فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لە بەرامبەر سیاسەتی دژەپەنابەریی کۆماری ئیسلامیدا پێویستە لە مافی ئینسانیی پەنابەرانی ئەفغانستانی داکۆکی بکەین
یەکشەممە ۱۱-۰۳-۱۴۰۴   |  01-06-2025

ئەحمەدڕەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی ئینتزامیی ڕژیمی ئیسلامی، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی مانگی جۆزەردان لە جەریانی دەستبەکاربوونی پڕۆژە ئینتزامییەکان لە وەرامین وێڕای پێداگری کردن لەسەر بەڕێوەبردنی حەتمیی یاسای پەیوەندیدار بە کۆچبەرانی نایاسایی، ڕایگەیاند کە ئەم کەسانە “میوانی ئێمە نین، چونکە یاسای وڵاتیان خستووەتە ژێر پێ و دەبێ دەستگیر و لە وڵات دەربکرێن. هەر لەم پەیوەندییەدا ئەحەد بیوته، نوێنەری مەجلیس و ئەندامی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیش وێڕای ئاماژە بە بوونی زیاتر لە ٤ ملیۆن “پەنابەری نایاسایی” هۆشداری دا کە “ئەگەر دەوڵەت کارێک نەکات، ئەم بابەتە قەیرانی ئەمنیەتیی لێدەکەوێتەوە. هەر لەم حەفتەیەدا ڕۆژنامەی “کۆماری ئیسلامی”یش بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک پەنابەرانی ئەفغانستانیی بە “قووت دانی ئاو، کارەبا، نان و کاڵا ئەساسییەکان” تۆمەتبار کرد و ئەوانی بە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و داگیرکردنی هەلی کار و پشێوی کۆمەڵایەتی وەسف کرد.

لە سایەی پەرەپێدانی سیاسەتی شوڤنیستیی کۆماری ئیسلامیدا، لێدوانەکانی ئەم دواییەی نادر یارئەحمەدی، بەرپرسی ناوەندی کاروباری کەسانی بیانی و پەنابەران، بۆ جارێکی دیکە زەنگی مەترسیی دەرکردنی بۆ هەزاران خوێندکاری پەنابەری ئەفغانستانی لێدا. ڕاگەیاندنی ئەوەیکە خوێندکارانی بێ سەرپرستیاری یاسایی، دوایی کۆتایی ئیمتحانات، هەتا ١٥ی مانگی پووشپەڕ مۆڵەتیان هەیە وڵات بەجێ بهێڵن، نەتەنیا پێشێلکردنی بەئاشکرای مافی بنەڕەتیی خوێندن بۆ منداڵانە، بەڵکوو سیاسەتێکی بەئاشکرا ڕاسیستی و دژەئینسانییە بەرامبەر بە پەنابەران.

ئەم بڕیارە نوێیەی کۆماری ئیسلامی لەڕاستیدا درێژەی ڕەوتێکە کە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی فاشیستی و سەرکوتگەرانەدا بەڕێوەدەچێت. دەرکردنی نزیک بە سێ ملیۆن کەسی ئەفغانستانی لە ئێران لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو، ئەویش لە بارودۆخی قەیرانی مرۆیی ئەفغانستان، سەلمێنەری ئەو حەقیقەتەیە کە کۆماری ئیسلامی بە کردەوە ، لە سەپاندنی ستەم بەدژی توێژە لاوازەکان بەتایبەت ژنان و منداڵان هاوکار و هاودەستی حکوومەتی تاڵەبانە. لەو نێوەدا چارەنووسی منداڵانی خوێندکاری ئەفغانستانی زیاتر لە هەمووان نادیار و جێی نیگەرانییە. ئەم خوێندکارانە کە لە بارودۆخی دژواری ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، توانیویانە خوێندن درێژە بدەن، لەئێستادا لەگەڵ مەترسیی گەڕاندنەوەی زۆرەملی بۆ وڵاتێک بەرەوڕوو بوونەتەوە کە تێیدا حکوومەتی تاڵەبان بە یاسا خوێندنی بۆ کچانی سەرووی پۆلی شەش قەدەغە کردووە.  

بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێگری لە خوێندنی ئەم گرووپە لە خوێندکاران، بە مانای ڕاگواستنی منداڵان بۆ تاریکخانەی جەهل و سەرکوتی دەسەڵاتی تاڵەبانە. ئەزموونی مێژوو نیشانی داوە کە یەکێک کاریگەرترین ئامرازەکانی سەرکوتی نیزامە ئیستبدادییەکان، بێبەش کردنی بەئەنقەستی توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا لە خوێندن بووە. هەروەها بڕیارەکەی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی دەکرێ وەک هەوڵێکی ئامانجدار بۆ نەهێشتنی توانا و ئیرادەی سەربەخۆ لە نێو جیلی نوێی کۆچبەران، بەتایبەت منداڵان و ژنان هەڵسەنگێندرێت. هاوکات کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە دووپاتکردنەوەی دەستەواژەی وەک “نەبوونی بەڵگەی ئیقامەی یاسایی” هەوڵ دەدەن وێنەیەکی یاسایی بەم دەرکردنانە بدەن. بەڵام لە ڕاستیدا زۆرێک لەو بنەماڵانە بە هۆی پێکهاتەی ناکارامە، خەرجی زۆر و جیاکاری لەناو سیستەمی نیشتەجێبوونی ئێراندا، ناتوانن بەڵگەنامە بەدەست بهێنن یان نوێی بکەنەوە. چارەنووسی منداڵێک کە بە هۆی لە دایک بوونی لە ئێران یان بەهۆی مانەوەی ساڵانێکی زۆر لەو وڵاتە، خۆی بە ئێرانی دەزانێت، بە بەڵگەنامەیەکی یاساییەوە گرێ دراوە. بەڵگەنامەیەک کە دەوڵەت دەتوانێ بە بڕیارێکی ئیداری، ژیان و داهاتووی تەباه بکات.

بەڵام ئەو مەسەلەیەی کە دەبێت لە شیکردنەوەی ئەو سیاسەتانەدا لەبەرچاو بگیرێت، سروشتی چینایەتی و ئیدئۆلۆژیکە. کۆماری ئیسلامی لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا هەمیشە پەنابەرانی ئەفغانستانیی بەچاوی کرێکاری هەرزان و بێ ماف، کرێکاری بێدەنگ و بێ ئیعتراز تەماشا کردووە. ئەمڕۆ کە بارودۆخی ئابووریی نێوخۆی ئێران لە هەموو کاتێک قەیراناویتر بووە، بڕیاری دەرکردنی کۆچبەرانی داوە. لە لایەکی دیکەوە، نابێ ڕۆڵی میدیای سەربە بە دەسەڵات لە بەرهەمهێنانەوەی ئەم سیاسەتە دژە پەنابەرییە لەبەرچاو نەگیرێت. لەو ڕاپۆرتانەی کە لە میدیای دەوڵەتیدا بڵاودەکرێنەوە، پەنابەرانی ئەفغانستانی بە ناوی “نایاسایی”، “تاوانبار”، یان “هەڕەشەی ئەمنیەتی” وەسف دەکرێن. ئەم پڕوپاگەندەیە، بیروڕای گشتی بەرەو قبووڵکردن و بێدەنگبوون لەئاست ئەم جیاکارییە بردووە و ڕێگای بۆ جێبەجێ کردنی سیاسەتی ستەمکارانە خۆش کردووە. لە نەبوونی میدیای سەربەخۆ و ناوەندی چاوەدێری جەماوەریدا، ئەم چەرخەی هەڵاواردن و دوورخستنەوەیە بەردەوام بەرهەم دەهێنرێتەوە.

ئەوەیکە زیاتر لە هەمووان لەو هاوکێشەیەدا بوونی نییە، دەنگی خودی کۆچبەرانە. لە هیچ کام لەم بڕیارانەدا، منداڵان و بنەماڵە ئەفغانستانییەکان ڕێگەی بەشداری یان تەنانەت ڕادەربڕینیان نییە. لە وەها بارودۆخێکدا پشتیوانیی ڕێکخراو و ناوەندەکانی کرێکاران، خوێندکاران و مامۆستایان لە پەنابەرانی ئەفغانستانی هێندەی تر گرینگ بووەتەوە.

ڕێکخراو و ناوەندەکانی کرێکاران، مامۆستایان، کە هەمیشە جەختیان لەسەر ڕۆڵی چینی کرێکار و مامۆستایان لە بەرگریکردن لە کەرامەتی مرۆڤ و یەکسانی کردووەتەوە ، پێویستە دەستبەجێ هەڵوێستێکی لێبڕاوانەی پشتیوانی لە پەنابەرانی ئەفغانستانی بەتایبەت خوێندکاران بگرنەبەر. ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانە پێویستە ئەم بابەتە وەبیر بهێننەوە کە چینی کرێکار و مامۆستایان، وەک بەشێک لەم چینە، پارێزەری سنووری مرۆڤایەتی و ئازادی و یەکسانی مرۆڤن.

  هاوکات، ئەنجومەن و ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی منداڵان پێویستە کاردانەوەیەکی بانتر لە دەرکردنی بەیاننامەی هێمایین نیشان بدەن. سیاسەتی ئێستا، پێشێلکردنی بەئاشکرای مافی منداڵە و دەبێ وەک تاوانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەقاوبدرێت و ئیدانە بکرێت. بزووتنەوەی خوێندکاریش وەک سەنگەری بەرگری لە ئازادی و یەکسانی، ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە خوێندکاران، بە ڕێکخستنی کۆبوونەوە، بەیاننامەی بەکۆمەڵ و بەشداریی چالاکانە لە میدیاکان، ڕۆڵی مێژوویی خۆیان بەجێ بهێنن و نیشانی بدەن کە بەرگری لە مافی ئینسانیی پەنابەران، سنووری نەتەوەیی و جوگرافیایی ناناسێت.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv