
سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی “ئیسماعیل ئیسماعیلپوور”، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لەمشارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان کاتژمێر ٢ی نیوەشەو ڕژاونەتە ماڵی ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٦٠ ساڵەیە و لە ماڵەکەی خۆیدا بە بەکارهێنانی تواندووتیژی دەستبەسەریان کردووە. هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، “عەلی محەممەدی”، باوکی شەهریار محەممەدی لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.