فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بەرپرسی ڕاستەوخۆی مەرگی زیندانیانە
چوارشەممە ۱۱-۰۴-۱۴۰۴   |  02-07-2025

بە دەنگی ڕەسای سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە، زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ
و بە خەباتی یەکگرتووانە، شەپۆلی ئێعدام و پەرەپێدانی سەرکوتی ڕژیمی ئیسلامی بەرپەرچ بدەینەوە

ڕۆژی دووشەممە ٢ی مانگی پووشپەڕ یەک ڕۆژ پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، ئەرتەشی فاشیست و جنایەتکاری ئیسرائیل هێرشی کردە سەر زیندانی ئێڤین و بەهۆی بۆمبارانەوە بەشێک لەم زیندانە لەوانە بینای ئیداری، ساڵۆنی ملاقات، بینای دادیاری و بێهداریی ئەم زیندانە زیانی بەرکەوت و ژمارەیەەک لە زیندانیانی بێدیفاع کوژران و بریندار بوون. بەدوای ئەم جنایەتەی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل، حکوومەتی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامیش لەوپەڕی وەحشیگەری و بەربەریەتدا لەجیاتی ئازادکردنیان، زیندانیانی بەندی ٣ و ٨ی بەندی ژنان بەتایبەت زیندانیانی سیاسی و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی بواری ژنان، کرێکاران، خوێندکاران، موعەلیمان و خانەنیشنانی کۆت و زنجیر کرد و بەبێ  هیچ جۆرە ئیمکاناتێکی ژیان ڕەوانەی زیندانەکانی دیکە لەوانە زیندانی فشافویە و زیندانی قرچەکی وەرامینی کردن. بە هەڵسووکەوتی توندوتیژ و غەیرەئینسانییەوە ڕێگەیان پێنەدان تەنانەت وەسایلی شەخسی و دەوا و دەرمانەکەشیان لەگەڵ خۆیان بەرن. زەرفییەتی ئەم دوو زیندانەش هەروەک باقیی زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامی هەر لە پێشترەوە پڕ بوو و ئەو بەندکراوانەی کە ڕژیمی ئیسلامی ڕەوانەی ئەو دوو زیندانەی کردوون جیگایەکیان بۆ خەو و ئیسراحەت نییە و لە دۆخێکی زۆر دژواردان. بەرپرسانی بەکرێگیراوی ڕژیم لەم دوو زیندانەدا، تەنانەت سووکایەتی و بێڕێزییان بە بنەماڵەی ئەو زیندانیانە کردووە کە پێش ڕوودانی ئەو جنایەتە داوای ئازادکردنی ئازیزانیان کردبوو. ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی کە لە سەرەتادا بێدەنگی گرتە بەر و ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەک بدات، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، ٦ ڕۆژ دوای ڕوودانی ئەو تاوانە، ڕایگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین گەیشتووەتە ٧٩ کەس. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەر ئەم وتەبێژەی ناوەندی درۆ و سەرکوت، دوای کۆتایی شەڕ، ژمارەی کورژاوەکانی ئەم هێرشەی ٧١ کەس ڕاگەیاندبوو و وتبووی کە لەم هێرشەدا بەشێک لە کادری ئیداریی زیندان، بەشێک لە بنەماڵەی زیندانیان و ژمارەیەک لە زیندانییان کوژراون.

بەدوای ئەم کردەوە جنایەتکارانەیەی دەوڵەتی ئیسرائیل، هەتا ئێستاش سەرەڕای سەردانی ڕۆژانەی کەسوکاری زیندانیان بۆ دڵنیابوون لە وەزعیەتی سڵامەتیی ئازیزانیان، بەرپرسانی دز و گەندەڵی حکوومەتی ئیسلامی، لەجیاتی ڕوونکردنەوەی ڕاستیەکان و دانی زانیاری دروست سەبارەت بە شوێنی ئێستای زیندانیان، بە بێڕێزی کردن و درۆودەلەسە، وڵامی بنەماڵەکان نادەنەوە. هێستاش ڕژیمی شکستخواردووی کۆماری ئیسلامی، بە ئامانجی پەردەپۆش کردنی شکست و تەڵەفاتی جەنگی خۆی، ئاماری وردی زیندانیانی گیان بەختکردوو و بریندارەکان بڵاو ناکاتەوە و هێستاش زۆرێک لە بنەماڵەی زیندانیان لە دۆخی تەندروستی ئازیزانیان و شوێنی ڕاگرتنیان لەدوای ڕاگواستنیان لە زیندانی ئێڤین، ئاگادار نین.

هەر لەو پێوەندییەدا زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ئێڤین بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و بارودۆخی نامرۆڤانەی گواستنەوەیان لە دوای هێرشی ئیسرائیل ئاشکرا کرد. ئەوان بە توندی ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە کۆت و بەندکردنی زیندانیان و گواستنەوەی ١٤ کاتژمێری لەژێر بۆردومان و درێژەدان بەو دۆخە دژوارە. وە خوازیاری ئەوە بوون کە حکوومەتی ئیسلامی کۆتایی بە سیاسەتی تۆقاندن و سەرکوتکردنی دڕندانە و سنووردارکردن و گرتن و دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ لە کۆمەڵگادا بهێنێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، محەمەد حەبیبی، وتەبێژی “شۆرای هەماهەنگیی یەکیەتیەکانی مامۆستایانی ئێران”، لە کەناڵی تێلێگرامی شۆرادا هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر زیندانەکە و کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنیی ئیدانە کرد و خوازیاری ئازادکردنی هەموو بەندکراوان بە زووترین کات بوو و ڕایگەیاند: “هەر لە یەکەم ڕۆژی هێرش بۆ سەر زیندانی ئێڤین، شۆرای هەماهەنگیی یەکیەتیەکانی مامۆستایان سەبارەت بە زیندان و ئەو بنەماڵانەی سەردانی زیندانیان کردبوو، هەروەها سەبارەت بە کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی بەتایبەت بەندکراوان خۆیان و بنەماڵەکانیان، چەند ڕاپۆرتی بڵاوکردەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە وتەبێژی دەزگای قەزایی ڕژیمی ئیسلامی یەک حەفتە دواتر لە ڕاپۆرتێکی ناڕوون و ناڕاستدا، باسی لە کورژان و برینداربوونی ژمارەیەک لە زیندانیان و بنەماڵەکانیان کرد. شۆرای هەماهەنگیی یەکیەتیەکانی مامۆستایان هەروەها ڕاگەیاند زەرەر و زیانێکی زۆر بە بینای بەندی ئەمنیەتی ٢٠٩ گەیشتووە و باری تەندروستی ژمارەیەک لە بەندکراوانی ژوورەکانی تاکەکەسی ناڕوونە.

هەر لەو پەیوەندییەدا شۆرای خانەنشنانی ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی پاراستنی گیانی هەموو بەندکراوان زانی و خوازیاری ئاگادارکردنەوەی ڕوون و ورد سەبارەت بە کوژراو و بریندارەکان و ڕوونکردنەوەی دۆخی ئەو بەندکراوانە بوو کە هیچ خەبەرێکیان نییە و تەئکیدی کرد کە لە وەها بارودۆخێکدا بەندکراوان بەتایبەت بەندکراوانی سیاسی دەبێ دەستبەجێ ئازاد بکرێن نەک ئەوەی ڕەوانەی زیندانەکانی دیکە بکرێن. هەروەها مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی ٤ی مانگی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتی جێگەی نیگەرانی سەبارەت بە گواستنەوەی بەندکراوان لە زیندانی ئێڤینەوە پێگەیشتووە.

گیانلەدەستدانی ئەو زیندانیانە و برینداربوونیان لە کاتێکدا بووە کە کۆماری ئیسلامی پێشوەخت دەیزانی کە هێرشێکی لەو شێوەیە ڕوودەدات، بەڵام هیچ هەنگاوێکی لەو پێوەندییەدا هەڵنەگرتووە. ڕۆژی ٧ی پووشپەڕ، فاکس نیوز بڵاویکردەوە، ئیسرائیل پێشتر بەرپرسی زیندانی ئێڤینی لە هێرشێکی لەو شێوەیە ئاگادارکردۆتەوە. ئەگەرچی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەم هەواڵە بە دەنگۆ و درۆی دوژمن دەزانن، بەڵام ئیسکەندەر مۆئمێنی وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی پزشکیان بە شێوەیەک، دانی بەوە دانا. مۆئمێنی لە شەشی مانگی پووشپەڕدا وتی: “لە سەعاتەکانی سەرەتای هێرشەکەدا، کاربەدەستانی ئەمنیەتی بۆ ڕێگری کردن لە شۆڕش و هەڵاتنی بەندکراوان، لە زیندانی ئێڤین چەند چالاکییەکیان ئەنجام دابوو.

درۆودەلەسەی ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە چارەنووسی بەندکراوانی زیندانی ئێڤین لە کاتێکیدایە کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ “مەترسی” ئاخێز و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، شەپۆلێکی نوێ لە ئێعدامی بەندکراوانی خستووەتە ڕێ. تەنیا لە ڕۆژی یەکەمی مانگی پووشپەڕدا، ١٧ بەندکراو ئێعدام کران و لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٤ەوە هەتا ئێستا لانیکەم ٤٢٤ کەس ئێعدام کراون. سەران و فەرماندەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا لە سەردەمی شەڕی کۆنەپەرستانە و بۆمبارانەکاندا هیچ بایەخێکیان بە دابینکردنی ئەمنیەتی بەندکراوان نەدا، بەڵکوو دوای کۆتایی هاتنی شەڕ و شکستی سەرشۆڕانەشیان، بەتەمان تۆڵە لە خەڵک و بەندکراوان بکەنەوە.

هەتا کاتێک کە موناسباتی سەرمایەداری، مەزهەبی و سەرکوتگەر زاڵە، ماشێنی ئێعدام لەکار ناکەوێت. خەباتی سازماندراو و ڕێکخراوی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ئیعتڕازییەکان بە هاواری ڕەسای بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ، سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە، دەتوانێ دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە بکات. تەنیا بە ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بە شکڵدان بە ئاڵترناتیڤی سۆسیالیستی لەسەر بەستێنی خەباتی ئێستادایە کە دەتوانین دەسەڵاتی شۆرایی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، کۆتایی هاتنی کوشتن و توندوتیژیی ڕێکخراوی دەوڵەتی و گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری و ڕەفاهی ئینسانەکان بخەینە ئاسۆوە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv