
بە پێی زانیارییەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤، “ئیسماعیل یوسفی” چالاکی ژینگەیی، مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی شاری بۆکان، لە ڕێگای پەیوەندیەکی تەلەفۆنی کورتماوەدا بنەماڵەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگیراوە.
شایانی باسە، ئەم پەیوەندیە تەنیا ٣٠ چرکەی خایاندووە و یەکەم پەیوەندی ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی لە کاتی دەستبەسەر کرانییەوە بووە. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان لە خۆی و هاوسەرەکەی، دەستبەسەریان کردووە و دەستیان بە سەر مۆبایلی خۆیی و هاوسەرەکەدا گرتبوو. تا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتەپاڵ ئەم هاووڵاتییە، هیچ زانیاریەک لە بەردەستدا نییە.