
ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لانیکەم ١٤ کۆبوونەوەی ئێعتڕازی جۆراوجۆر، لە شارەکانی ئێران لەئاست نالەباربوونی بارودۆخی گوزەران، گرانی، ئاوسان و هیتد بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆمەڵێک لە خوازیارانی یەکەی نیشتمانی لە کاشان و ژمارەیەک لە سەنعەتکاران و نانواییەکان بە شێوەی جیاجیا لە شاری تاران، لەئاست بارودۆخی نالەباری ژیانیان و پێڕانەگەیشتن بە کێشە و گرفتەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. هەر لەم پێوەندەدا، کۆمەڵێک لە کرێکاران و کارمەندانی شیرکەتی نەوت و گازی پارس لە سایتی ١ی عەسەلویە، سایتی ٢ی کەنگان، پاڵاوگەی فەجری جەم، هەروەها کرێکارانی شاغڵ لە پاڵاوگەکانی ١، ٢، ٧، ٩ و ١٢ی دامەزراوەی گازی پارسی جنووبی، لەبەرامبەر ستادی ناوەندیی ئەم شیرکەتە دەستیاندایە کۆبوونەوە. لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی وەزان لە ئێرانشار، لەئاست پەرداخت نەکرانی حەقدەست و مەزایاکانیان، دەستیان لەکار کێشایەوە و مانیان گرت. هەروەها ڕۆژی ڕابردوو، کۆمەڵێک لە شاترانی نانواخانەکان لە کاشان، لەئاست پێڕانەگەیشتن بە کێشە و گرفتەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.