
بەپێی زانیارییەکان، “عومەر محەممەدی” شاعیر و نووسەری تەمەن ۵۴ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ، سەرەڕای نەخۆشیی دیسکی کەمەر، شەکرە، زەختی خوێن و نەخۆشی گورچیلە، بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانە پێویستەکانی، بە دەستبەسەرکراوی ڕاگیراوە و زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە کە ئەمەش نیگەرانی زیاتری سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی ئەو هاووڵاتییەی لێکەوتۆتەوە.
جێگای ئاماژەیە، سەرەڕای تێپەڕبوونی دوازدە ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی عومەر محەممەدی، ئەو هاووڵاتییە تا ئێستا لە مافە سەرەکییەکانی خۆی وەکوو مافی پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی کەسوکاری ناوبراو بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی تەندروستیی ئەو هاووڵاتییە بێ ئاکام ماوەتەوە. عومەر محەممەدی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆی لە شاری شنۆ دەستبەسەر کرابوو.