
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١ی پوشپەڕی ١٤٠٤، “ئەیوب داربەرزین” ڕاهێنەری لەشجوانی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، دوای بانگ کرانی بۆ ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر کراوە.
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو چەند کاتژمێر دوای بڵاو کردنەوەی ستۆریەک لە ئینستاگرامەکەی سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل ، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە لە لایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگ و دواتر دەستبەسەر کراوە. جێگای ئاماژەیە، تا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی داربەرزین بۆ ئاگادار بوونیان لە چارەنوس و شوێنی ڕاگیرانی کورەکەیان ئەنجامێکی نەبووە و ئەم دۆخەش بنەماڵە و کەسوکاری ئەو هاووڵاتییەی نیگران کردووە.
شایانی باسە، بەشێک لە هاووڵاتییانی ئەمشارە بە تۆمەتی هاوشێوە دەستبەسەر و بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی سنە ڕاگوێزراون و بنەماڵەی دەستبەسەر کراوان بە هۆکاری گوشارەکانی دامەزراوە ئەمنییەتیەکان، هەواڵی دەستبەسەر کرانی منداڵەکانیان بڵاو ناکەنەوە.