دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتیی لە شارەکانی بۆکان و پیرانشار
یەکشەممە ۲۲-۰۴-۱۴۰۴   |  13-07-2025

ڕۆژی شەممە ۲۱ی پووشپەڕی ١٤٠٤، “ئیسماعیل چووکهلی” هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر دوکانەکەی لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە بۆکان گواسترایەوە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ۱۹ی پووشپەڕی ١٤٠٤، زوبەیر مەحموودی، خەڵکی پیرانشار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.