
بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناسەقامگیر و مەترسیداری ئەمڕۆی ئێران و ناوچەکە، ڕێکخراوەکانی واژۆکاری ئەم بەیاننامەیە بە ئەرکی خۆیان زانیوە کە هەڵوێستێکی بەکۆمەڵ بگرن. زەحمەتکێشانی ئێران، کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران و خەڵکی ستەملێکراو هیچ بەرژەوەندێکیان لە شەڕ، پەرەپێدانی کەشی نیزامیگەری، بۆمبارانی وڵات و سیاسەتی سوڵتەگەرانە و چەوسێنەرانەدا نییە و نابێت.
هێرشی نیزامیی ئیسرائیل و بۆمبارانی سەدان ئامانج لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران، لەوانە ناوەندی ژێربینایی، شوێنەکانی کار، پاڵاوگە و ناوچەکانی نیشتەجێ بوون، بەشێک لە پڕۆژەیەکی شەڕخوازانەیە کە بەهاکەی خەڵکی ئاسایی، بەتایبەت زەحمەتکێشان بە گیان و گوزەران و ژیانیان دەیدەن. ئیدیعای ئیسرائیل واتە نەبوونی دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵک، شتێک بێجگەلە درۆ و پڕوپاگەندەی سیاسی نییە. هەر دۆینێ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی “سووتاندنی تارانی” کردووە. هەڕەشەی بەردەوامی ترامپ و کاربەدەستانی ئەمریکا و پشتیوانیی تەواوی دەوڵەتانی ڕۆژاوا لەم هێرشە، تەنیا بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرژی و نائەمنی و تێکدانی ناوچەکە. دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەمریکا هۆکارە سەرەکییەکانی جینۆسایدی ئێستا لە غەززە و زۆرێک لە جنایەتەکانی دیکە لە ناوچەکە و جیهانن و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کە دووڕوویانە ژێستی ئاشتیخوازی دەگرن بەڵام بەکردەوە لە بەرامبەر ئەم جنایەتەدا بێدەنگیان گرتووەتەبەر، بەشێک هەر لەم پێکهاتەیەن. گشت نیزامی جیهانیی سەرمایەداری، مەنتقە سوودمیحوەرەکەی و دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی شەڕ، کارەساتی ئینسانی و لەناوچوونی ژینگەن.
چینی کرێکاری ئێران نەتەنیا هیچ بەرژەوەندێکی لەم شەڕەدا نییە، بەڵکوو ئەم شەڕانە ڕاستەوخۆ ژیان و ئاسایشیانی کردووەتە ئامانج. درێژەی گەمارۆ ئابوورییەکان، تەرخانکردنی بوودجەی بەرین بۆ بەشی نیزامی، وە سنووردارکردنی ئازادییەکان دەبێتە هۆی هەژاری بەرینتر، سەرکوتی زیاتر، برسیەتی، مەرگ و ئاوارەیی ملیۆنان کەس. بەڵام ڕێکخراو و چالاکانی سەربەخۆی کرێکاری و جەماوەری لە ئێران، هیچ خۆشباوەڕییەکیان لەئاست ئەوەیکە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانهەوێ ئازادی، بەرابەری و عەداڵەت بۆ ئێمە بێنن، نییە. هەروەک چۆن هیچ خۆشباوەڕییەکیشیان بە سرووشت و کردەوەی سەرکوتگەرانە، دەخاڵەتگەرانە، ماجەراجوویانە و دژەکرێکاریی کۆماری ئیسلامی نییە.
ئێمە کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران ساڵانێکی زۆرە بۆ دەستەبەرکردنی لانیکەمەکانی ماف و ئیمکاناتی سەرەتایی ژیان، بەهای قورسی وەک زیندان، ئەشکەنجە، ئێعدام، لەسەرکاردەرکردن، هەڕەشە و توندوتیژیمان داوە و هەروا لە مافی ڕێکخستن، کۆبوونەوە و ڕادەربڕینی ئازادانە بێبەرین. جەماوەرێ کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران، بە دروستی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە چەوساندنەوەی ئێمە سەروەتی نجوومییان وەسەر یەک ناوە و ئێمەیان لە بێمافی و نائەمنیی هەمیشەییدا ڕاگرتووە، تووڕە و بێزارن. هەموو ئەو بەرپرس و دامەزراوانەی دەستیان هەیە لە سەرکوت و کوشتنی کرێکاران و ژنان و گەنجان و خەڵکی چەوساوە، دەبێ لە لایەن جەماوەری ستەملێکراوەوە دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.
خەباتی ئێمە کرێکاران، خەباتێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتییە. ئەم خەباتە بە پشت بەستن بە هێزی خۆمان، لە درێژەی بزووتنەوەی ساڵانی ڕابردوو، بۆ “نان، کار، ئازادی” و “ژن، ژیان، ئازادی”، بە پشتیوانیی نێونەتەوەیی چینی کرێکار و هێزە مرۆڤدۆست و ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکان، بەڕێوە دەچێت.
درێژەی مەسیری شەڕی ئێستا، بێجگەلە وێرانیی زیاتر، زیانی قەرەبوونەکراوە لە ژینگە و دووپات بوونەوەی کارەساتی ئیسانی، ئاکامێکی دیکەی نابێت. چینی کرێکار و خەڵکی بێبەشی ئێران، هەورەک ستەملێکراوانی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لە قوربانییانی سەرەکیی ئەم بارودۆخەن.
ڕێکخراوەکانی واژۆکانی ئەم بەیاننامەیە لە هەموو ڕێکخراوەکانی کرێکاران، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، گرووپەکانی دژی شەڕ، ژینگەپارێزان و هێزە ئاشتیخوازەکانی سەرتاسەری جیهان داوا دەکات کە یەکدەنگ خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ، بۆمباران، کوشتاری خەڵکی بێتاوان و وێرانکردنی ژینگە بن و لە خەباتی خەڵکی ئێران و ناوچەکە بۆ کۆتایی هێنان بە جینۆساید، شەڕ و سەرکوت پشیتوانی بکەن.
خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە کۆتایی هاتنی شەڕی ماڵوێرانکەری نێوان دەسەڵاتە ناوچەیی و جیهانییەکان و بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی پایدارن. ئاشتییەک کە تێیدا خەڵک بتوانن چارەنووسی خۆیان لەڕێگەی سازماندان و ڕێکخستنی جەماوەری، پەرەپێدانی ناڕەزایەتی و بەشداریی ڕاستەوخۆ و گشتی، دیاری بکەن.
نا بۆ شەڕ – نا بۆ سیاسەتی شەخوازی
ئاگربەستی دەستبەجێ داواکاری بەپەلەمانە.
سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئۆتۆبووسڕانیی تاران و دەوروبەر
سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە
کرێکارانی خانەنشینی خووزستان
یەکیەتیی خانەنشینەکان
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان
گرووپی یەکیەتیی خانەنشینان
٢٧ی جۆزەدانی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٧ی ژوئەنی ٢٠٢٥ی زایینی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە