
ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤، خەبات ئەمینی، سێهەمین چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە، بە هۆی سەختیی برینەکانی بە هۆی سووتان لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری کێوی ئاویەر، لە نەخۆشخانەی “کەوسەر”ی سنە گیانی لەدەست دا.
هەروەها ڕۆژی یەکشەمە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، چیاکۆ یووسفی نژاد، چالاکی ژینگەپارێزی و خەڵکی شاری سنە، کە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە بەرزاییەکانی ئاویەر تووشی سووتانی قووڵی جەستەیی ببوو، پاش چوار ڕۆژ بە هۆی قوڵی برینەکانییەوە، لە بەشی چاوەدێریی تایبەت ICU نەخۆشخانەی کەوسەر گیانی لە دەستدا. ئەم چالاکی ژینگە پارێزییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژ، لە ئەنجامی هەوڵدان بۆ کونترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوە لە بەرزاییەکانی ئاویەر، لەگەڵ چەند چالاکێکی دیکە بە ناوەکانی “موحسین حسێن پەناهی”، “حەمید مورادی”، “خەبات ئەمینی”، “ئاریاس سەلیمی” و “سەید مستەفا هوژبەری” تووشی ڕێژەی زۆری سووتان بوون. جێگای ئاماژەیە، حەمید مورادی، چالاکی ژینگەپارێزی و پارێزەری دادگوستەری خەڵکی سنە کە لە ڕەوتی کونتروڵکردنی ئەم ئاگرکەوتنەوانە تووشی ڕێژەی زۆری سووتان بوو، پاش گواستنەوەی بۆ بەشی چاوەدێرییەکانی تایبەت لە نەخۆشخانەیەکی سنە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی گیانی خۆی لەدەستدا. ئەم ئاگر کەوتنەوە دەورووبەری کاتژمێر ١٣:٣٠ دوانیوەڕۆ ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لە دەورووبەری پشتی پارکی منداڵان دەستی پێکرد و بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دەورووبەری شەهرەکی زاگرۆس و حەسەن ئاوا بڵاو بوویەوە و سەرەڕای خێرایی بڵاوبوونەکە، ئۆپراسیۆنی کونتروڵکردنی ئاگرەکە بە شێوەیەکی تەواو لەلایەن هێزەکانی خەڵکی و چالاکانی ژینگەپارێزی جێبەجێ کراوە.