فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێویستە سیاسەتی نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە پەنابەرانی ئەفغانستانی بە خەباتی یەکگرتووانە پاشەکشە پێبکەین
یەکشەممە ۱۵-۰۴-۱۴۰۴   |  06-07-2025

لە چەند مانگی ڕابردوودا و بە تایبەت دوای شکستی زەلیلانەی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، شەپۆلێکی نوێ لە دەرکردنی پەنابەرانی ئەفغانستانی لە ئێران دەستی پێکردووە. ئەم کردەوەیە، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانە ناوخۆیی و ناوچەییەکان، بۆ جارێکی تر مەسەلەی دەرکردنی پەنابەرانی خستووەتە ناوەندی سەرەنجی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بیروڕای گشتییەوە. بەیاننامەی ئەم دواییەی ڕێکخراو و دامەزراوە سەربەخۆکانی کرێکاری و خانەنشینی، بە دروست ئەم سیاسەتەی مەحکووم کردووە و بە بەشێک لە پڕۆژەی چڕکردنەوەی سەرکوت و بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە قەیرانە پێکهاتەییەکانی کۆماری ئیسلامی ناو بردووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ژمارەی دانیشتوانی پەنابەرانی ئەفغانستانی لە ئێران پێش شەپۆلی نوێی دەرکردنەکان، بە نزیکەی ٤ بۆ ٥ میلیۆن کەس مەزەندە کرابوو. لەم ژمارەیە، تەنها نزیکەی یەک ملیۆن کەس بەڵگەنامەی فەرمی نیشتەجێبوونیان هەبووە و ئەوانی دیکە کە مافی نیشتەجێبوونیان نەبووە، بەردەوام لە ژێر فشاری دادگاییکردن و دەستبەسەرکردن و دیپۆرتکردنەوە و زەوتکردنی سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکاندا بوون. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە، لەگەڵ چڕبوونەوەی فشارە سیاسی و ئەمنییەکان، پرۆسەی دەرکردنی کۆچبەران خێراتر بووەتەوە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە حکوومەت باسیان لە دەرکردنی لانیکەم ٥٠٠ هەزار کەس لە ماوەیەکی کورتدا کردووە. ئەم ئامارە تەنها بەشێکە لە ڕاستییەکان، بەو پێیەی زۆرێک لە دەرکردنەکان بەبێ ئەوەی لە ئامارە فەرمییەکاندا تۆمار بکرێن ئەنجام دەدرێن.

دیاردەی کۆچبەری و هەڵسووکەوتی نەشیاو و دەرکردنی کۆچبەران لە بارودۆخێکدا کە دەوڵەتەکان لەگەڵ قەیران بەرەوڕوو دەبنەوە ڕیشەی لە قەیرانە پێکهاتەییەکانی نیزامی سەرمایەداریی جیهانیدایە. ئەفغانستان لەژێر فشاری دەستێوەردان و هەڵمەتە سەربازییەکانی زلهێزە سەرمایەدارییە جیهانییەکان و شەڕ و ململانێ، بۆ ماوەی چەند دەیەیە بووەتە یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی هێزی کاری هەرزان و بێدیفاع. زۆربەی پەنابەرانی ئەفغانستانی لە ئێران، خەڵکێکی کرێکار و زەحمەتکێشن کە لە سەختترین و نامرۆڤانەترین بارودۆخدا بە حەقدەستی یەکجار کەم و چەند قات ژێر هێڵی هەژاری، بە بێ بەهرەمەندبوون لە مافە سەرەتاییەکانیان کار دەکەن. ئەم هێزە کارە هەرزانە، قازانجێکی زۆری بۆ سەرمایەداران و خاوەنکارانی ئێران لێکەوتووەتەوە و لە بەردەوامبوونی موناسباتی چەوسێنەرانەدا یارمەتیدەر بووە.

بەم حاڵەوە، لە بارودۆخی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و بێکاری و گرانی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتیدا، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، سیاسەتی دژەپەنابەریی توندتر کردووەتەوە.

سەپاندنی تۆمەتی وەک “سیخوڕی” بەسەر پەنابەران، هەوڵێکە بۆ داپۆشینی شکستی ئەمنیەتی و نیزامی، گەندەڵی و ناکارامەیی حکوومەتی ئیسلامی. لە کەس شاراوە نییە کە ڕەگەزپەرستی و سیاسەتی دەرکردنی کۆچبەران، بەشێک لە پڕۆژەیەکی گەورەترە بۆ سەرکوت و کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا.

کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە وتاری ڕەگەزپەرستانە و میللیگەرایی، هەوڵ دەدات کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێرانی بخاتە بەرامبەر کۆچبەرانەوە و کەلێن و بۆشایی چینایەتی بە پەرەپێدانی دەمارگرژیی قەومی و نەتەوەیی داپۆشێت. ئەم سیاسەتە، نەتەنیا سەرەتاییترین مافی ئینسانی و کەرامەتی پەنابەران پێشێل دەکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی لاوازبوونی هاوپشتیی چینایەتی و نێونەتەوەیی لە نێوان کرێکارانی ئێران و ئەفغانستاندا. هەروەک بەیاننامەکەی ڕێکخراوە سەربەخۆکانیش تەئکیدی لەسەر دەکات “کۆچبەرانی زەحمەتکێشی ئەفغانستانی هەم لە شین و هەم لە شاییدا سەردەبڕدرێن”. ئەوان قوربانییانی نیزامێکن کە پێناس و ژیانی ئەوان بە تاوانی “ئەفغانی” بوون ئینکار و سەرکوت دەکات.

لەم بارودۆخەدا ئەرکی چالاکانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرامبەر ئەم سیاسەتە نامرۆڤانە و کۆنەپەرستانەیەدا، دیفاعی لێبڕاو لە مافی کۆچبەران و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیاسەتی فریوکارانە و سەرکوتگەرانەی حکوومەتی ئیسلامییە. تەنیا بە پەرەپێدانی هاوپشتیی چینایەتی و نێونەتەوەیی کرێکارانی ئێران و ئەفغانستان و بە یەکگرتوویی و پشیتوانیی هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانین لە بەرامبەر پڕۆژەی جۆراوجۆری تەفرەقەنانەوە و ڕەگەزپەرستانەدا ڕاوەستین و ڕێگا بۆ خەباتی هاوبەش لە دژی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان هەموار بکەین. شەپۆلی نوێی دەرکردنی کۆچبەران و پەنابەرانی ئەفغانستانی، نە ڕێگاچارەیە بۆ قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و نە ئەمنیەتی پیشە و سەقامگیری بۆ کرێکاران و خەڵکی ئێران بەدوای خۆیدا دێنێت. ئەم سیاسەتە، تەنیا دەبێتە هۆی قووڵتربوونەوەی ستەم و هەژاری و ناسەقامگیری. پێویستە بە خەبات و خۆڕاگریی یەکگرتووانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئینسانە ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکانی سەربە  هەر میللیەت و نەتەوەیەک، ئەم سیاسەتە پاشەکشەی پێبکرێت.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv