
بەپێی ڕاپۆرتەکان، چالاكێکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵكی شاری بۆكان، كۆتاییەكانی هەفتەی ڕابردوو لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیی بە بەكارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.
ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، “مەلەک فەرەجبەیگی” تەمەن ٤٣ ساڵ و دایكی كچێكی ٢١ ساڵان دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ورمێ گواستراوەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، نزیک بە ٢٠ كەس لە هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات بە شكاندنی درگای چوونەژوورەوەی ماڵی مەلەک فەرەجبەیگی چوونەتە ناو ماڵەكە و بە شێوەیەكی توندوتیژانە ناوبراویان دەستبەسەر كردووە. شایانی باسە، ئەم هێزانە دەستیان بەسەر هەندێک لە كەلوپەلی مەلەک فەرەجبەیگی و ئەندامانی بنەماڵەكەدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكارەكانی دەستبەسەركران، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتە سەپێنداوەكان بۆ سەر ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.