
بەپێی ڕاپۆرتەکان، خانەی دادی پارێزگای سنە بە ناردنی کورتەنامەیەک سەبارەت بەوەی بە “دڵخۆشی دەربڕین” و “هاندان بەمەبەستی تێکدانی ئاسایش” ناوی لێ بردووە، سەبارەت بە هەڵوێستی هاووڵاتییان لەسەر شەڕی نێوان حکومەتی ئێران و ئیسرائیل هەڕەشەی لێکردوون.
لەو کورتەنامەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە سازکردنی ناوەڕۆکێک کە دەبێتە هۆی “تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە تاوان دەناسرێت و بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەکرێت، هەر بەو هۆیەوە پێویستە لە زووترین کاتدا بسڕدرێتەوە. لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا، میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاندووە پێنج هاووڵاتیی دانیشتووی یەزد بەهۆی “تێکدانی بیروڕای گشتی و هەوڵی وێنەهەڵگرتنەوە لەو شوێنانەی چینبەندی کراون” دەستبەسەر بوون. هاوکات ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، سەبارەت بەوەی بە “هەرچەشنە کردەوەیەکی کولتووری، میدیایی، تەبلیغی و یارمەتی” بەمەبەستی پشتڕاست کردنەوە یان بەهێزکردن و سەقامگیری ئیسرائیل ناو براوە، هۆشداری داوە.