
بە پێی زانیارییەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پوشپەڕی ١٤٠٤، چەندین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی گوماناوی لە ناوچە کوێستانییەکانی شاری سەلاس باوەجانی لە پارێزگای کرماشان ڕوویداوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەکێ لەو ناوچانەی زیانی بەرکەوتووە کێوی “بەمۆ” لە سنووری کوردستانی ئێران و عێراقە ناوچەیەک کە بنکەکانی سپای پاسدارانی تێدایە و بە هۆی کۆنتڕۆڵ و توندی ئەمنییەتی هاتوو و چوو تێیدا زۆر سنووردارە. لە هەمان کاتدا، ئاگرێکی بەرفراوان لە ناوچەکانی “دۆڵ دەڕە” و “ناوخاس”ی سەلاس باباجانی کەوتەوە و دەیان هێکتار لە ڕووپۆشی دارستانەکانی ناوچەی تۆعمە سووتا. شایانی باسە، لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هاوین ئاگری بەربڵاو و زۆرتر گوماناوی لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان ڕوویداوە. سەرچاوە ئاگادارەکان چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە زۆرجار ئەنجامدەرانی ئەم ئاگرکەوتنەوانە نادیارە و پێدەچێت بە ئامانجی پاککردنەوەی ناوچە سنوورییەکان بۆ دامەزراندنی یان بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکان ئەو کارە بکەن ئەمەش نیگەرانی بەربڵاوی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.