فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

چوونی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ ناو شەڕ، دوایین قۆناغی تێکشکاندنی ستراتێژی شەڕی پێشگیرانەی کۆماری ئیسلامییە
یەکشەممە ۰۱-۰۴-۱۴۰۴   |  22-06-2025

بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی مانگی ژۆئەنی ٢٠٢٥ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەواڵی بۆمباران کردنی سایتە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی ئەمریکا ڕاگەیاند. ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیی کە بارێکی کامڵ لە بۆمبەکان بەسەر دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆدا بەردراوەتەوە و فڕۆکەکان بە سڵامەت خەریکە بەرەو وڵات دەگەڕێنەوە. وێرای پیرۆزبایی لە هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بەخاتری هێرشێک کە بەوتەی ئەو هیچ ئەرتەشێکی دیکە لە جیهاندا ناتوانێ ئەنجامی بدات، لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیی: “ئێستا کاتی ئاشتییە”.

پاشان ترامپ لە وتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا ئەم هێرشەی “سەرکەوتنێکی نیزامی و تەماشایی” وەسف کرد و وتی: “دامەزراوە سەرەکییەکانی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ئێران بەتەواوی لەناوچوون”. ئەو تەئکیدی کرد کە داهاتووی ئێران “ئاشتی یان کارەسات” دەبێت و لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی فاکس نیووزیشدا ڕایگەیاند کە ٦ بۆمبی سەنگەرشکێن بەسەر سایتی فۆردۆدا بەردراوەتەوە و ٣٠ مووشەکی “تاماهاوک”یش دامەزراوەکانی دیکەیان کردووەتە ئامانج. ترامپ لە کاتێکدا بەپێچەوانەی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان فەرمانی دا کە بۆمبی B-2 واتە بەهێزترین بۆمب، لە جۆری ئاسایی، بەسەر گرینگترین سایتە ئەتۆمییەکانی ئێراندا بەردەنەوە کە تەنانەت ناوەندەکانی زانیاریی خودی دەوڵەتی ترامپ و ڕێکخراوی جیهانیی وزەی ئەتۆمیش ڕاپۆرت و هەڵسەنگاندنەکانی دوڵەتی ئیسرائیل سەبارەت بە خێرایی پێشکەوتنی کۆماری ئیسلامی لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و تەنانەت بڕیاری ڕژیمی ئیسلامی بۆ دروستکردنی تەئید نەکردووە.

بێهۆ نەبوو کە بێنیامین نەتانیاهووی تاوانکار، بە تۆنێکی سەرکەوتووانەوە ترامپی بەخاتری “بڕیاری جەسوورانە کە مێژوو دەگۆڕێت” ستایش کرد و خۆشحاڵ بوو بەوەیکە توانیویەتی ترامپ کە لە کەمپەینی هەڵبژاردندا، خۆی بە دژی دەستوەردانی نیزامی لە وڵاتانی دیکە پێناسە دەکرد، بەرەو ماجەراجوویی نیزامیی خۆی لەپێناوی شکڵدان بە نەزمی ناوچەیی دڵخوازی ڕابکێشێت.

بەڵام ئایا ڕەوانە کردنی فرۆکە و لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەهێزترین بۆمبی سەنگەرشکێن دەتوانێ ئاراستەی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە بگۆڕێت؟ لەڕاستیدا ئەوەی ئێستا شایەدین دوایین قۆناغی تێکشکانی ستراتێژی شەڕی پێشگیرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. پایەکی ئەم ستراتێژییە، ڕێکخستن و دامەزراندنی گرووپە نیابەتییەکان لە جۆری حیزبوڵڵا لە لۆبنان، ڕێکخراوی جهادی ئیسلامی لە فەلەستین، ڕێکخستن و پڕچەک کردنی گرووپە ئیسلامییەکان لە عێراق و یەمەن، شکڵدان بە گرووپە میلیشیاکان لە جەریانی قەیرانی سووریە و دەستوەردانی نیزامی لە ناوەندەکانی قەیرانی ناوچەکە و پەرەپێدانی تیرۆریزم بەپێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکان و سەرماگوزاریی بەرین لە بواری بەرنامەی ئەتۆمیدا بوو. لەدوای بەرکەوتنی زەربەی قورس و لێکبڵاوبوونی گرووپە نیابەتییەکان، ئێستا دامەزراوە ئەتۆمییەکان کە هەزینەی قورسی دروست کردنیان بەرهەمی پەرەپێدانی چەوساندنەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمتکێش و تاڵانکردنی سەروەتی کۆمەڵگایە، لەبەرچاوی سەرانی کۆماری ئیسلامی یەک لە دوای یەک نابوود دەبن و یان زیانیان پێدەگات. کۆماری ئیسلامی بە نەخشەگەلی ستراتێژیک و فراوانخوازی و ماجەراجووییە نیزامییەکانی، زۆرترین خزمەتی بە میلیتاریزەبوونی زیاتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشخستنی نەزمی ناوچەیی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد.

ئەگەرچی مەترسی پەرەسەندنی شەڕ جیددییە و نابێ بەهیچ شێوەیەک نادیدە بگیرێت، بەڵام زۆرێک لە فاکتۆەرە بابەتییەکان پێمان دەڵێن کە ئەم شەڕە درێژخایەن نابێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە پایەکی سەرەکیی ئەم شەڕەیە، بەهۆکاری واقعی و لەوانە لاوازبوونی بواری نیزامی و ئابووری و نەبوونی پشتی جەبهەیەکی ئەمن، توانای شەڕێکی درێژخایەنی نییە. لەماوەی ئەو دە ڕۆژەدا کە شەڕ لەئارادایە، پێکهاتەی فەرماندەیی و توانای نیزامی و سیستمی بەرگریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەگەر لەناویش نەچووبێت، قورسترین زیانی پێگەیشتووە. گەندەڵیی ڕیشەداکوتاو لەناو دەسەڵات و نفووزی ڕێکخراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە وەزارەتخانە و دامودەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی سپای پاسداران، کۆماری ئیسلامیی بەتەواو مانا بێ ئیعتبار کردووە.

دەوڵەتی ترامپ، بەلەبەرچاوگرتنی لاوازبوونی دەسەڵاتی ئابووریی ئەمریکا، هێستاش چوونە ناو شەڕێکی تەواو عەیار و پڕ هەزینە لە جۆری شەڕی ئەفغانستان و عێراق، لەڕاستای بەرژەوەندی درێژماوەیدا نابینێت. ئامانجی سەرەکیی بۆمبارانی قورسی سایتە ئەتۆمییەکانی ڕژیم، زیادکردنی فشار بەئامانجی ناچارکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ تەسلیمبوونی بێ شەرت و مەرج لەسەر مێزی دانوستانە و دانی دڵنیایی بە دەوڵەتی ئیسرائیلە کە لەوە بەدوا بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ هەڕەشەیەک بۆسەر مەوجوودییەتی دەوڵەتی ئیسرائیل بێت. دەوڵەتەکانی عەرەبستان، ئیمارات و قەتەریش بەهۆی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی ئەواندا و هەروەها بەهۆی وەبەرهێنان و پڕۆژەی مەزنی ئابووری کە لە دەستووری کاریان دایە، پەرەسەندنی ئەم شەڕە لەڕاستای بەرژەوەندی ئابووریی خۆیاندا نابینن. دەوڵەتی تورکییە ئەگەرچی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی کۆک نییە، بەڵام لاوازبوونی زیاتری ئەم ڕژیمە لە بەرامبەر میلیتاریزمی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەڕاستای بەرژەوەندی خۆیدا نابینێت. وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش کە پایەگای نیزامیی ئەمریکایان لێیە، یەکجار نیگەرانیی پەرەستاندنی شەڕن. ئەگەر شەڕ پەرە بستێنێت، ئەمنیەتی گەرووی هۆرمۆز کە زیاتر لە ٢٠% وزەی جیهان لەم ڕێگایەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان ڕەوانە دەکرێت دەکەوێتە مەترسییەوە و ئەمە دەتوانێ چوونەسەری نرخی نەوت و وزەی بەدواوە بێت کە دەوڵەتە ئورووپاییەکان بە زیانی ئابووریی خۆیانی دەزانن. چین بەو سەرمایەگوزارییانەی کە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامی داوە و بەهۆی ئەو نەخشە ڕێگایانەی کە بۆ بوون بە یەکەمین دەسەڵاتی ئابووریی جیهان هەیەتی، دژی پەرەسەندنی ئەم شەڕەیە. ڕووسیە نایهەوێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک هاوپەیمانی خۆی لەم ناوچەیە، زیاتر لەوە لاواز بێت. لەم ڕووەوە ئەگەرچی مەحکووم کردنی هێرشی دەوڵەتانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەلایەن حکوومەتەکانی ناوچەکە و تەنانەت لەلایەن چین و ڕووسیەوە لەئاستی کەلامدا ماوەتەوە، بەڵام هەر لە ئێستاوە و لە پشتی پەردەوە هەوڵی دیپلۆماتیکی بەرین لەئارادایە بۆ ئەوەی لە تەشەنەکردنی ئەم شەڕە ڕێگری بکرێت.

 بەم حاڵەوە نابێ پێداگریی دەوڵەتی نەتانیاهوو لەسەر شەڕ و هەوڵەکانی بۆ هێنانی پای ئەمریکا بۆ ناو شەڕێکی بەرین، وە بابەتی ماجەراجوویی لە پێکهاتەی حکوومەتی و بڕیاردانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ئاراستەی  هێندێک لە گرووپە حکوومەتییەکان لە خودی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی شەڕ نادیدە بگرین. نەتانیاهوو بۆ پەراوێزخستنی هەواڵی جەنایات و نەسکوژییەک کە لە غەززە خستوویەتە ڕێ و بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتی سیاسی پێویستی بە پەرەپێدانی ئەم شەڕەیە.

ئێستا کە مەترسیی پەرەستاندنی ئەم شەڕە بوونی هەیە، چینی کرێکار و ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران کە تەنیا لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا سێ ئاخێزی جەماوەری و شۆڕشگێڕانەیان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەرییان ئەزموون کردووە، لەم بارودۆخە جەنگییەشدا، پێویستە مۆری خۆیان بەسەر ڕەوتی ڕووداوەکاندا بکوتن. ئەگەر ڕژیمی ئیسلامی لە فورسەتی شەڕیش کەڵک وەردەگرێ بۆ ئەوەی بە هەڕەشە و گرتن و ئێعدام، جەماوەری ژنان و پیاوانی ئازادەی ئێران لە مەیدانی خەبات بخاتە دەر، لەم بارودۆخەشدا پێویستە بە دروشمی نا بۆ ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ، لە ناڕەزایەتی و خەباتی خۆیان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بن. لەم بارودۆخەدا خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و پووچەڵکردنەوەی پڕۆژەکانی ئەڵترناتیڤسازیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی بۆ دەست بە دەست کردنی دەسەڵات لە سەرەوەی ئیرادەی جەماوەر، لە مەسیری وەڕێخستنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و سەرتاسەری لەدژی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و لە مەسیری بەشدارییان لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا تێدەپەڕێت.

پێویستە خواستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ ببێتە خواستی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران. پێویستە هەموو ناوەندەکان، ڕێکخراو و ڕێبەران و چالاکانی ناسراوی بزووتنەوەی کرێکاری، ژنان، هەڵمەتی نا بۆ ئێعدام، بزووتنەوەی دادخوازی لە ڕوانگەی داکۆکی کردن لە بەرژوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لە درێژەی ئەو هەڵوێستە چینایەتی و ڕوونانەی کە بەرامبەر بەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە گرتوویانە، بەستێنی زەینی بۆ ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی جەماوەری لەدژی ئەم شەڕە ئامادە بکەن.

ئەگەر شەڕ کۆتایی بێت، کۆماری ئیسلامی ئەو ڕژیمەی بەر لە شەڕ نابێت. پێگەی ناوچەیی و نەتەوەییەکەی زیاتر لاواز دەبێت. ئەو ئیقتدارەی ئیدیعای دەکات زیاتر لە ڕابردوو لەبەرچاوی بیروڕای گشتی دادەڕمێت. ناکۆکی و کێشمەکێشەکانی ناوخۆی توتدتر دەبێتەوە. بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا ئاراستەیەکی هێرشبەرانەتر بەخۆیان دەگرن و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چەند هەنگاوی تر لە ڕووخان نزیک دەبێتەوە.

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv