فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان: ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە دژی بەرژەوەندی جەماوەرە
یەکشەممە ۲۵-۰۳-۱۴۰۴   |  15-06-2025

بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٣ی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٤ بەرابەر لەگەڵ ١٣ی ژوئەنی ٢٠٢٥ بە فەرمانی دەوڵەتی ئیسرائیل هێزی ئاسمانیی ئەم وڵاتە بۆمبارانی دەیان ناوەندی نیزامی، زانیاری و ئەتۆمیی لە تاران و شارەکانی دەوروبەری دەستپێکرد. لەم هێرشەدا ژمارەیەک لە سەران و بەرپرسانی سەرەکیی سپا و ئەرتەش کوژران. لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی ئیسرائیلدا کۆماری ئیسلامیش بە هاویشتنی مووشەک و درۆن بەرەو شارەکانی ئیسرائیل لە چەند قۆناغدا وڵامی داوەتەوە کە خەساری گیانی و ماڵیی لێکەوتووەتەوە.

شەڕی ئەم دواییە قۆناغێکی تازە لە بەرەنگاربوونەوەی دوو بەرە، دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل و ڕژیمی جنایەتکاری ئیسلامییە. بەرەی تیرۆریستی ئەمریکا و ئیسرائیل دوای بە بنبەست گەیشتنی دانوستانەکان، دەرفەتێکیان بۆ فشارهێنان و تەسلیمکردنی کۆماری ئیسلامی لەپێناوی پێشخستنی پڕۆژەی نگریسی ڕۆژهەڵاتی نوێ، بەدەستهێناوە. پشتیوانیی ئەمریکا لە ئیسرائیل و باڵادەستبوونی ئیسرائیل لەبواری زانیاری و نیزامییەوە، نەتانیاهۆی فاشیستی بۆ لێدانی زەربەی قورس لە کۆماری ئیسلامی بێ باکتر کردووە.

کۆماری تاوانکاری ئیسلامی بە درێژایی ٤٧ ساڵ، بە ئەمنیەتی و نیزامی کردنی کۆمەڵگا و بە هەزینەکردنی هەزاران ملیارد دۆلار بۆ پڕچەککردنی خۆی، کۆمەڵگا و ژیانی خەڵکی بەرەو هەژاری و نەهامەتی بردووە و لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام خەڵکی کوشتووە و سەرکوتی کردوون. وەها ڕژیمێکی تیرۆریست و ئینسانکوژ، لەم شەڕەدا، کە بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی دەست لە هیچ جنایەتێک ناپارێزێت، هیچ مەشرووعییەتێکی نییە. ئەمە شەڕی دوو بەرەی سەرمایەدارییە کە پەرەستاندنی بە زیانی کۆمەڵگا و خەباتی جەماوەرە و دەبێ  دەستبەجێ کۆتایی بێت. هەوادارانی باڵی ڕاست و ناسیۆنالیست و هەروەها بەرگریکارانی میحوەری موقاومەتی کۆماری ئیسلامی، کە لەژێرناوی نشتماندا لە بەرەیەکی ئەم شەڕە تیرۆریستییە پشتیوانی دەکەن، دەبێ لەقاوبدرێن و بخرێنە پەراوێزەوە. ڕێگاچارەی بەرەی ئازادیخوازی و سۆسیالیستی، ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بە هێزی یەکگرتووی جەماوەری خەباتکار و ئازادیخوازە. نابێ ڕێگە بدەین کابووسی لیبی و عێراق و ئەفغانستان بە دەستتێوەردانی ڕۆژاوا و ئیمپریالیستەکان لە ئێران دووپات بێتەوە. ئەم شەڕە ماڵوێرانکەر و کۆنەپەرستانەیە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژوەند و قازانجی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران و ناوچەکەوە نییە.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان داوا لە کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران دەکات کە بە هاوکاری و هاوپشتیی خۆیان لە خەباتیان بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی بەردەوام بن. ئەم شەڕە نەتەنیا هیچ دەرفەتێک بۆ ڕزگاری لە نەکبەتی ئیسلامی فەراهەم ناکات بەڵکوو دەتوانێ بەربەستی جۆراوجۆر بخاتە سەڕ ڕێگای خەباتی ئێستای کرێکاران و خەڵکی ناڕازییەوە.

ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی تەنیا ڕێگای ڕزگارییە لە هەژاری و گرانی و سەرکوت و ئەم شەڕەی ئێستا. لەدژی بانگەشە و پڕوگاندەی حیزبە ناسیۆنالیستەکان بۆ سەپاندنی خۆیان بەیارمەتیی شەڕ و بۆمب و مووشەکی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا، بوەستنەوە. خەڵکی کوردستان شیاوی دەسەڵاتداریەتی لەڕێگەی شۆرا جەماوەرییەکانی خۆیەتی.

نا بۆ شەڕ

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتداریەتی شۆرایی

١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٥

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv