
دوای بۆمبارانی سایتە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەلایەن فڕۆکەکانی “بی ٢”ی ئەمریکا لە بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە یەکی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٤، یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی داڕما. ئەو بەرنامە ئەتۆمییەی کە لە ٣٥ ساڵ لەمەوبەرەوە هەتا ئێستا سەدان ملیارد دۆلار لە بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران و سەروەت و سامانی کۆمەڵگای لێ خەرج کرا و لەگەڵ ڕێکخستنی گرووپە ئیسلامییەکان لە وڵاتانی ناوچەکە بەشێک لە ستراتێژی مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوو. کۆماری ئیسلامی هەندێک جار تەنانەت بە گەورەکردنەوەی پێشکەوتنی پڕۆژە ئەتۆمییەکانی هەوڵی دەدا لە دەسەڵاتەکانی ناوچەکە ئیمتیاز وەربگرێت. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەیان ساڵە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و لێکۆڵینەوەی پڕۆژە ئەتۆمییەکان لە قۆناغی جیاوازدا لەگەڵ بەرپرسانی جۆراوجۆری ڕژیمی کۆماری ئسیلامی گفتوگۆی کردووە. بەڵام مەقاماتی کۆماری ئیسلامی بە وتنی ئەوەیکە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بە حەرامی شەرعی دەزانن و بەشوێن ئەم چەکەوە نین، هەوڵیان داوە ئەوان فریو بدەن، وە بەنهێنی خەریکی دروستکردن و دامەزراندنی دەیان سانتریفیووژ و ئامێرەکانی دیکەی پیتاندن بوون.
کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵ سایتە ئەتۆمییەکانی خۆی لە دیدی بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەشاردەوە. ڕێگەی پێنەدەدان پشکنین ئەنجام بدەن یان بەشێوەی سنووردار و مەرجدار ڕێگەی پێدەدان. تەنانەت هەندێک لەوانی بە مۆرەی ئەمریکا و ئیسرائیل ناو دەبرد. لەگەڵ هەموو بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئاژانس لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا پەیوەندییەکی پڕ لە گرژییان دروست کرد. هەر لەم حەفتەیەی ڕابردوودا عەلی لاریجانی راوێژکاری عەلی خامنەیی و ئەندامی مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام و سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، لە ئەکانتی ئیکسی خۆیدا هەڕەشەی تیرۆرکردنی لە ڕافائێل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس کرد و بە ئاشکرا ڕایگەیاند: “شەڕ تەواو بێت بە حیسابی گروسیش دەگەین”. چونکە گروسی دوای سەفەرەکەی بۆ تاران لە ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر سایتە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی ١٩ی جۆزەردان بەفەرمی پێشکەشی شۆرای حوکامی ئەم ئاژانسەی لە ڤیەن کرد، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٤٠٠ کلیۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ٦٠% بەرهەم هێناوە و تەنیا یەک هەنگاو لە پیتاندنی ٩٠% بۆ دروست کردنی بۆمب فاسلەی هەیە. وە ڕایگەیاند کە هەتا ئێستا هیچ دەوڵەتێکی غەیری ئەتۆمی لەم ڕێژەیەدا پیتاندنی ئەنجام نەداوە و ناتوانێ پاساوەکانی ڕژیم تەئید بکات.
عەلی خامنەیی و باقیی بەرپرسانی ڕژیم بە تەسەوری ئەوەیکە دەتوانن هەتا گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆم، سیاسەتی فریوکارانە و ملهوڕانەی خۆیان لەم بوارەدا درێژە بدەن، سەرەنجام لە لێکدانەوەکانیادا تووشی هەڵە بوون. ئەوان ساڵەها ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانیان بە گەمارۆی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و یەکیەتی ئورووپا، سەخت و دژوارتر کرد. هەڵبەت مافیای دەسەڵات لە سپای پاسداران و دەزگای ڕووحانییەت، لەو گەمارۆیانە قازانجی زۆریان کرد و لەژێرناوی دەوردانەوەی گەمارۆکان، ملیاردها دۆلاریان تاڵان کرد. لەئێستاشدا لەگەڵ بۆمبارانی قورسی ناوەندە سەرەکییەکانی پیتاندنی ئۆرانیۆم واتە نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان، پڕۆژەی ئەتۆمی، وەک دووهەمین بناغەی ستراتێژی مانەوەی حکوومەتی ئیسلامی هاوشێوەی ڕێکخستنی هێزەکانی “میحوەری موقاومەت” وەک بەشێک لە ستراتێژی “شەڕی پێشگیرانە”، دادەڕمێت. سەرانی حکوومەتی ئیسلامی کە هەر یەک لە پەناگایەکدا خۆیان شاردووەتەوە، لە بەرامبەر هێرشی ترامپ بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بێجگەلە درۆودەلەسە و هەڵیت و پڵیت کارێکیان لەدەست نایە. مەگەر ئەوەیکە هەروەک هێرشێک کە لە تۆڵەی قاسمی سولەیمانیدا ئەنجامیان دا، لە هاوئاهەنگی لەگەڵ خودی ئەمریکاییەکان پایەگایەکی نیزامیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مووشەکباران بکەن. لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتەکانی بەڕواڵەت هاوپەیمانی ڕژیم، واتە چین و ڕووسیە هەتا ئێستا بێجگەلە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لەئاست هێرشی ئەمریکا، هیچ هاوکارییەکی ڕژیمیان نەکردووە.
لە وەها بارودۆخێکدا دەوڵەتی ئەمریکا لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل، حکوومەتی ئیسلامیی خستووەتە سەر دووڕێیانی گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان یان هێرشی قورستری نیزامی. واقعییەت ئەوەیە کە لە وەها هاوسەنگییەکی یەکجار نابەرابەردا، گفتوگۆی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا ناکرێ ناوی دانوستانی لەسەردا بنێی. بەڵکوو ئەمە تەسلیمی یەک لایەنی شەڕ و قبووڵ کردنی هەموو مەرجەکانی لایەنی بەرامبەرە و کۆماری ئیسلامی بە ئیحتمالی زۆر ناچار بە قبووڵکردنی گفتۆگۆ دەبێت. لەوانەیە بابەتی گفتوگۆکانی ئەمجارەی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەک مەسەلەی ئەتۆمی، بەڵکوو لەناوبردنی دامەزراوە مووشەکی و توونێلەکان دەبێت کە فەرماندەکانی سپای پاسداران وەک کارتێک لە دانوستانەکانی پێشوودا لە تەلەڤیزیۆنەکانیاندا خۆیان پێ هەڵدەکێشا. ڕاگرتنی کۆمەک و پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە پاشماوەی ئەو گرووپانە دەبێت کە ساڵەهایە لەژێرناوی “میحوەری موقاومەت” لە ناوچەکە خەریکی زۆروێژی و باج وەرگرتنن. بەمجۆرە کۆماری ئیسلامی شتێکی بۆ مانۆڕدان بۆ نامێنێتەوە و بەتەواو مانا سەر بە ژێر دەبێت. ئەمریکا هەتا ئێستا ڕایگەیاندووە کە هێرشەکەی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕژیم بەمانای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە و بەتەمای ڕووخاندنی ڕژیم نییە.
ئێستا لەگەڵ تێپەڕینی ١٢ ڕۆژ لە شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی توانا نیزامییەکانی ئێران یەکجار زیانی بەرکەوتووە و لاواز بووە. زیانی گیانی زۆر بەر ڕێبەریی سپای پاسداران کەوتووە و زۆرێک لە ناوەند و بنکە و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی وێران بوون. هەڵبەت خەڵکی ستەملێکراوی ئێرانیش لە ئەنجامی بۆردومانەکانی حکوومەتی شەڕخوازی ئیسرائیلدا، زیانی دارایی و مرۆیی گەورەیان بەرکەوتووە. لە وەها هەلومەرجێکدا ڕژیمی داماوی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای کەناڵی جۆراوجۆرەوە هەوڵی بەدیهێنانی ئاگربەستی لەگەڵ حکوومەتی ئیسرائیل داوە و ئامادەیە لە هاوسەنگییەکی زۆر نایەکسانی هێزدا دانوستان بکات و ئیمتیاز بدات.
بەڵام تەمەنی کۆماری ئیسلامی ڕوو لە کۆتاییە. دوژمنی سەرەکیی ئەم حکوومەتە گەندەڵ و جینایەتکارە نەک ئەمریکا و ئیسرائیل بەڵکوو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشن کە ساڵەهایە لەلایەن ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەوە هێرشیان کراوەتە سەر، ژیان و گوزەرانیان کەوتووەتە مەترسییەوە. شەڕی کۆنەپەرستانە و تاوانکارانەی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگاوە نییە. نابێ ڕێگە بدەین شەڕ، مانگرتن و ناڕەزایەتی و خەباتی ڕۆژانەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا بخاتە پەراوێزەوە. چینی کرێکار و توێژە بەشمەینەتەکانی دیکەی کۆمەڵگا و خەڵکی ئازادیخواز بۆ ڕزگاری لە مەترسیی ئەم شەڕە و بۆ تێپەڕین لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، دەبێ بە پەرەپێدانی ڕیزی ڕێکخراوی خۆیان و بە هەوڵ بۆ پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەری، خۆیان بۆ وەڕێخستنی ڕاپەڕینی جەماوەری و بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە