی به‌رینتر كردنی خواست و درووشمه‌ سه‌رتاسه‌ریه‌كان، په‌یوه‌ند دانی كرێكارانی پێشڕه‌و و خه‌باتكار و ڕێبه‌رانی كرده‌وه‌یی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری، له‌ پێناو درێژه‌ی كار و چالاكیی ڕێكخراو، گرینگیه‌تی تایبه‌تی هه‌یه‌. به‌تایبه‌ت له‌ نه‌بوونی ڕێكخراوی چینایه‌تی و سه‌رتاسه‌ریی كرێكاران، ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌كجار زه‌رووره‌تی هه‌یه‌. هاوئاراسته‌ كردن، هاوئاهه‌نگی و هاوكات كردنی خه‌باتی كرێكاران له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كاندا و ڕاكێشانی سه‌ری وه‌ختی پشتیوانیی ناوه‌نده‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ یه‌كتر، به‌ بێ په‌یوه‌ندی جیدی و جێکەوتوو له‌ نێوان كرێكارانی پێشڕه‌و و خه‌باتكار كه‌ جه‌مسه‌ری خه‌باتیان له‌ ناوه‌نده‌ جۆراوجۆره‌كاندا به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هەروەها ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان کە هەتا ئێستا دەورونەخشسی خۆیان لە ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاراندا سەلماندووە، مه‌یسه‌ر نابێت. په‌یوه‌ند دانی ئه‌م كرێكارانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر، له‌ ڕێگه‌ی تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندیداری خه‌باتكارانه‌ و به‌ یارمه‌تیی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ئه‌پڵیكه‌یشێنه‌ په‌یامنێره‌كان، ڕێگاچاره‌یه‌كی گونجاوه‌ بۆ په‌یوه‌ند دانی هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری. هه‌ڵسووڕاوانی كۆمۆنیستی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری پێویسته‌ له‌ ڕێگا جۆراوجۆره‌كانه‌وه‌، په‌یوه‌ندی له‌ نێوان كرێكارانی پێشڕه‌ودا پێکبێنن. په‌یوه‌ندی كرێكارانی پێشڕه‌و و ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاری له‌ كارخانه‌كاندا، زیاتر له‌ جاران، له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌یه‌كی داڕێژراو بێت و به‌ شێوه‌ی هاوئاهه‌نگ، هاوكات و هاوئاراسته‌ ئه‌نجام بدرێت. هەواڵ و زانیاریی ورد و چه‌ند و چۆنی خه‌باتی كرێكاری له‌ ڕێگه‌ی ئەم تۆڕە لە پەیوەندیی پێشڕەوانی کرێکاری و ڕێکخراوەکان، زۆر به‌ خێرایی ده‌گاته‌ هه‌موو كارخانه‌كان و ئێمكانی كرده‌وه‌یی ڕاكێشانی هاوپشتی و بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی خه‌بات له‌ چوارچێوه‌ی كارخانه‌یه‌‌كی تاك، دابین ده‌كات.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv