فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆماری ئیسلامی بەدستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان
سێشەممە ۳۱-۰۴-۱۴۰۴   |  22-07-2025

هەڕەشە و فشارەکانی سێ وڵاتی ئورووپایی باقیماو لە بەرجام بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای دانوستانە ئەتۆمییەکان، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ناچار کردووە بەبێ مەرج بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەوە لە کاتێکدایە کە یەک هەفتە دوای کۆتایی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی، کە تێیدا ناوەندە ئەتۆمییەکان هێرشیان کرایە سەر، ڕژیم هاوکاریی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاگرت و تیمی پشکێنەرانی ئاژانسی دەرکرد و چاوەدێریی ئەم ئاژانسە بەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیدا ڕاگیرا. جگە لەوەش خولی شەشەمی دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا سەبارەت بە قەدەغەکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمیش هەڵوەشایەوە. هەفتەی ڕابردوو ترامپ ڕایگەیاند: بە سەرنجدان بەوەی کە زۆربەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئیسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ لە بۆردومانەکەدا لەناوچوون، کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆی بدات و هیچ پەلەیەکمان نییە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا. بەڵام ڕژیم ناچار دەبێت دانوستان لەگەڵ ئێمە بکات”. هەڵبەت لەم ماوەیەدا ئەمریکا سزای دیکەی بەسەر کۆمپانیا و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا سەپاندووە.

لە لایەکی دیکەوە، دوای ڕاگیرانی هاوکارییەکانی ڕژیم لەگەڵ ئاژانس، کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەو دەسەڵاتە ئورووپاییانەی لە ڕێککەوتنی بەرجامدا ماونەتەوە، یەکجار کەوتووەتە ژێر فشارەوە. شۆرای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەپێی ڕاپۆرتی ڕافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس، ٢١ی جۆزەردان بەر لە هێرشی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، بڕیارنامەی سێ دەوڵەتی ئورووپایی ئەندامی بەرجام (فەڕانسە، ئاڵمان، بریتانیا)، لە مەحکووم کردنی بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرد. شۆرای حوکام هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی کرد کە مێکانیسمی ماشە چالاک دەکاتەوە و هەموو سزا هەڵگیراوەکان دەگەڕێنێتەوە. ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردان کۆماری ئیسلامی بە ناردنی یاداشتێک بۆ ئەندامانی شۆرای حۆکام ڕاپۆرتەکەی گرۆسی ڕەتکردەوە و بە تێپەڕاندنی دەسەڵاتی خۆی و لایەنگری کردن لە ئیسرائیل تۆمەتباری کرد.

لە درێژەی ئەو گوشارانەدا، ڕۆژی هەینی ٢٧ی مانگی جۆزەردان، سێ حکوومەتی ئورووپایی ئاماژەپێکراو لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، هۆشدارییەکی جددی و ئۆڵتیماتۆمیان بۆ کۆماری ئیسلامی دەرکرد و ڕایانگەیاند: ئەوان کاتێکی زۆریان نییە و کۆماری ئیسلامی دەبێ دەستبەجێ وتووێژە ئەتۆمییەکان دەست پێ بکاتەوە. ئەگەر تا کۆتایی مانگی ئاگۆست (٩ی خەرمانان) نەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان و ڕێوشوێنی ڕوون و بەرچاو سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠% نەگرێتەبەر، میکانیزمی ماشە چالاک دەکەن”.

هەر لەو پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عەراقچی بە لەحنێکی توند تەئکیدی کرد کە “ئورووپا سوورە لە دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماتیک لەگەڵ ئێران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر دانوستانەکان شکست بێنن، میکانیزمی ماشە چالاک دەکەین”. بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی ١٣٩٤دا پەسەندکرا، دوا وادەی چالاککردنی میکانیزمی ماشە ٢٦ی ڕەزبەر (١٨ی ئۆکتۆبەر) کۆتایی دێت. ئەگەر میکانیزمی ماشە چالاک بکرێت، هەموو گەمارۆ هەڵگیراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتی ئورووپا دژی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێنرێنەوە بێ ئەوەی هیچ وڵاتێکی ئەندامی شۆرای ئەمنیەت حەقی ڤیتۆی لەسەر بەرجام هەبێت. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا خۆی لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دزیوەتەوە و هەوڵی داوە بە تێپەڕاندنی کات ئەم مۆڵەتە کۆتایی پێبێنێت و بەرنامە ئەتۆمییەکانی درێژە بدات.

دوای ئۆڵتیماتۆمەکەی دەوڵەتانی ئورووپایی، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەوانە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ڕژیم کە لەم ماوەیەدا بە گرتنەبەری هەڵوێستی ناتەبا شەرت و مەرجیان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەم دەوڵەتانە دیاری دەکرد، لەئێستا بەپەلە و بە بێ هیچ مەرجێک حازر بوون دانوستانەکان لەئاستی جێگری وەزیرانی دەرەوەدا لەگەڵ ئەم سێ دەوڵەتە و نوێنەرانی یەکیەتی ئورووپا درێژە بدەن. هەر لەو پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سپای پاسداران ڕایگەیاند کە بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕێککەوتن کراوە بۆ وتووێژەکان، بەڵام کات و شوێنی دانوستانەکان دیاری نەکراوە. بەڵام ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمی ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی مانگی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە وتووێژەکان ڕۆژی ٢٥ی جولای لە ئیستانبوڵ بەڕێوە دەچێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە عەباس عەراقچی چەند ڕۆژ لەمەوبەر سەبارەت بە خولی نوێی دانوستانەکان ڕایگەیاندبوو: “میکانیزمی ماشە هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی و یاسایی نییە و چالاککردنیشی هاوتایە لەگەڵ هێرشی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی. بۆیە مەرجێکی پێشوەختە بۆ هەر خولێکی نوێی دانوستان ئەوەیە کە یەکیەتیی ئورووپا دەستبەرداری سیاسەتی بەسەرچووی هەڕەشە و گوشار بێت، بۆ نموونە مێکانیسمی گەڕاندنەوەی ئۆتۆماتیکی گەمارۆکان”.

بەدەر لە هەڵیت و پڵیتەکانی عەراقچی، لە وەها هەلومەرجێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە پێگەیەکی زۆر لاواز و بەرگریکارانەدایە، بە پێچەوانەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی عەلی خامنەیی، دەبێ بە دەستی بەتاڵ بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی بەرجام و ناچار بێت مەرجەکانی ئەم سێ حکوومەتە و یەکیەتیی ئورووپا قبوڵ بکات. بۆ نموونە یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی شوێنی ٤٠٠ کیلۆگرەم یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا ٦٠ ئاشکرا بکات و هاوکاری تەواو لەگەڵ پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بکات و هەنگاوی دیار و بەرچاو هەڵگرێت.

ئەم هۆشدارییەی حکوومەتە ئوروپییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئابووری ئێران داناوە و بەهای دراوی ئێرانی بەرامبەر بە دراوی بیانی زیاتر دابەزاندووە و نرخی پێداویستیەکانی خەڵکی بەرز کردووەتەوە. “صبح صادق” نەشریەی ناوخۆیی جێگری سیاسیی سپای پاسداران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی مانگی پووشپەڕ لە بابەتێکدا باسی لە شەپۆلی قورسی هەڵاوسان لە دوای چالاک بوونی مێکانیسمی ماشە کرد و نووسیی کە تەنانەت بەر لە چالاک کردنی، کەشێکی دەروونیی توند بەسەر کۆمەڵگای ئابوورییدا سەپاوە. دەبێ هەر لە ئێستاوە لە بەربەستەکانی موعاملاتی دۆلاری و لە چوونەدەری سەرمایە لە وڵات ڕێگری بکرێت. ئەم نەشریە لە درێژەی بابەتەکەیدا بەشێوەیەکی بێوێنە نووسیی کە پێویستە تۆنی سیاسەت داڕشتن لە “هیواسازیی موتڵەق” (کە مەبەست وتەکانی خامنەییە) بۆ ئامادەکردنی دەروونیی کۆمەڵگا بگۆڕێت. سەفەری لەناکاوی عەلی لاریجانی ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی بۆ مۆسکۆ و دیدارەکەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ لەگەڵ پوتین، پەیوەندی بە نیگەرانییەکانی ڕژیم لەم بوارەدا بووە. هەرچەندە ناوەڕۆکی ئەم وتووێژانە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئاژانسی هەواڵی فەڕانسە بڵاوی کردەوە کە بابەتی دیداری لاریجانی لەگەڵ پوتین باسێک سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی بووە.

چاودێرانی ئابووری لەو باوەڕەدان کە میکانیزمی ماشە یان (snapback) ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابووری و ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی، بازرگانی و مامەڵەکانی دارایی ئێران دەبێت و ئامانجی سەرەکیش گۆڕینی ڕەفتاری سیاسی و قبوڵکردنی مەرجی نوێ لەسەر مێزی دانوستان دەبێت و چارەنووسی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی دیاری دەکات. بەڵام ئەگەر سەپاندنی گەمارۆی جنایەتکارانەی ڕۆژاوا و ئەمریکا ئاکامی سیاسەتی شەڕخوازی و زێدەخوازیی کۆماری ئیسلامییە، بەڵام دووکەڵەکەی ساڵەهای چووتە چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانەوە. لە کاتێکدا کە حەقی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ئاستی ١٠ بۆ ١٥ ملیۆن تمەندایە، هەزینەی سەبەدی بژێو بۆ یەک بنەماڵە گەیشتووەتە سەرووی ٤٨ ملیۆن تمەن. هەڵبەت بۆ دەسەڵاتدارانی دز و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی و سەرمایەداران، دانوستانە ئەتۆمییەکان ساڵەهایە بووەتە ئامرازێک بۆ کەڵەکە کردنی سەرمایە و درێژەدانی دەسەڵاتە نگریسەکەیان.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv