
ڕۆژی سێشەممە ۲٤ی پوشپەڕی ۱٤۰٤، کوڵبەرێک بە ناوی “پەیام ئەحمەدی” خەڵکی ئاوایی “بەرقڕو”ی سەر بە شاری سەوڵاوا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە ناوچەی سنووری “هەنجیران”ی سەر بە شاری مەریوان کوژراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، پاسەوانانی سنوور بە شێوەی هەڕەمەکی تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردوە و لە ئەنجامیدا پەیام ئەحمەدی فیشەکی بەرکەوتووە و دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە. شایانی باسە، بە هۆکاری تەقەی زۆر و میلیتاریزە کرانی ناوچەکە، تا کۆتایی هەمان ڕۆژ نەتوانراوە تەرمی ئەم کۆڵبەرە بگوازرێتەوە و هێزە ئەمنییەکان ڕێگایان نەداوە، کۆڵبەرەکانی دیکە تەرمەکەی بگوازنەوە بۆ مەریوان. دواجار تەرمی پەیام ئەحمەدی سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ۲٥ی پوشپەڕ، لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەریوان کراوە.