
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی دووشەممە ۲ی پووشپەڕی ١٤٠٤، فواد عەلیخانی تەمەن ۴۱ ساڵ و خەڵکی گوندی “دەرەکە”ی سەر بە شاری ماهدەشت لەژێر ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی سپا گیانی لەدەستدا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی عەلیخانی، ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ۱ی پووشپەڕ، لە خاڵێکی پشکنین لە ڕێگای گەڕانەوەی لە شاری کرماشان بۆ ماهدەشت بەناوی خاڵی پشکنینی “ئازادێگان” دوای بەرخۆدان بۆ پێدانی مۆبایلەکەی، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئاسەواری شین بوونەوە لەسەر تەواوی جەستەی ئەو هاووڵاتییە دەبیندرا و خانەکانی سینگی لەژێر ئەشکەنجەدا شکێندرابوو. شایانی باسە، سپای پاسداران پاش ۲۴ کاتژمێر، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، بە بنەماڵەی فواد عەلیخانییان ڕاگەیاندووە کە تەرمی منداڵەکەیان لە نەخۆشخانەی تاڵه قانی کرماشانە. تەرمی ئەو گەنجە ڕۆژی سێشەممە بۆ پزیشکی داد گواستراوەتەوە و چوارشەممە بەخاک سپێردراوە.