
کۆنفڕانسی ٣ی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیسەکانی کوردستان لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ٢٨ و ٢٩ی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٥ بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم لە شاری ستۆکهۆڵم دەستیپێکرد.
ئەم کۆنفڕانسە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە ئاکامەکانی شەڕی دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵگای ئێرانی خستووەتە بەردەم ئاڵوگۆڕی چارەنووسسازەوە. ئەو ئاڵوگۆڕەی کە هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان پێویستە بۆ کاریگەری دانان لەسەری، خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.
لەم کۆنفڕانسە دوو ڕۆژەیەدا کە بە بەشداریی نزیک بە ١٠٠ کەس بەڕێوەچوو، سەرجەم دەستووری جەلەسەکان درانە بەر باس و لێکۆڵینەوە و بڕیاریان لەسەر درا. ڕاپۆرتی کاری کۆنفڕانس و هەروەها هەڵسەنگاندنی چالاکییەکانی نێوان کۆنفڕانسی دووهەم و سێهەم دەستووری یەکەمی کۆنفڕانس بوو کە تێیدا بەشداربووان وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر گرینگی پێگەی شۆرا و پەسندکردنی چالاکییەکانی هەتا ئێستای، ئاماژەیان بە کەموکوڕییەکانی کاری شۆرا کرد و پێشنیارەکانی خۆیان بۆ گەشەپێدانی شۆرا و بۆ سەرەنجدان بە کار لە کۆمەڵگای کوردستان و بۆ کۆمەک بە تەقویەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پێشکەش کرد.
کۆنفڕانس هەروەها کولیەتی بەیاننامەیەکی سیاسیی پەسند کرد کە تێیدا وێڕای سەرنجدان بە بارودۆخی هەستیار و وەرچەرخاوی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان، چەندین ئەرکی دیاریکراوی لە قەباڵ بارودۆخی ئێستا بۆ دەورەی داهاتوو دەستنیشان کرد کە شۆرا دەبێ بەجێیان بێنێت. باسی بانگەشە و تەبلیغی فەرهەنگی شۆرایی لە هەموو ئاستەکان و جێخستنی چۆنیەتیی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی لە کوردستان یەکێک لە دەستوورەکانی کۆنفڕانس بوو کە لەلایەن بەشداربووانەوە تەئکیدی لەسەر کرا. هەروەها پێشنیاری ڕێکخستنی چەند فۆنکسیۆنێک لە پەیوەند لەگەڵ چالاکی لەناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا درایە بەرباس و لێکۆڵینەوە و بڕیار درا لە پەیوەند لەگەڵ پێکهێنانی کۆمیتەگەلێک لەم بوارەدا لە قۆناغی دهاتوودا هەوڵ بدات.
کۆنفڕاس هەروەها، هەیئەتی هاوئاهەنگیی هەڵبژێردراوی خۆی ئەرکدار کرد کە چەندین پەیام لە دیفاع لە زیندانیانی سیاسی و هەروەها ئیعتڕاز دژبە جینۆسایدی خەڵکی فەلەستین ئامادە بکات و بڵاوی بکاتەوە.
کۆنفڕانس لە کۆتایی کاری خۆیدا ٧ کەس لە ١٢ کەسی ئەندامانی هەیئەتی هاوئاهەنگیی دەوری داهاتووی لە ناو هاوڕێیانی سەربەخۆی شۆرادا هەڵبژارد کە بریتین لە هاوڕێیان: “محەممەد ئارانی، شیوا سوبحانی، خالید عەلی پەنا، پڕشنگ بەهرامی، محەممەد وەلەدی و مریەم سوڵتانی. هەروەها هاوڕێ محەممەد عوزەیریش وەک ئەندامی جێگرەوە هەڵبژێردرا.
کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و ڕێکخراوی کوردستانی ئیتحادی سۆسیالیستی کرێکاری لە داهاتوودا ٦ کەس، واتە لە هەر حیزب ٢ کەس، وەک هەیئەتی خۆیان بە هەیئەتی هاوئاهەنگی دەناسێنن. کۆنفڕانس، دوای دوو ڕۆژ باس و گفتوگۆی چڕ و هیوابەخش، بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ کۆتایی بە کاری خۆی هێنا.
هەیئەتی هاوئاهەنگیی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیسەکانی کوردستان
١١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢ی جولای ٢٠٢٥ی زایینی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە