فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاکامەکانی شەڕی کۆنەپەرستانە، ژیان و ئاسایش و گوزەرانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە
شەممە ۳۱-۰۳-۱۴۰۴   |  21-06-2025

یەک حەفتە لە دەستپێکی شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان دەوڵەتی نەسلکوژی ئیسرائیل و ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی تێدەپەڕێت. لەو ماوەیەدا ئەرتەشی ئیسرائیل بەهۆی باڵادەستبوونی لەبواری هێزی ئاسمانییەوە، ڕۆژانە دەیان ناوەندەی ئەتۆمی، لێکۆڵینەوە، نیزامی، ئەمنیەتی، مووشەکی، درۆنی و تەبلیغاتیی ڕژیمی ئیسلامی و هێندێک لە شوێنە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هرانا “لەماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا لە ئێران، ٦٥٧ کەس کوژران و دوو هەزار و ٢٧ کەسیش برینداربوون”. بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٣٠ی مانگی جۆزەردان میدیاکانی کۆماری ئیسلامی باسیان لە بیسترانی دەنگی فڕۆکە و تەقینەوەی گەورە لە تاران کرد. لەو پەیوەندییەدا هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند: “لە هێرشێکدا بۆسەر شوێنێکی نهێنی لە کوێستانێک، کە لەوێ فەرماندەکانی سپای قۆدس کۆبوونەوەیان هەبوو، ٣٠ فەرماندەی سپای پاسداران کوژراون”.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە کەوتووەتە پێگەی لاوازەوە، نە خۆی زانیاری ڕاست بە خەڵک دەدات و نە ڕێگە بە هەواڵنێران و ڕۆژنامەوانان دەدات ڕاپۆرت ئامادە بکەن. جگە لەوەش لەم ماوەیەدا ڕژیم دەستی کردووە بە بانگکردن و هەڕەشە و دەستگیرکردنی کەسانێک کە وێنە یان کلیپێکیان لە شەڕ و وێرانییەکانی ئامادە کردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی هرانا، ڕژیم لەم ماوەیەدا لانیکەم ٢٠٦ کەسی بەم تۆمەتە دەستبەسەرکردووە.  ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەڕ و ژمارەی کوژراو و بریندار و وێرانییەکان، به خاوکردنەوە و پچڕاندنی ئینترنێت، لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری سەبارەت بە  باروۆدخی ئێستا لەلایەن خەڵک و هەواڵنێرانەوە، ڕێگریی کردووە. بەهۆی لەکارخستنی ئینترنێت لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی مانگی جۆزەردانەوە، پەیوەندی خەڵک لەگەڵ یەکتر لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە تێکچووە. ئەم بابەتە لە وەها بارودۆخێکدا بۆ خەڵک، لە بواری یارمەتی گەیاندن بە  یەکتر یەکجار گرینگە.

هەڵبەت میدیا فەرمییەکانی ڕژیم بەتایبەت “سازمانی سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی”، بەر لە شەڕ و لەماوەی زیاتر چوار دەیەی ڕابردووشدا، هێندەیان حەقیقەتەکان سانسۆر و پێچەوانە دەکرد، کە هیچ ئیعتبارێکیان لە نێو خەڵکدا نەمابوو. خەڵکی ئێران دەزانن ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن دەزگا تەبلیغییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، ناڕاستن و بەپێی بەرژوەند و قازانجی حکوومەت دادەڕێژرێن. دەزانن ئەوەی لە میدیاکانی ڕژیمدا بڵاودەکرێتەوە، لە سانسۆڕ و فیلتێری جۆراوجۆری ئەمنیەتی تێپەڕیوە و لەلایەن ئەوانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە. سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا نەک وەک دەزگایەکی پیشەیی تەبلیغ، بەڵکوو وەک ئامرازی سەرکوتی خەڵک لە ئیختیار دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژیمدا بووە و هاوئاهەنگ لەگەڵ ئەوان چالاکیی کردووە. هەربۆیە، بە ئیعترافی بەرپرسان و کاربەدەستانی باڵای ڕژیمی ئیسلامی، ڕێژەیەکی زۆر کەم لە خەڵکی ئێران کەناڵەکانی ڕادیو و تەلەڤیزیۆن و تۆڕەکاری نینترنێتی حکوومەت بەکاردێنن.

کۆماری ئیسلامی پێشتر لە جەریانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٩٦ و ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژیناش بە لەکارخستنی ئینترنێت، خەڵکی ئێرانی لە دەستڕاگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیهانییەکان بێبەری کرد و لەڕاستیدا لەوە، وەک ئامرازی سانسۆر و سەرکوتی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی کەڵکی وەگرت. لەکارخستنی ئینترنێت لە بارودۆخی شەڕی ئێستادا کە هەموو ساتێک ئیمکانی هەیە شارەکان لەلایەن فڕۆکە و درۆنەکانی ڕژیمی ئیسرائیل بۆمباران بکرێن، ئیمکانی گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بۆ یارمەتی کردنی یەکتر لە خەڵک زەوت دەکرێت. پچڕاندنی ئینترنێت لەم ماوەیەدا نەتەنیا پەیوەندی نێوان خەڵکی بەرەوڕووی کێشە کردووەتەوە، بەڵکوو ڕەوتی کەسب و کار، موعامەلە، گواستنەوە و کاروباری بانکی، کە لە دنیای ئەمڕۆدا بە ئینترنێتەوە گرێدراون، پەکخستووە و خەڵک دەستیان بە حیسابە بانکییەکانیان ڕاناگات و ناتوانن پارەی خۆیان بێننەدەر و بەکاری بێنن.

لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی مانگی جۆزەردان، بەکارهێنەرانی زۆرێک لە بانکەکان ڕایانگەیاند کە سیستەمی کارت و خزمەتگوزارییە بانکییەکان تووشی کێشە بوون یان یەکسەر لە کار کەوتوون. لەلایەکی دیکەوە بانکی سپە کە کاروباری ماڵیی پێرسۆنێلی نیزامی و سپا و بەسیج زیاتر لە ڕێگەی ئەم بانکەوە ئەنجام دەدرێت، بەتەواوی لە کار کەوتووە. هەواڵنێریی فارسی سەربە سپای پاسدارانی ڕژیم وێڕای پشتراست کردنەوەی هێرشی سایبێری بۆسەر ژێرخانەکانی بانکی سپە، دانی بەوە دانا کە: “بەهۆی پشتیوانیی ئەم بانکە لە پێگەکانی سووتەمەنی، لەوانەیە هێدێک لە پۆمپی بێنزینەکان تووشی کێشە و گرفت بن. لە زۆرێک لە شارەکان لە ڕۆژی یەکەمی هێرشی ئیسرائیلەوە، دابەشکردنی بێنزین تووشی کێشە بوو و خەڵک لەبەردەم پۆمپی بێنزینەکان بە چەندین کیلۆمیتر لە نۆرەدا ڕاوەستان. تێکچوونی سیستەمی بانکی لەگەڵ بڕانی بەردەوامی بەرق، کەمبوونی ئاو و نان، بێنزین و گران بوونی نرخی نان و پێداویستییەکانی دیکە، بەرەبەرە ئاڵۆزی و بشێوی لێدەکەوێتەوە و کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا لە دەستی حکوومەتی گەندەڵی ئیسلامی دەچێتە دەر و بەستێنی ناڕەزایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ئامادە دەکات.

لەم پەیوەندییەدا، ڕژیم ژمارەیەک لە زانکۆکان لەوانە زانکۆی سەنعەتی شەریفی داخستووە تا لە کۆبوونەوەی خوێندکاران و ناڕەزایەتییان ڕێگری بکات. ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردان، هەواڵنامەی خوێندکاری ئەمیرکەبیر بە شێوەیەکی بەپەلە چۆڵکردنی ڕاگەیاند و باری نائاسایی لە زانکۆکە ڕاگەیاند. لە لایەکی دیکەوە درێژەی شەڕ و بۆردومانی بەردەوامی ئیسرائیل و تەشەنەسەندنی نائەمنی، کەسانی بیانیی نیشتەجێی ئێران و تەنانەت بەشێک لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی دەوڵەتەکانی دیکەی ناچار کردووە چالاکییەکانیان ڕابگرن و ئێران بەجێبهێڵن. هەڵبەت گەلێک ڕاپۆرتیش سەبارەت بە هەوڵی بەرپرسان و کارگێڕانی کۆماری ئیسلامی، مۆرە بەسیجی و بەکرێگیراوەکانی ڕژیم بۆ چوونەدەر لە ئێران، بڵاوکراوەتەوە.

هەروەها، فەرماندەی ئینتزامیی مازەندەران ڕایگەیاند کە لەم ماوەیەدا بەتایبەت بەدوای هۆشداری چۆڵکردنی شاری تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە، شەش ملیۆن کەس چوونەتە پارێزگای مازەندەران. لەبارودۆخێکدا کە ڕژیمی جنایەتکار و داماوی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر خەڵکی ئاوارەدا هیچ بەرپرسایەتییەک وەئەستۆ ناگرێت، زۆرێک لە خەڵک لە شارەکانی مازەندەران، گیلان و کوردستان بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و منداڵەکانیان ناچار بوون ماڵوحالیان بەجێبهێڵن، لەسەر پارچە یان کارتۆن نووسیویانە “ماڵی خۆڕاییمان بۆ مانەوە هەیە”. ئەم کردەوە ئینسانی و بەرپرسانەیە، هاوپشتیی خەڵک لە خەبات دژبە حکوومەتی دز و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی لەپێناوی ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە گەشەپێدەدات و پێویستە لە هەموو بوارێکدا پەرەی پێبدرێت.

ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک هەست بەو زەروورەتە دەکرێ کە ناوەندەکان، ڕێکخراوەکان و ڕێبەرانی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە ناوەند و دامەزراوە سەنعەتی و خزمەتگوزارییەکان، موعەلیمان، شۆفیرانی کامیۆن، پەرستاران، خانەنشینان، کرێکارانی ڕێگەی ئاسن و چالاکانی بزووتنەوەی ژنان و خوێندکاری، لە تۆڕێکدا، پێکەوە پەیوەند بدرێن و چالاکییەکانیان لەم بوارەدا هاوئاهەنگ بکەن. پێویستە چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە ئاستی شارەکاندا پێکەوە پەیوەند بگرن و بۆ بەرپاکردنی ناڕەزایەتیی جەماوەری لەدژی شەڕ و گرانی بەرنامە دابڕێژن. ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ ئەم شەڕە بکاتە دەرفەتێک بۆ پەراوێزخستن و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری، دەبێ ئەم هاوکێشەیە بگۆڕدرێت و بە وەڕێخستنی ناڕەزایەتیی جەماوەری و مانگرتنی سیاسی جەماوەری و سەرتاسەری بە خواستی ڕاگرتنی دەسبەجێی شەڕ، خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی چەند هەنگاو بەرەو پێش بچێت.

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv