برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە سنووری بانە
چوارشەممە ۰۸-۰۵-۱۴۰۴   |  30-07-2025

ئێوارەی سێشەممە ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کۆڵبەرێک بە ناوی بەهرام (نازناو نادیار)، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵكی گوندی “میک”ی سەر بە شاری سەقز و دانیشتووی ترخاناوای بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە سنووری “ئەشتەراوا”ی سەر بە ناوچەی نەنۆڕی بانە بە سەختی بریندار كراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەکانی ڕژیم لە كاتێكدا تەقەیان لەم كۆڵبەرە كردووە كە لە ڕێگەی ڕۆیشتن بۆ كۆڵبەری بووە و هیچ بارێكی پێ نەبووە. شایانی باسە، ئەم كۆڵبەرە بریندارە سەرەتا بۆ چارەسەری پزیشكی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی بانە، گواسترابوویەوە، بەڵام بە هۆی قووڵی برینەكانی بۆ یەكێك لە نەخۆشخانەكانی سەقز گواستراوەتەوە و لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی دایە.