فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم مەترسیی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا
شەممە ۲۴-۰۳-۱۴۰۴   |  14-06-2025

نیوە شەوی هەینی ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٤، ئەرتەشی ئیسرائیل لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیدا کە ناوی نابوو هێرشی پێشگیرانە، ناوەندی نیزامیی مووشەکی، درۆنی و پەدافەندی و هێندێک لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی لەتاران و شارەکانی دیکە کردە ئامانج. نەتانیاهۆ سەرکوەزیرانی ئیسرائیل بەرەبەیانیی هەینی وێڕای ڕاگەیاندنی هەواڵی هێرش بۆسەر ئێران وتی: “ئەم هێرشانە هەتا کۆتایی هێنان بە هەڕەشەی تاران بەرامبەر بە ئیسرائیل، هەرچەند ڕۆژی پێویست بێت، درێژەی دەبێت”. وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە هێرشی ئاسمانیی سەرەتاییدا بۆسەر ئێران زیاتر لە ٢٠٠ فڕۆکەی ئەرتەشی ئیسرائیل پتر لە ٣٠٠ بۆمبان بەرەو ئامانجەکانیان لەناوەوەی ئێران هاویشتووە. ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیلیش لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە ڕایگەیاند: “ئێمە گەیشتووینەتە خاڵی بێ گەڕانەوە. زیاتر لەوە ناتوانین چاوەڕێ بین. وە چارەیەکمان بێجگەلە ئەم کردەوەیە نییە”. پێشتر کاربەدەستێکی باڵای زانیاریی ئیسرائیل باسی لە زنجیرە عەمەلیاتێک لە ناوەوەی ئێران کردبوو. لەم پەیوەندییەدا نوورینووز، میدیای شۆرای باڵای ئەمنیەتی ڕژیمی ئیسلامی ڕایگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی مانگی جۆزەردان عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری خامنەیی لە هێرشێکی تیرۆریستی بۆسەر ماڵەکەی بەسەختی بریندار بووە و ڕۆژی هەینی بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە مردووە.

لەم هێرشانەدا زیاتر لە ٢٠ کەس لە فەرماندە باڵاکانی ئەرتەش و سپای پاسداران، لەوانە سەرلەشکر محەممەد باقری سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، ئەمیر عەلی حاجی زادە فەرماندەی هێزی هەوافەزای سپای پاسداران و قاتڵی موسافرانی فڕۆکەی ئۆکراینی، غوڵامعەلی ڕەشید فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسداران، لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ستادی فەرماندەیی گشتیی سپادا کوژران. هەروەها لەم هێرشانەدا ژمارەیەک لە زانایانی ئەتۆمی لەوانە محەممەد مێهدی تێهرانچی و فەرەیدوون عەباسیش کوژران و زیانێکی زۆریش بە بینا و ناوەندە ئەتۆمی و نیزامییەکانی ڕژیم گەیشتووە.

عەلی خامنەیی کە حەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە بە ئاکامی دانوستانەکان خۆشبین نییە و دەرئەنجامێکی نابێت، لە کاردانەوە بە وتەکانی ترامپ کە وتبووی ڕێگەی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ڕژیمی ئێران نادەین و کۆماری ئیسلامی نابێ چەکی ئەتۆمیی هەبێت، وتبووی: “ئێمە پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ناوەوەی وڵات درێژە دەدەین. ئەم هەمووە دامەزراوەیە بەبێ پیتاندن مانایەکی نییە و ئەمریکا و ترامپ هیچ غەڵەتێک ناتوانن بکن. خامنەیی بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل لە بەیانیی ڕۆژی هەینیش لە پەیامێکدا وێڕای هەڕەشە و هەڵیت و پڵیتەکانی هەمیشە، هەڕەشەی سزای سەخت و چارەنووسی تاڵ و دەردناکی لە ئیسرائیل کرد و وتی ڕژیمی سەهیۆنیستی دەبێ چاوەڕوانی سزای سەخت بێت.

هێرشی ئیسرائیل لە کاتێکدا بێ موقاومەت ئەنجام درا کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا مەقاماتی باڵای ڕژیم و فەرماندەکانی سپای پاسداران بەقسەی خۆیان توونێلی مووشەکی و درۆنیی مۆدێرن بە مەودای نوێیان ئاشکرا دەکرد و ئیدیعایان دەکرد کە ئامادەیی تەواویان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەرجۆرە هەڕەشەیەک لەلایەن ئیسرائیلەوە هەیە و ئەگەر ڕژیمی سەهیۆنیستی کارێکی هەڵە بکات لەناوی دەبەن. ئەم قسە بێ بنەمایانە تەنانەت لەدوای هێرشی موساد لەناوەوەی ئێران و هێرشی بەرینی نیزامیی شەوی ڕابردووش، هەروا درێژەی هەیە. وتەبێژی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەدوای کوژرانی باقری سەرکی ئەم ستادە بێشەرمانە باسی لە ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کرد و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە “ئیسرائیل بەخاتری هێرشی ئاسمانیی بۆسەر ئێران بەهایەکی قورس دەدات”.

لەلایەکی دیکەوە سەرەڕای وتەی هێندێک لە کاربەدەستانی ئەمریکا لەوانە مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوە، سەبارەت بەوەیکە ئیسرائیل یەکلایەنە هێرشی کردووە و ئەمریکا لەم هێرشەدا بەشداری یان کۆمەکی ئیسرائیلی نەکردووە، دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەمریکایان لە ئەنجامدانی ئەم هێرشە ئاگادار کردووەتەوە. نیشتنی بەپەلەی چوار فڕۆکەی ئەمریکا لە بەغدا لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی جۆزەردان  بۆ بردنەدەری بەشێکی زۆر لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و هۆشداری ئەمریکا بە هاووڵاتییانی خۆی لە ئیسرائیل بۆ مانەوە لە شوێنی ئەمن، دەلیلێکی دیکەیە لە ئاگاداربوونی ئەمریکا لە ڕوودانی ئەم هێرشەی ئیسرائیل. هەڵبەت ڕۆژی هەینی ١٣ی مانگی جۆزەردان ترامپ لە گفتوگۆ لەگەڵ کەناڵی فاکس نیووز ئامانجی لە هێرش بۆسەر کۆماری ئیسلامی تەسلیمکردنی ڕژیم و بردنی بۆسەر مێزی دانوستان ڕاگەیاند و وتی: “لە پێشترەوە دەمزانی ئیسرائیل دەیهەوێ وەها هێرشێک ئەنجام بدات. ئێران نابێ چەکی ئەتۆمی هەبێت و هیوادارین بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ”. هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا “سێنتکام” وێڕای ئەوەیکە ڕایگەیاند لە بارودۆخی هۆشداری تەواو داین، ئامادەیی ئەمریکای بۆ پشتیوانی کردن لە ئیسرائیل لە بەرامبەر هەرجۆرە کاردانەوەیەکی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند.

هێرشی ئیسرائیل لە بارودۆخێکدا ئەنجام دەدرێت کە حەفتەی ڕابردوو شۆرای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، کۆماری ئیسلامیی بەخاتریی شاردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکان و پیتاندنی سەدان کیلۆ ئۆرانیۆمی ٦٠%، بە زۆرینەی دەنگ مەحکووم کرد و بەستێنی بۆ گەڕاندنەوەی هەموو گەمارۆ هەڵوەشاوەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی پێکهێنا. ئەم هێرشانە لە بارودۆخێکدا ئەنجام دەدرێت کە کۆماری ئیسلامی لە قووڵترین قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەست و پێ لێدەدات و لەسەر دەریایەک لە نەفرەت و بێزاریی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراوی ئێران حوکمڕانی دەکات. ئەم ڕژیمە جنایەتکارە لە یەکەمین کاردانەوەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل، دەستی کرد بە هەڕەشەکردن لە خەڵک و چالاکانی میدیایی و کۆمەڵایەتی و نووسەران و هەواڵنێران لە ئێران. لەم پەیوەندییەدا دادستانیی گشتیی ڕژیم دەستبەجێ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هۆشداری بە خەڵک دا کە “لە باس کردنی ئەم هێرشانە کە ئەمنیەتی دەروونیی کۆمەڵگا تێکدەدات خۆبەدوور بگرن”.

لە هەر حاڵدا، ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل لەم هێرش و فشارانە، پێشگرتن لە دەستڕاگەیشتنی حکوومەتی ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی و تەسلیم کردنی لە دانوستانەکاندایە. پێویستە بوترێ  کە هێرشی ئیسرائیل دوای کۆتایی هاتنی مۆڵەتی دوو مانگەی ترامپ بە کۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدرێت. ترامپ و ویتکاف نوێنەرەکەی، لەم گفتوگۆیانەدا هۆشدارییان دابوو کە لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، هێرشی نیزامیی ئیسرائیل بۆسەر کۆماری ئیسلامی موحتەملە. لەماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی هەوڵی زۆری دا بۆ ساغکردنەوەی هێزەکانی حیزبوڵڵا و حەماس و چالاک کردنی دووبارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، تا ستراتێژی و سیاسەتە ناوچەییە شکستخواردووەکەی بۆنیات بنێتەوە.

واقعییەت ئەوەیە کە شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل لە هەر دوو لاوە شەڕێکی کۆنەپەرستانە و جنایەتکارانەیە و بە زیانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئێستای ئێرانە و هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب مەحکوومی دەکات. بێگومان کۆماری ئیسلامی کە پایەکی سەرەکیی شەڕ لە ناوچەکە بووە، هەوڵ دەدات لە وەڕێکەوتنی ئەم شەڕە وەک دەرفەتێک بۆ سەرکوت و هێرشی زیاتر بۆسەر بزووتنەوەکانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش کەڵک وەرگرێت. ئەو بزووتنەوانەی کە زیاتر لە هەموو شەڕێکی نیزامی بۆسەر دەسەڵاتی ڕژیم هەڕەشەن و کۆماری ئیسلامی ئەوان بە گەورەترین و مەترسیدارترین دوژمنی خۆی حیساب دەکات. وەها شەڕێک جیا لە مەترسیی تیشکی ئەتۆمی و پەرەسەندنی نائەمنی، کاریگەری زۆری لەسەر ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەبێت. لەم ڕووەوە، تەنیا بە خێراکردنەوە و بە گەشەپێدانی خەبات بۆ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دەتوانین خەڵکی ئێران و ناوچەکە لە چنگ ئەم ڕژیمە جنایەتکارە ڕزگار بکەین، هەوڵی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بورژوازی و دەستی ڕاستییەکان بۆ ئاڵترناتیڤسازی لەسەرەوەی ئیرادەی خەڵک پووچەڵ بکەینەوە و لە بەرامبەر نەزمی ناوچەیی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئاسۆیەکی گەش بەڕووی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەینەوە.

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv