کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە سنووری بانە
سێشەممە ۱۷-۰۴-۱۴۰۴   |  08-07-2025

بە پێی ڕاپۆرتەکان ئەمڕۆ سێشەممە ۱۷ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی «ئەنجێنە»ی سەر بە شاری بانە بەناوی “خالید محەممەدی” تەمەن ۲۳ ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم گیانی لەدەستدا.
شایانی باسە، ئەو کۆڵبەرە گەنجە کە لەم دواییانەدا هاوسەرگیری کردبوو، لە سنووری «شابدین»ی بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی حکومەت دڵ و سییەکانی کراوەتە ئامانج. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی خالید محەممەدی تا ئێستا لە نەخۆشخانە ڕاگیردراوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.