
پێش دەستپێکردنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، سپای پاسداران، لە پێنج شەپۆلی جیاوازدا، زیاتر لە ٢٠ مووشەکی بالیستیکی گرتە ئیسرائیل.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، زۆرینەی مووشەکەکانی ئێران لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێک شکێنراون، بەڵام یەكێکیان لە شاری “بیئرسەبع” کەوتووەتە خوارەوە و بەر بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە. بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، حەوت کەس لە شاری “بیئرسەبع” لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی مووشەکە بالیستییە ئێرانییەکە کوژراون و زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات، چاوەڕێ دەکرێت، ژمارەی قوربانیان زیاتر بەرز ببێتەوە، بەو پێیەی دۆخی بەشێک لە برینداران ناجێگیرە. هاوکات ئیسرائیل لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە، چەندین شوێنی جیاوازی لە تارانی پایتەختی ئێران بۆمباران کردووە. بە گوێرەی میدیا ئێرانییەکان، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، ٩ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.