
ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی مانگی پووشپەڕ عەلی خامنەیی لەدوای هاتنە دەری لە پەناگا، کە لە سەرەتای شەڕی ١٢ ڕۆژەوە واتە لە ٢٣ی مانگی پووشپەڕەوە بۆ ماوەی ٢٢ ڕۆژ خۆی حەشاردابوو، بۆ یەکەم جار بەئاشکرا سوخەنڕانیی کرد. خامنەیی یەکەمین سوخەنڕانیی خۆی بە حزووری موحسنی ئێژەیی سەرۆکی دەزگای قەزایی و باقیی بەرپرسانی ئەم ناوەندە سەرکوتگەرەی ڕژیم بەڕێوەبرد و لە وتارێکی خورافی و درۆینەدا دەستی کرد بە هەڕەشە و هەڵیت و پڵیت وتن. خامنەیی وتی: “خودا خەڵکی بۆ پشتیوانی کردن لە دەوڵەت و نیزام هێنایە مەیدان و بەپێچەوانەی تەسەوری دوژمن، خەڵک بە گیان و ماڵ پشتیوانییان لە نیزام کرد”. بەڵام خەڵکی تێکۆشەر لەم پەیوەندییەدا نە هاتنە سەر شەقام و نە لە ڕژیمی ئیسلامی پشتیوانییان کرد. بەڵکوو بە قایم کردنی هاوپشتی خۆیان، ئەم قۆناغە لە شەڕیان تێپەڕاند و هەنگاوێکی دیکەیان لە مەسیری ئامادەبوون بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی هەڵگرت. بەپێچەوانەوە، هەر ئەم هاوپشتییەی ناو ڕیزەکانی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران، خامنەیی و باقیی سەرانی ڕژیمی تۆقاندووە.
خامنەیی لەم کۆبوونەوەدا ئامانجی سەرەکیی خۆی لە یەکەمین دیداری ئاشکرا لەدوای هاتنەدەری لە پەناگا لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی دەزگای قەزایی باس کرد. ناوبراو داوای کرد “دادگا ناوخۆییەکان” بە توندی مامەڵە لەگەڵ کەسانێک بکەن کە لە سەردەمی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هەڵوێستیان لە دژی خواست و چاوەڕوانییەکانی ڕژیم گرت و ڕاستییەکانی شەڕیان دەربڕی یان بڵاویان کردەوە. لەم پێوەندییەدا خامنەیی وتی: دەسەڵاتی قەزایی دەبێ بە جددی و بە وردبینی و وریایی تەواو و بە لەبەرچاوگرتنی هەموو لایەنەکان لە ڕێگەی دادگا نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکانەوە بەدواداچوون بۆ تاوانەکانی ئەم دواییە بکات. وتیشی: “خەڵکی ئێران، بەتایبەتی گەنجان، کە لە دوای شەڕی ئەم دواییە شور و هەیەجانیان هەیە، نابێ بێ تاقەت بن؛ نابێ بڵێن بۆ وا نەبوو؟ بۆچی واتان نەکرد؟ بۆچی کارێک نەکرا؟ ڕەخنە و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بەرپرسانی نیزام بە بەشی نیزامی و دیپلۆماسیشەوە، دەگەڕێتەوە بۆ نەزانینی ئەوان. سەرەتا دەبێت زانیاریی دروست بەدەست بهێنن و بۆچوونەکانیان بە تۆنێکی گونجاو دەربڕن”. لە ڕوانگەی خامنەییەوە خەڵک دەبێ زانیارییەکانیان لە دەزگا تەبلیغییەکانی درۆ و ساختەکاریی ڕژیمی ئیسلامی بەدەست بێنن کە لە ڕوانگەی خەڵکەوە دەیان ساڵە هیچ ئیعتبارێکیان نییە.
لێدوانەکانی عەلی خامنەیی دانپێدانانە بە بوونی ڕەخنەی ناوخۆیی و دەرەکی و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیاسەت و کردەوەی بەرپرسانی نیزامی و دیپلۆماسی حکوومەتی ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ شکستی شەرمەزارانەی کۆماری ئیسلامی لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیلدا. واتە ئەو شەڕەی کە تێیدا بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ ئاسمانی ئێران بە بێ هیچ سیستەمێکی بەرگری لە ئیختیار و کۆنتڕۆڵی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا بوو. ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە پلە بەرزەکانی سپای پاسداران، ئەرتەش و زانا ئەتۆمییەکانی ڕژیم کوژران. دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ناوەندە حکوومەتییەکانی دیکە زەربەی سەخیتیان بەرکەوت. وە خامنەیی و باقیی بەرپرسانی ڕەوانەی پەناگا کرد. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانە خامنەیی بێشەرمانە ئیدیعای سەرکەوتن لەو شەڕەدا دەکات. ئامانجی خامنەیی لە وتنی ئەوەیکە بەرپرسانی دەزگای قەزایی لە دادگا ناوخۆییەکانیشدا جنایاتی ئەم دواییە بە وردی و بە هوشیاریی تەواوەوە پەیگیری بکەن، شتێک نییە بێجگەلە چرای سەوز دان بۆ سەرکوتی هەرجۆرە دەنگێکی ڕەخنەگر و ناڕازی لە پەیوەند لەگەڵ شەڕی ئەم دواییە، چ لەناو دەزگای حکوومەتدا و چ لەناو خەڵکی ئاساییدا. هەڵبەت دەزگای گەندەڵی قەزایی حکوومەتی ئیسلامی، بەدوای شکستی سەرشۆڕانەی نیزامی و دیپلۆماسی، وەک هەمیشە بە ئامانجی پێکهێنانی فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگا و کپ کردنی هەر دەنگێکی دژبەر و ناڕازی، بە سەپاندنی تۆمەتی “جاسووسی بۆ ئیسرائیل” بە بێ هیچ دەلیل و بەڵگەیەک، دەستی کرد بە پەرەپێدانی حوکمی ئێعدام بۆ بەندکراوان و زیندانی درێژماوە بۆ چالاکانی بزووتنەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییەکان.
خامنەیی لە بەشێکی تر لە سوخەنڕانییەکەیدا وێڕای تاریف کردن و پێهەڵکوتن بە شەڕ ئیدیعای ئەوەی کرد کە شەڕ بووەتە هۆی “وەحدەتی مەزنی میللی” لە ئێران و لە دەزگای قەزایی داوای کرد کە ئەم بەناو “وەحدەتە” بپارێزێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئاکامی شکستی ئاشکرای کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ١٢ ڕۆژە، بۆشایی و دەرەی گەورەی نێوان خەڵک و حکوومەتی قووڵتر کردووەتەوە. ئەم شەڕە بێ کفایەتی و بێ لیاقەتیی کۆماری ئیسلامی بەرچاوتر نیشان دا. ئیدیعای درۆینەی “ئیقتداری حکوومەتی ئیسلامی” عەلی خامنەیی و تەبلیغات و هەڵیت و پڵیتی فەرماندەکانی سپای پاسدران واتە “ئەگەر ڕژیمی سەهیۆنیستی هەڵەیەک بکات، ئیسرائیل نابوود دەکەین”، هەر هەموویانی لەبەرچاوی خەڵک وەدرۆ خستنەوە. ئاکامەکانی ئەم شەڕە کورتە نیشانی دا کە دەوڵەتی ئیسرائیل تۆڕێکی بەرینی لە مۆرەکانی خۆی لەئاستی باڵای ڕێبەریی سیاسی و فەرماندە گەندەڵە نیزامییەکانی ڕژیمی ئیسلامی و باقیی ئاستەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێکخستووە. کە ئەوەش خۆی ڕەنگدانەوەی ڕیشەداکوتانی گەندەڵی لەناو پێکهاتەی حکوومەتی ئیسلامیدایە.
ڕۆژی دوای ئەم کۆبوونەوەیە، موحسێنی ئێژەیی جنایەتکار بۆ ئیجرایی کردنی دەستووراتی خامنەیی، سەرۆکەکانی دادگوستەری و دادستانەکانی ناوەندی پارێزگاکانی بانگ کرد و بۆ ئەوان لە پەیوەند لەگەڵ پەروەندەی تۆمەتبارانی شەڕی ١٢ ڕۆژە دەستووراتێکی دەرکرد. ئەو وتی: “فەرمایشاتی ڕێبەری مەزن بۆ هەموو ئێمە بەرپرسانی قەزایی چرای هیدایەتگەری ڕێگایە. بەدواداچوون بۆ جنایاتی ئەم دواییە، لە سەرەکیترین داواکارییەکانی ڕێبەرە”. ئێژەیی وتی، خێراکردنەوە و زوو یەکلاییکردنەوەی پەروەندەکانی پەیوەندار بە ڕژیمی سەهیۆنیستی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و نابێ بە هیچ شێوەیەک وەدرەنگی بکەوێ.
وتەکانی خامنەیی و هەوڵەکانی ئێژەیی قاتڵ نیشانەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بەدوای شکستی زەلیلانەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، بۆ جارێکی تر دەیهەوێ بە پەرەپێدانی ئێعدام و پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگا، کرێکاران و باقی توێژە ناڕازییەکان لە بارودۆخی فەلاکەتبار، بێکاری، گرانی، هەژاری و برسیەتی و نەبوونی ئازادی لە ژێرناوی “جاسووسی ئیسرائیل”دا سەرکوت بکات تا دەسەڵاتە نگریسەکەی بۆ ماوەیەکی تر درێژە بدات. دەسەڵاتدارانی دز و گەندەڵی ڕژیم نایانهەوێ قبووڵی بکەن کە هاوسەنگیی هێزی ئێستا بە قازانجی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش گۆڕاوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێستا لەوپەڕی لاوازی و زەبوونیدا کەوتووەتە بنبەستەوە و ڕێگایەکی بۆ تێپەڕین لەو قەیرانە هەمەلایەنانەی کە بەرۆکیان گرتووە، نییە. لە وەها بارودۆخێکدا بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرامبەر شەپۆلی نوێی گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدامدا دەست لەسەر دەست دانانێن و بە دەستپێکردنەوە و درێژەدانی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان، کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە دەکەن. بێگومان مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییەکان بە ئاراستەیەکی هێرشبەرانەترەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەخەنە ژێر فشارەوە و لەسەر بەستێنی ئەم خەباتە، پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ئامادە دەکەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە