
بە پێی ڕاپۆرتەکان، دوای تێپەڕینی نزیك بە مانگێك لە دەستبەسەركردنی “دلێر سەلیمی” و هاوژینەكەی “ژیلا تەشەكوری”، دوو گەنجی خەڵكی شاری سەقز لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات، زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی نزیك لەم بنەماڵەیە، دلێر سەلیمی لە كاتی دەستبەسەركرانی تاوەكوو ئێستا هیچ جۆرە پەیوەندییەكی لەگەڵ بنەماڵەكەی نەبووە و ژیلا تەشەكوری تەنیا یەک پەیوەندییەكی كورتی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵەكەی هەبووە. شایانی باسە، ئەم دوو هاووڵاتییە، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیڵ” لێپرسینەوەیان لێ كراوە. دلێر سەلیمی، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامییەوە لە جادەی ساوە دەستبەسەر و دوای چوار ڕۆژ هاوژینی ناوبراو، ژیلا تەشەكوری بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگ و دەستبەسەر كراوە.