
بە پێی ڕاپۆرتەکان،، ڕۆژی دووشەممە ۹ی پووشپەڕی ١٤٠٤، سمکۆ مەعڕووفی چالاکی ژینگەپارێزی و خەڵکی شاری بۆکان، سەرلە نوێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی مەعڕووفی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە چەندین ئۆتۆمبێل ماڵی ئەو چالاکە ژینگەپارێزییەیان لە یەکێک لە گەڕەکەکانی بۆکان گەمارۆ دابوو. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. جێگای ئاماژەیە، سمکۆ مەعڕووفی ڕۆژی شەممە ۱۶ی ڕەشەممەی ١٣٩٩، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر و دوای ۲۵ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ۱۰۰ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو. ناوبراو مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٠، بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی لە لایەن دادوەری لقی ۱۰۴ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی “پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت” بە یەک ساڵ زیندان و دوو ساڵ قەدەغەبوونی ڕۆشتنەدەرەوە لە ئێران مەحکووم کرابوو.