
ڕۆژی هەینی ۶ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کەماڵ عوقابی، خەڵکی گوندی “باڵاگیر”ی سەر بە شاری شنۆ، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
شایانی باسە، ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردووش دەستبەسەر کرابوو. لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە ۴ی پووشپەڕی ١٤٠٤، عەسکەر نەجەفی، هاووڵاتیی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شوێنی کارەکەی لە بازاڕی قەسری شیرین، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ۱ی پووشپەڕی ١٤٠٤، حەسەن فەلاعیان، ناسراو بە “هاوار ڕۆژهەڵاتی” نووسەر و شاعیری خەڵکی پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە دوکانەکەی خۆی لەو شارە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی هەشت ڕۆژ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.