
هێرشی ڕۆژی هەینیی ئیسرائیل ڕژیمی ئیسلامیی غافڵگیر کرد. ئەم هێرشە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە ڕژیم بۆ بەشداری کردن لە قۆناغی شەشەمی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە مەسقەت، لە حاڵی ئامادەکاریدا بوو. ستراتێژی بێبنمای پێشگیرانەی ئەتۆمیی ڕژیمی ئیسلامی کە بە تەرخانکردنی سەدان ملیارد دۆلار و بە بەهای نەهامەتیی ئابووریی دەیان ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران بینا کرابوو، داڕما. حاکمانی ئیسلامی دوای شۆکی سەرەتایی بەهۆی لەدەستدانی فەرماندە باڵاکانی سپا و زانا ئەتۆمییەکانیان، لە دۆینێ شەوێوە موشەکبارانی ئیسرائیلیان دەستپێکردووە. بەڵام چۆنیەتیی کۆتایی هێنان بەم شەڕە کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە سەرەتاوە حەیسییەتی خۆیان بە نابوودیی ئیسرائیلەوە گرێ داوە وێڕای ڕەوتی یەکلاکردنەوەی پەروەندەی ئەتۆمی کە لە کۆبوونەوەی شۆرای حوکامدا دەستیپێکردووە، پێدەچێت گرژی و ناکۆکیی ناوخۆیی و بۆشایی گەورە لەناو دەسەڵاتی ئیسلامیدا پێکبێنێت.
هەروەک لە پێشتریشەوە ڕوون و ئاشکرا بوو و لەم هێرشەی ئیسرائیلیشدا بۆ جارێکی تر سەلمێندرا، زۆرینەی خەڵکی ئێران لە هیچ شەڕێکدا لە بەرەی ڕژیمی ئیسلامیدا نابن. شەڕی ڕاستەقینەی خەڵکی ئێران لەگەڵ گشت ڕژیمی ئیسلامی بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەیەتی. ئەو شەڕەی لە مانگی بەفرانباری ٩٦ەوە دەستیپێکرد و بە کوژرانی مەهسا و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١ بەردەوام بوو. لە ڕوانگەی ڕژیمی ئیسلامییەوە خەڵکی ئێران دوژمنی سەرەکین نەک ئیسرائیل. کەوابوو دەسەڵاتی ئیسلامی هەوڵ دەدات لە هێرشی ئیسرائیل بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێت تا خەباتی بزووتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان کە هەتا پێش هێرشی ئیسرائیل لەئادابوون، سەرکوت بکات. بێگومان ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل کە بەر بە دەستڕاگەیشتنی سێ ملیۆن کەس لە خەڵکی غەززە بە خۆراک، دەرمان و سەرەتاییترین ئیمکاناتی زیندوو مانەوە دەگرێت و دادگا نێونەتەوەییەکان حوکمی دەستبەسەرکردنی نەتانیاهۆ بەتاوانی جینۆساید دەردەکەن، دۆست و هاوپەیمانی فاشیستە سەڵتەنەتخوازەکان و ڕەزای پەهلەوییە، نەک خەڵکی ئێران.
ڕژیمی فاشیستی ئیسرائیل و ڕژیمی ئیسلامی بیانووی وجوودیی یەکترن و ئیدامەی حەیاتی جنایەتکارانەی خۆیان بە وجوودی ئەوی ترەوە پاساو دەکەن و هەر دووکیان دوژمنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و دژی هەرجۆرە پێشکەوتن و ئازادیخوازی لە ناوچەکەن. بێگومان ئەم شەڕە، جەماوەری ئێران کە عەزمیان جەزم کردووە بۆ ئەوەی لە چنگ نیزامی سەرتاپێ گەندەڵ و جنایەتکاری ئیسلامی ڕزگار بن، خانەنشین دەکات. بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان لە ئێران لەگەڵ هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و ناوەندە پێشڕەوەکان بە یارمەتیی یەکتر ڕێگای خۆیان بۆ درێژەی خەباتیان لەدژی گشت ڕژیمی ئیسلامی، لەدژی ڕژیمی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی سەڵتەنەتخوازی، دەدۆزنەوە.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی – بژی سۆسیالیزم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
شەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی
بەرابەر لەگەڵ ١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٥ی زایینی
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە