
بە پێی زانیارییەکان، ڕۆژی سێشەممە ۲۴ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئاراز ساڵحی، باوکی “کەژاڵ ساڵحی” تەمەن ۱۴ ساڵ و خەڵکی گوندی ناوەی سەر بە شاری بۆجنوورد، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. شایانی باسە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی دەستبەسەرکرانی کەژاڵ ساڵحی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو بنەماڵە، بەڵام پاش ئەوەی نەیانتوانیوە کەژاڵ دەستبەسەر بکەن باوکیان دەستبەسەر کردووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو بنەماڵەیە، دەستیان بەسەر سەرجەم مۆبایل و کەرەستە ئەلیکتڕۆنییەکانیاندا گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیان لە ڕۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی ئەنجامی پرۆسەی لێپرسینەوە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکەن. جێگای ئاماژەیە، کەژاڵ ساڵحی، خوێندکاری تەمەن ۱۴ ساڵ، لە چەندین ڕێوڕەسمی کولتووریدا دیکلەمەی بە ناوەرۆکی شۆڕشگێڕی لە وەسفی کوردستاندا خوێندبۆوە کە دەنگدانەوەی بەرفراوانی لە نێوان بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمانە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو.