ئەرتەشی رووسیا بەفڕۆکەی شەڕکەر، مووشەک و تۆپباران کەوتووەتە گیانی خەڵکی ئۆکراین. لەئاکامدا خەڵکێکی زۆر هەوڵ دەدەن لەسنوورەکانی ئۆکڕاین لەگەڵ پۆڵەندا، ئۆسلواکیا، رۆمانیاو هەنگاریا خۆیان دەرباز بکەن. ئەمە لایەنێکی دیکەی هێرشی سەربازی دەوڵەتی رووسیایە. دەوڵەتی پۆڵۆنیا باسی لەدەرچوونی سەد هەزار پەناخواز بۆ ئەو ووڵاتە کردووە. وێنەی ئەو پیاوانەی لەسەر سنوورەکان بەناچار لەژن و منداڵەکانیان جیا دەبنەوەو دەست بەگەرووی گورگدا دەدەخەن، بووەتە وێنەیەکی دڵتەزێنی میدیاو سەردێڕی چاپەمەنییەکان. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەوان هیچ قازانجێکیان لەو شەڕەدا نییە. رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە ئەگەر ئەو شەڕە درێژە بکێشێ، لانیکەم چوار ملیۆن کەس ئاوارە دەبن.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رۆژێک دوای هێرشی سەربازی دەوڵەتی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینیا داوای لەووڵاتانی یەکێتی ئەورووپا کرد کە خۆیان بۆ وەرگرتنی پەناخوازان ئامادە بکەن. ناوبراو ئەمەی بەئەرکێکی مرۆیی دەوڵەتانی ئەوروپایی و بەرگری لەبەهاکانی ناولپبردبوو. ئەم جارەش بڕیار وایە بەشێوەیەیەکی تر لەچارەنووسی ژاناوی پەناخوازان بۆ ئامانجی پڕوپاگەندەی جەنگی سوود وەربگرن. ئاشکرایە کە ووڵاتانی دراوسێی ئۆکراینیا، لەوانە پۆڵۆنیاو رۆمانا دەبێتە مەیدانی تراژێدیای نوێی پەناخوازان. ئەوە لەکاتێکدایە کە شەش هەفتە لەوەپێش هەڵسووکەوتی نامرۆڤانەی دەوڵەتانی پۆڵۆنیاو بیلارووس لەگەڵ پەناخوازان بووە سەردێڕی چاپەمەنییەکان. ووێنەی دڕندەییەکی بێ وێنە کە بەهۆی کێبڕکێیی ناوخۆییەوە بووە سەردێڕی چاپەمەنییەکان. پەناخوازان لەژێر سەرمای زستاندا لەنێو خێمەدا لەدارستانەکانی ئەو ووڵاتانە گیریان خواردبوو. لەئاکامی کێبڕکێکانی دەوڵەتانی سەربەرووسیا لەگەڵ دوڵەتانی سەر بەرۆژئاوا پاسەوانانی سەرسنووری پۆڵۆنیا بەگازی فرمێسکڕێژ و لێدان و بێ حورمەتی کەوتبوونە گیانی پەناخوازان.
شەش هەفتە لەوەپێش گشت دەوڵەتانی زلهێزی ئەوروپایی پشتیوانیان لەهەڵسووکەوتی نامرۆڤانەی پاسەوانانی سەرسنووری پۆڵۆنیا کردو دەوڵەتی پۆڵۆنیایان هان دا لەسەر سنوورەکانیان لەگەڵ بیلاڕووس دیوارێکی گەورە بکێشن. ئەمانە ئەمڕۆ فرمێسکی درۆیینە بۆ شەپۆلی ئاوارەکانی ئۆکراینیا دەڕێژن. دەوڵەتی ئەڵمانیا کە ئەمڕۆکە داوا لەووڵاتانی ئەوروپی دەکات یارمەتی بەپەناخوازانی ئۆکراینیا بگەیەنن، دوێنێکە سڵی لەوە نەدەکرد کە کەل و پەلی لۆجێستیکی بەپاسەوانانی سەرسنووری پۆڵۆنیا بگەیەنن. هەر ئەو کاتەش ناوەندەکانی پارێزەری مافی پەناخوازان گەلێک راپۆڕتی دڵتەزێنیان لەسەر هەڵسووکەوتی خراپی پاسەوانانی سنوورەکانی پۆڵۆنیا لەگەڵ پەناخوازەکان بڵاوکردەوە. ئەو رێکخراوانە رایانگەیند کە پاسەوانانی سنوورەکانی پۆڵۆنیا بەگازی فرمێسکرێژ هێرش دەکەنە سەر ئەو کەسانەی نزیکی سیمخاڵدارەکان دەبنەوە. ئەو کەسانەش لەسەر سیمەکان دەپەڕنەوە دەدرێنە بەر لێدان و بێ حورمەتییان پێ دەکرێت. گشت دەوڵەتانی ئەوروپی باش دەیانزانی کە گەڕاندنەوەی پەناخوازەکان بەبێ پێڕاگەیشتن بەداواکاری پەنابەرێتییان کۆنوانسیۆنی ژێنێڤ پێشێل دەکەن.
بە بڵاوکردنەوەی راپۆڕتی کومیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەرۆژی دووشەممە، بەرابەر بە بیست و یەکەمی فێڤریە پەردە لەسەر سیاسەتەکانی ئەو دەوڵەتانە لەسەر پرسی پەناخوازی هەڵدرایەوە. “فیلیپۆ گراندی”، یەکێک لەکاربەدەستانی پلەبەرزی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تووندوتیژی نواندن و پێشێلکردنی مافەکانی پەناخوازان لەلایەن دەوڵەتانی ئەوروپی ئیدانە کردووەو روو لەکاربەدەستانی ئەو دەوڵەتانە رایگەیاندووە : “ئەوەی ئەمرۆکە لەسەر سنوورەکانی ئەوروپا روودەدات نە لەبواری یاساییەوە رەوایەو نە لەبواری ئەخلاقیشەوە. هەر بۆیەش دەبێ رابگیردرێت.” ناوبراو لەدرێژەدا ووتی کە “تووندوتیژنواندن بەرانبەر بە پەناخوازان و پەنابەران لەسەر سنوورەکانی دەوڵەتانی ئەوپی پەرەی سەندووەو تەنانەت لەهەندێک بابەتدا مەرگی قوربانییەکانی لێکەوتووەتەوە.” ئەوەی کومیساریای باڵای پەناخوازانی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممە رایگەیاند تەنیا گۆشەیەکی بچووک لەتراژێدیای پەنابرانە. هەر تەنیا ئەوە بەسە چاوێک بەسەر رێگای گەیشتنی پەناخوازەکان بەئەوروپا بکەین بۆ ئەوەی ئاستی راستەقینەی ئەو قەیرانەمان بۆ روون ببێتەوە. کاتێک ئاماری پەناخوازانی خنکاو لەئاوەکانی مەدیتەرانە بەمیدیا دەگات، کاتێک راپۆڕتی فرۆشتنی پەناخوازان لەبازاڕەکانی لیبی دەبێتە سەردێڕی چاپەمەنییەکان، کاتێک ژوومارەیەکی زۆر لەپەناخوازان لەتورکیە ناچار بەکۆیلەتی دەکرێن، ئیتر روون دەبێتەوە چۆن سەرکردەکانی دەوڵەتانی ئەوروپی لەیەکێتی ئەوووپا گوێی خۆیان بەسەر ئەو کارەساتە مرۆییەدا داخستووە. بەپێی راپۆڕتی کومیساریای باڵای پەناخوازانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تەنیا لەتورکیە نزیکەی سێ ملوێن و حەوسەد هەزار پەناخوازی خەڵکی سووڕیە دەژین. بەپێی ئەو راپۆڕتە، نزیکەی ٣٣٠ هەزار پەناخوازی ووڵاتانی دیکەش لەتوورکیەن کە زۆربەیان خەڵکی ئەفغانستانن و بەهیوای گەیشتن بەئەورووپا لەتوورکیا دەژین. ئەو کەسانەی لەئەفریقاوە بەرەو ئەورووپا رێدەکەون، لەراستیدا لەمەیدانی مینڕێژکراوەوە دەپەڕنەوە. ئەمانە ئەگەر لەلیبی بەکۆیلە نەکرێن، دەبێ لەشەپۆلی خرۆشانی دەریای مەدیتەرانەوە بپەڕنەوە. ئەو دەریایە لەراستیدا بووەتە گۆڕستانی پەناخوازان. تەنیا لەشەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا لانیکەم هەزار و سەد و چل کەس لەو دەریایەدا خنکاون کە هەوڵیان داوە خۆیان بەووڵاتانی ئەورووپی بگەیەنن. هەڵبەت ئاژانسی پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ژوومارەی ئەو کەسانەی لەساڵی رابردووی زایینیدا لەرێگەی ئاویدا کوژراون یان بێ سەروشوێنن بوون، بەدوو هەزار پێنسەد کەس راگەیاندووە. بەپێی راپۆڕتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا لەرۆژی سی مانگی ئازەرەوە هەتا سێی بەفرانبەری ئەمساڵ، سێ کەشتی پڕ لەپەنابەر لەدەریای ئەژە و مەدیتەرانەو رێگای دەریایی باکووری ئەفریقا نوقم بوون. ئەگەر کەشتییەکانی رێکخراوەکانی پارێزەری مافی پەناخوازان گیانی پەنابەرانی دیکە رزگار دەکەن، بەڵام تازە کارەساتی ژیانیان دەستپێدەکات. ئەم کەشتییانە لەزۆربەی بابەتەکاندا بۆ ماوەیەک زۆر لەکەناری ئاوەکاندا لەچاوەڕوانی دانی ئیزن لەلایەن دەوڵەتەکانی وەکوو ئیتالیاو یۆنانەوە دەمێننەوە.
ئەوانەش هوڵ دەدەن لەرێگای زەوی و لەووڵاتانی باڵکانەوە خۆیان بەئەوروپا بگەیەنن لەزۆربەی بابەتەکاندا چەندین ساڵ لەنێو دارستانەکانی سەر سنووری بۆسنی و کروواسی لەنێو کەپر و کەوێڵدا دەمێننەوەو چاوەڕوانی مەجالێک بۆ تێپەڕبوون لەسنوورەکان دەبن. کاتێک لەمانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا هەواڵی خنکانی بیست حەوت پەناخوازی کورد لەکاتی پەڕینەوە لەفەڕەنساوە بۆ بەریتانیا لەکەناڵی مانش بوو بەسەردێڕی هەواڵەکانی ماس میدیا، ناوەرۆکی راستەقینەی ئەو کەسانەی بەردی بایەخەکانی ئوروپی لەسینگ دەدەن، دەرکەوت.
راستییەکەی ئەوەیە کە کاربەدەستانی دەوڵەتانی ئەوروپی دەمێکە گوێی خۆیان لە کارەساتێک خنیوە کە لەسەر سنوورەکانی ووڵاتانی ئەوروپی یان ئەو ووڵاتانەی پەیماننامەیان لەگەڵ هەیە. بۆ ئەوانە پاراستنی قەڵای ئەورووپا لەگیان و حاڵی بەملیۆن مرۆڤی دیکە گرینگترە کە لەئاکامی سیاسەتەکانی ئەو دەوڵەتانەدا بێ ماڵ و حاڵ کراون.
سەردەمانێک لەئاکامی بۆردمانی ئەمپریالیزمی رۆژئاواوە بەملیۆن مرۆڤ لەسووریا، عێراق، ئەفغانستان و لیبی ئاوارە دەبوون، بەڵام ئەمڕۆ خەڵکی ئۆکریا بەهۆی هێرشی سەربازی ئەمپریالیزمی رووسیاوە بێ ماڵ و حاڵ کراون. لەم کات و ساتەدا پێویستە مرۆڤایەتی پێشکەوتوو بەدەنگی بەرز لەدژی ئەم شەڕ و تاوانانە دەنگ بەرز بکەنەوەو پەیامی جیهانێکی مرۆیی بەگوێی پارێزەرانی سەرمایە بگەیەنن. لەچەند رۆژی رابردوودا چەندین رێپێوان و میتینگی ناڕەزایەتی دەربڕینی گەورە لەزیاتر لەسەد ووڵاتی جیهاندا بەڕێوەچوو. تەنانەت بەهەزاران کەس لەرووسیا دژ بەسیاسەتی شەڕخوازانەی دوڵەتی ئەو ووڵاتە لەئۆکریانیا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد کە لەلایەن پۆلیسی رووسیاوە سەرکوت کران. ئەم حەرەکەتانە مووژدەی ئەوەمان پێ دەدات کە مرۆڤایەتی پێشکەوتنخواز نایەوێت چاوپۆشی لەم بەڕبەڕیەتە بکات.