
بەپێی ڕاپۆرتەکان، کۆنتڕۆڵی ئەمنییەتی لەشارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان چڕتر بووەتەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە دانانی بازگە و کۆنترۆڵکردنی توندی تێپەڕین بەسەر ئۆتۆمبێلەکان بەتایبەت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە خاڵەکانی چوونە ژوورەوە و دەرچوونی شارەکان دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان لە سێ ڕێگای سەرەکی شاری مەهاباد (دەرچوونی مەهاباد لە تەنیشت مرور بەرەو ورمێ، دەرچوونی مەهاباد لە سەرەتای دیواری بەنداو لە سەرەتای ڕێگای مەهاباد پیرانشار، دەرچوونی مەهاباد بەرەو سەردەشت) ئۆتۆمبێل ڕادەگرن و پشکنین بۆ مۆبایل و بەڵگەنامەکانی شۆفێران دەکەن. سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی و بەشێوەی خۆسەرانە، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکاندا دەگرن و مۆبایلی هاووڵاتییان دەپشکنن. لە هەمان کاتدا هێزە ئەمنییەکان بەدواداچوون بۆ پەیوەندی کەسی تاکەکان دەکەن و دەپرسن کە ئایا کەسوکاریان لە دەرەوەی وڵات هەیە یان نا و دەپرسن ئایا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆخی ناوخۆی وڵاتیان لەگەڵ هیچ کەسێکدا لە دەرەوەی وڵات باس کردووە.