
بە پێی ڕاپۆرتەکان، “سۆران قاسمی” لە مامۆستایانی خۆبەخش و تەمەن ۲۸ ساڵ و “پژمان سوڵتانی” تەمەن ۳۰ ساڵ، دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی شاری بۆکان لە حەفتەی ڕابردۆوە لە بەندی سیاسی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ بەندی گشتیی ئەو زیندانە گواستراونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، گواستنەوەی بە ئەنقەستی سۆران قاسمی و پژمان سوڵتانی بۆ بەندی گشتیی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بووەتە هۆی گوشاری دەروونی زیاتر و نەبوونی ئاسایش بۆ ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە. جێگای ئاماژەیە، مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، سۆران قاسمی لە مامۆستایانی خۆبەخش، بە تۆمەتی “بەغی”، “موحاربە” و “سەرکردایەتی و پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری باغی” لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ، حوکمی ۳ جار لەسێدارەدران و ۱۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها پژمان سوڵتانی لە لایەن هەمان دادگا بە تۆمەتی “بەغی” و “موحاربە” سزای ۲ جار لەسێدارەدران و ۱۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. ناوبراو پێشتر لە دۆسیەیەکی دیکە لە لایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە تازەلاوانی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرابوو.