فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نەبوونی زانیاریی لە چارەنووسی سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد
هەینی ۰۶-۰۴-۱۴۰۴   |  27-06-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤، “محەممەد لوتفی فەر”، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵكی شاری مەهاباد، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیی لەمشارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەركردنی ئەم هاووڵاتییە، هێرشیان كردووەسە سەر ماڵی بنەماڵەیی ناوبراو، ماڵەكەیان پشكنیوە و ئۆتۆمبێلی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە. شایانی باسە، سەرەڕای تێپەڕینی هەفتەیەک لە دەستبەسەركرانی ئەم هاووڵاتییە و بەدواداچوونە بەردەوامەكانی بنەماڵەكەی، زانیارییەكی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەمنییەكان لەم بارەوە وڵامێكی ڕوونیان پێ نەداون. پێویستە بکوترێ، هەتا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتێکی دیکە هەر لەم پێوەندەدا، هەفتەیەک لەمەوبەر دوو برا بە ناوەکانی “کامبیز و چالاک محەمەدی” خەڵکی شاری مەهاباد، بە هۆکاری چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون. هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، لە سەر چارەنوس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم دوو برایە، هیچ زانیاریەک لەبەر دەستدا نییە.