فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوژرانی سێ ئەندامی دیکەی سپای پاسداڕان لە ئەنجامی هێرشە بەرەوامەکانی ئیسڕائیل
شەممە ۲۴-۰۳-۱۴۰۴   |  14-06-2025

سپای پاسدران پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ ڕایگەیاند کە، سێ ئەندامیان، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە پارێزگای زنجان، لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران کوژران. 
هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، لە دوایین هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، سێ زانای دیکەی ئەتۆمی بە ناوەکانی “عەلی باکەی کەریمی، مەنسوور عەسکەری و سەعید بەرجی” کوژراون. جێگای ئاماژەیە، لە یەکەم ڕۆژی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ٩ زانای ئەتۆمی دیکەی ئێران کوژرابوون.
 هەر لەم پێوەندەدا، ئەمڕۆ شەممە “یسرائیل کاتز” وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی توندی بە بەرپرسانی تاران دا و جەختی کردەوە “ئەگەر خامنەیی بەردەوام بیت لە هاوێشتنی مووشەک بەرەو ناوەندی ئیسرائیل، تاران دەسووتێنین.” هاوکات ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو تا بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٢٠٠ مووشەکی جۆراوجۆری ئاراستەی ئیسرائیلی کردووە و توانیویانە زیاتر لە ١٥٠یان لە ئاسماندا تێک بشکێنن. میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوەش کردووە، هەرچەندە بەشێکی زۆری مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە خراونەتە خوارەوە، بەڵام بەشێکی مووشەکەکان ئامانجیان پێکاوە و بەهۆیەوە سێ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. جێگای ئاماژەیە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی “شێری راپەڕیو” چەندین هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە ٢٠٠ ئامانجی ستراتێژیی لەنێو خاکی ئێراندا.