
کۆنفڕانسی سێهەمی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان کە لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٤ بەرابەر لەگەڵ ٢٨ و ٢٩ی جولای ٢٠٢٥ لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو، جیا لە هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی چالاکییەکانی شۆرا لەماوەی دوو کۆنفڕاس و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی دیکە، کولیاتی بەیاننامەیەکی سیاسیی کە لەلایەن هەیئەتی هاوئاهەنگییەوە پێشکەشکرابوو، پەسند کرد. وە تەکمیلکردن و وردبوونەوەی بەپێی باسەکانی کۆنفڕانسی بە هەیئەتی هاوئاهەنگیی خۆی ئەسپارد. بینەرانی ئازیز، ئەوەی لێرەدا پێشکەشتان دەکرێ، بەشی یەکەمی ئەم بەیاننامەیە کە لەلایەن هەیئەتی هاوئاهەنگیی شۆرای هاوکارییەوە ئامادە و بڵاوکراوەتەوە.
سێهەمین کۆنفڕانسی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە نیزامی سەرمایەداری بە بەهێزکردنی ڕەوتە ڕاستە توندڕەوەکان لەئاستی جیهانیدا نەتەنیا پەرەی بە چەوساندنەوە و هەژاری و بێبەشیی ئابووری داوە، بەڵکوو بەستێنەکانی پەرەسەندنی شەڕ و جینۆساید، نائەمنی، بێگانەهەراسی (نێئۆفاشیزم) و لەناوبردنی ژینگەی فەراهەم کردووە. دەوڵەتانی سەرمایەداری زیاتر لە ڕابردوو بوونەتە ئامرازێک لە خزمەت بەرژەوەندی سەرمایەدا. ئەو ئامرازەی کە هێرش بۆسەر مافی کرێکاران، ئازادیی سیاسی، بایەخە ئینسانییەکان و دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان زەمانەت دەکات. نموونەی بەرچاوی ئەم بارودۆخە، درێژە و پەرەسەندنی شەڕە، لەوانە شەڕ لە ئۆکراین و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە. ئەو شەڕانەی کە نەتەنیا ڕەنگدانەوەی کێبەرکێی ژئۆپۆلیتیک و نیزامیی نێوان بلۆکەکانی سەرمایەداریی جیهانییە، بەڵکوو ئاکامی وێرانگەری بۆ خەڵکی ناوچەکە، بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و بۆ ژیانی ئیسانەکان لێکەوتووەتەوە.
لەم بارودۆخەدا، سەرەڕای گەشەی بێوێنەی تێکنۆلۆژی و چوونەسەری بەرچاوی ئاستی بەرهەمهێنان، بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت لەئاستی جیهانیدا قووڵتر بووەتەوە و ملیۆنان ئینسان لە بارودۆخێکی دژواردا ژیان بەسەر دەبەن و ژینگە کەوتووەتە ژێر مەترسیی جدییەوە. لە ئاوا بارودۆخێکدا، ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری لە کاردانەوە بە سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتەکان، بزووتنەوەی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین و ناڕەزایەتی دژبە جینۆسایدی ڕژیمی ئیسرائیل و پشتیوانانی لە ناتۆ، خەباتی دژی ئاپارتایدی نەژادی و جنسیەتی، وە بزووتنەوەکانی پاراستنی ژینگە و بەرگری لە ئازادییە سیاسییەکان، هەر هەموویان بەستێنە گرینگەکانی درێژە و گەشەی چالاکیی سۆسیالیستی لەئاستی جیهاندان و هیوا بۆ بنیاتنانی جیهانێکی ئازاد، بەرابەر و ئینسانییان زیندوو ڕاگرتووە.
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش یەکێک لە ناوەندەکانی قەیرانی نیزامی سەرمایەدارییە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدا کە هێستا لەژێر باری ئاکامە قورسەکانی لەشکرکێشیی ئەمریکا بۆسەر ئەفغانستان و عێراق و شەڕ و کاولکاریی لە سووریە و ئاکامەکانی سەرکوتی خوێناویی ئاخێزە جەماوەرییەکان لەم ناوچەیە پشتی ڕاست نەکردووەتەوە، بۆ جارێکی تر لە ئاکامی کێبەرکێی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداریی جیهانی و دەوڵەتەکان و هێزە هاوپەیمانەکانیان، شەڕی جەمسەرە تیرۆریستەکانی پەرەپێداوە و ژیانی سەدان هەزار کەسی بەرەو تەباهی بردووە. هێرشی تیرۆریستیی ڕێکخراوی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ و بەدوایدا جنایاتی جەنگی و نەسلکوژیی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل لە غەززە دژبە خەڵکی فەلەستین بە پشتیوانیی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئورووپایی لە ناتۆ کە لەئێستادا زیاتر لە ٢٠ مانگە لەئارادایە، قۆناغێکی مەترسیدار لە شەڕ و ناسەقامگیریی بەسەر ئەم ناوچەیەدا سەپاندووە. دەوڵەتی ئیسرائیل لە درێژەی جیۆساید لە غەززە بە هێرشکردنی بۆسەر حیزبوڵڵا لە لۆبنان و دووبارە پێناسەکردنەوەی ئامانجەکانی شەڕ لە پێناوی پێکهێنانی نەزمێکی ناوچەیی دڵخواز و بۆ تێکشکاندنی یەکجاریی “هێزەکانی میحوەری موقاومەت” شەڕی بردە قۆناغێکی نوێوە. لە قۆناغی دواتری ئەم شەڕەدا، کە بە پلانی هاوبەشی دەوڵەتانی ئیسرائیل و ئەمریکا و بە هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆسەر ناوەندە ئەتۆمی و نیزامی و فەرماندەییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و شوێنە گشتییەکان دەستپێکرد و بە هێرشی بەرامبەری مووشەکی و درۆنی سپای پاسداران وڵامی وەرگرتەوە، سەدان کەس لە هاووڵاتییانی بێدیفاع لە ئێران و دەیان کەسی مەدەنی لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستدا، ملیۆنان کەس ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و وێرانییەکی بەرینی لێکەوتەوە. هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان ئەوپەڕی ملهوڕیی میلیتاریستیی ئەمریکا بۆ تەسلیم کردنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەژێرناوی “ئاگربەس”ی نیشان دا.
لەم ڕووەوە، شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، ڕێکخراو و ناوەندە کرێکارییەکان و زیندانیانی سیاسی و ئینسانە ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکان لە سەرتاسەری ئێران هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە بەهۆی ناسینی سرووشتی کۆنەپەرستانەی سیاسەتی لایەنەکانی ئەم شەڕە ڕایانگەیاند کە ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە مەحکوومە و دەبێ دەستبەجێ ڕابگیرێت.
هەروەک پێشبینیمان کردبوو و شەڕی دوازدە ڕۆژەش نیشانی دا، ئەم شەڕە جیا لە خەساری گیانی و وێرانییەکانی، بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگای خستە پەراوێزەوە، ڕەوتی پێگەیشتنی ئەم بزووتنەوانەی لە بواری خۆڕێکخستنەوە وەستاند و زیانی بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی گەیاند. لە جەریانی ئەم شەڕەدا، شەڵتەنەتخوازانی فاشیست، بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی و هەندێک لە ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان کە بە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و دەستوەردانی نیزامیی ئەمریکا بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەست بە دەست بوونی دەسەڵات لەسەرەوەی ئیرادەی خەڵک ئومێدیان بەستبوو، بۆ جارێکی تر قووڵایی نامۆبوونی سیاسەتەکانی خۆیان لەگەڵ بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی ئێران نیشان دا. بەپێچەوانەی تەسەور و پێشبینیی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستەکان کە پێیان وابوو بەدرێژەی هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل، خەڵکی ئێران وەک پیادەنیزامی ئەم شەڕە دەڕژێنە سەر شەقام و بەستێنی دەست بە دەست بوونی دەسەڵات لە سەرەوە بۆ ئەوان فەراهەم دەکەن، خەڵکی ئێران نهایەتی بلووغ و پێگەیشتوویی سیاسیی خۆیان نیشان دا.
کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە پشت بەستن بەو ئەزموونە بەنرخانەی کە بەدەستیان هێناوە و بە ئاگاداربوون لەو بابەتەی کە هێستا پێداویستیەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لە بواری ڕێکخستن و شکڵ دان بە ڕێبەریی سەرتاسەری ئامادە نەکراوە و بەهۆکاری ئەوەیکە چوون بۆ ناو نەبەردی نهایی لەدژی کۆماری ئیسلامییان بە پێشوەختە دەزانی، هیچ بایەخێکیان بە هات و هاواری تەبلیغاتیی میدیاکانی بورژوازی نەدا و قۆناغی شەڕ و نائەمنییان بە بەهێزکردنی هاوپشتی لە ناو ڕیزەکانی خۆیان تێپەڕاند. کرێکاران و ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران بە یەکگرتوویی و هاوپشتی و ڕێکخستن و هاوسۆزیی ئینسانی، ئامادەیی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەهامەتییەکانی شەڕ نیشاندا.
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە